بۆ پاكتاوكردنی قەرزی كارەبای دامودەزگاكانی حكوومەت، وەزارەتی دارایی بڕیار دەدات، هەر فەرمانگەیەك قەرزەكان نەگەڕێنێتەوە، پێشینەی مانگانەی رابگیرێت.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە 10/11/2021 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئاماژە بە گشتاندنێكی دارایی كراوە، بۆ پاكتاوكردنی قەرزی كارەبای دامودەزگاكانی حكوومەت.
وەزارەتی دارایی، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە، هەر فەرمانگەیەك و وەزارەتێك قەرزی ساڵانی رابردوو نەگەڕێنێتەوە، ئەوا پێشینەی مانگانەی رادەگیرێت.
لە نووسراوەكەدا هاتووە: "تایبەت بە یەكلاییكردنەوەی قەرزی كارەبای ساڵانی رابردووی گشت وەزارەت و دامودەگاكان، لە ماوەی یەك مانگ قەرزەكە نەگەڕێننەوە، ئەوا بەپێچەوانەوە، پێشینەی مانگانەیان لەلایەن گەنجینەكانەوە رادەگیرێت".
مانگانە هەر وەزارەت و فەرمانگەیەك لەلایەن وەزارەتی دارایی بڕێك پارەی بۆ خەرجییەكانی بەناوی پێشینەی مانگانە بۆ خەرج دەكرێت.
بەپێی نووسراوەكە، هەر فەرمانگەیەك قەرزی ساڵانی پێشووی كارەبا تاوەكوو 10/12/2021 نەگەڕێنێتەوە، ئەوا پێشینەی مانگانەیان رادەگیرێت.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەگشتی، لە هەرێمی كوردستان یەک ترلیۆن و 300 ملیار دینار قەرزی كارەبا لای خەڵك و دامودەزگاكانی میری و شوێنە بازرگانی و كشتوكاڵی و پیشەسازییەكان هەیە.
