كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

زەویوزاری گوندێکی ناحیەی لەیلانیش مەترسیی داگیرکردن و تەعریبی لەسەرە

''دوو هەفتە جارێک 15 خێزانی عەرەب لە سنووری لەیلان نیشتەجێ دەبن"

ناحیەی لەیلان یەكێكە لە ناحیەكانی سەر بە پارێزگای كەركووك كە خاوەندی دەیان گوند و زەوییەكی زۆری كشتوكاڵییە، عەرەبە هاوردەكان جارێكی تر هەوڵی داگیركردنی زەویی كشتوكاڵی گوندێكی كوردان دەدەنەوە و بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناوچەكە ئەوە دەخاتە ڕوو كە هەر ئەو گوندەش نییە، بەڵكوو كێشەی تەعریب و داگیركردنی زەویوزار لە چەند گوندێكی دیكەش هەیە.

لەم بارەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 21/11/2021، ڕێباز تەرجەلی، جووتیارێكی گوندی تەرجەلی سەر بە ناحیەی لەیلانە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دیارە عەرەبە هاوردەكان سكاڵایان لە دادگا تۆمار كردووە بۆ داگیركردنی زەویی كشتوكاڵی گوندی تەرجل، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانە یەكەم جاریشیان نییە، ئەمە لە كاتێكدایە كە زەوییەكان هی جووتیارانی كوردی ئەو گوندەیە و عەرەبەكان داوای قەرەبووكردنەوەش دەكەن و ئێستاش كە وەرزی جووت و كێڵانی زەوییە، هەوڵەكانیان جارێكی تر دەست پێكردووەتەوە".

گوتیشی: "خەڵك لەناو گوندەكە ماوەتەوە، بەڵام عەرەبە هاوردەكان تەنیا چاویان لە بەشێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی گوندەكەیە کە كاری كشتوكاڵیی لەسەر بكەن".

گوندی تەرجل دەكەوێتە نزیك كارگەی چیمەنتۆی لەیلان و شوێنێكی ستراتیژییە و خاوەنی زەویوزارێكی زۆری كشتوكاڵییە و عەرەبە هاوردەكان تەنیا چاویان نەبڕیوەتە زەویوزاری ئەو گوندە بۆ ئەوەی داگیری بكەن، بەڵكوو كاریان بۆ داگیركردنی زەویوزاری چەند گوندێكی دیکەی سنووری ناحیەی لەیلان كردووە".

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ یەكشەممە 21/11/2021، سەباح محەمەد، بەرپرسی كۆمیتەی لەیلانی یەكێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دیارە ئەو تەعریبەی كە لە سنوورەكانی دووبز و داقووق بەڕێوە دەچێت، لە سنووری لەیلانیش هەمان تەعریب و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری جووتیارانی كورد لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە هەیە و ئەو عەرەبانە مانگانە، یاخود دوو مانگ جارێک، فشار دەكەن بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە و كار كراوە كێشەی زەویوزاری گوندی تەرجل چارەسەر بكرێت".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێستا وای لێهاتووە دوو هەفتە جارێک زیاتر لە 15 ماڵی عەرەب دێنە سنووری لەیلان و لە گوندەكان نیشتەجێ دەبن، هەروەها لە مەزرەعەكانی سنوری لەیلان بەناوی كاركردنەوە، تەعریب تەواو زیادی كردووە و لە لەیلانیش پەرەی سەندووە".

ئاشكراشی كرد: "لە سنووری لەیلان لە ژمارەیەك گوند هێشتا مەرترسیی تەعریبیانلەسەر  ماوە و عەرەبەكان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان بگەڕێنەوە".

بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان داگیر كرد، ئیتر لەو كاتەوە تاكوو ئێستا پرۆسەیەكی چڕی تەعریب لە پارێزگای كەركووك بەڕێوە دەچێت.

لە كاتی ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب، حزبی بەعس هەزاران خێزانی عەرەبی لە شارەكانی تری عێراقەوە هێنابووە كەركووك و نیشتەجێی كردن و هەموو ئیمتیازاتێكی پێدان، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەشی بەرچاوی ئەو عەرەبانە هەر خێزانێك و لە چوارچێوەی قەرەبووی مادەی 140دا بڕی 20 ملیۆن دیناریان وەرگرت و گەڕانەوە زێدی خۆیان، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەو عەرەبانە گەڕاونەتەوە و زیاتر ئێستا بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری جووتیارانی كورد دەگەڕێنەوە و ئێستاش جارێكی تر هەوڵی داگیركردنی زەویوزاری جووتیارانی سنووری ناحیەی لەلایەن دەدەن.