كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
لوقمان بەرزنجی 20/11/2021

مەسرور بارزانی گوتی: من کوردم

وا بزانم هیچ تاکێکی کورد نیە پرسیاری ئەوەی لێ نەکرابێت: بۆ دەڵێی کوردی عێراقم و بۆ ناڵێی عێراقیم؟ من بۆ خۆم زۆر جار ئەو پرسیارەم لە لایەن عەرەب و عێراقیەکانەوە لێ کراوە: ”بۆ دەڵێی کوردی عێراقم؟ بۆ ناڵێی عێراقیم؟ چیە! شەرمت لێ دێ گەر بڵێی عێراقیم؟“ بەردەوام وەڵامم ئەوە بووە كە من سووکایەتی بە هیچ وڵات و گەلێک ناکەم و خۆشم لە هیچ وڵات و گەلێک بە کەمتر نازانم، هەتا بێم و سووکایەتی بە ناوی عێراق بکەم یا شەرمم لە ناوهێنانی هەبێت، ئەوەتا گوتوومە: ”من کوردی عێراقم“.

بەڵام تۆی عێراقی چەند سوودت لەو عێراقە بینیوە تا منێکی کورد سوودم لێ دیبێت؟ با ئەوەش پرسیاری من بێت بۆ تۆ . پێم گوتوون: ”من ناسنامەی وڵاتێک هەڵدەگرم ناوی عێراقە، عێراقیش لە دیدی هەموو عەرەب و دونیاوە، وڵاتێکی عەرەبیە، ئەندامە لە کۆمکاری عەرەبی و ئەندامە لە ڕێکخراوی کاری ئیسلامییش، عێراق وەک دەوڵەتێکی ئیسلامی و عەرەبی ناسراوە، ئەندامە لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەک وڵاتێکی عەرەبی پێناسەی دەکەن، عێراق ئەندامە لە هەرچی ڕێکخراوی عەرەبی و ئاسیاوی هەیە، هەموو ئەوانەش عێراق وەک دەوڵەتێکی عەرەبی دەناسن، کەواتە ناسنامەی نەتەوایەتی و ئایینیی من لە کوێیی ئەو عێراق عەرەبیەیە؟

کە دەڵێم ئایینی، مەبەستم ئەوەشە بڵێم کورد چەندێک لە ئایین و ئایینزای جگە لە موسڵمانی هەیە، ناکرێ من هەموو تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی خۆم بسڕمەوە لەپێناو بەرز ڕاگرتنی وڵاتێک كە هەموو دونیا بە (عێراقی عەرەبی) دەیخوێنێتەوە، منیش ناسنامەی خۆم بە دەستی خۆم بسڕمەوە. ئەو جۆرە بیركردنەوە شۆڤینیەتە تەنیا لە وڵاتانی دەوروبەری کوردستان ماوە کە هەمووشیان موسڵمانن و زۆرینەی کوردییش موسڵمانی سوننەمەزهەب و شافیعیین. ئەوانەی نایانەوێ ئەو عێراقە لەسەر بنەمای برایەتی و شەراکەت دروست بێت، با بچن مێژووی نەتەوەکانی سویسرا و هۆڵەندا و بەلجیکا هەتا هەرێمی بایەر لە ئەڵمانیا بخوێننەوە کە بە ڕەگەز ئەڵمانن، بەڵام کاتێک لێی دەپرسی: تۆ کێیت؟ دەڵێ: ”من بایەریم و ئەڵمانم“، كەواتە کوردیش مافی خۆمانە بەرگری لە ناسنامەکەمان بکەین.

بینیمان لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەی هەفتەی ڕابردوو کە لە دهۆك بەسترا. پێشکەشکاری ئەو پانێلە تایبەتەی کە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دا، دەربارەی ناسنامەی نیشتیمانی لە مەسرور بارزانیی پرسی: تۆ کوردیت یا عێراقیت؟
بەرێز مەسرور بارزانییش بە هەمان خێرایی پرسیارەکە وەڵامی دایەوە و بە پۆختی و كوردی گوتی: ”من کوردم و لە عێراقێكی دروستكراودا دەژیم“، گوتیشی: ”تەمەنی ئەم عێراقەی ئێستا سەد ساڵێک دەبێت، بەڵام ئێمەی کورد مێژووێکی دێرینمان هەیە، لەبەر ئەوە دەڵێم من کوردم“.

دوای ئەم وەڵامەی مەسرور بارزانی، هەڵایەکی گەورە لە سۆشیال میدیای عێراقی دروست كرا، بەتایبەتی لە كەناڵگەلی تەلەڤزیۆنەكانی عەرەبە شوڤینیەکانەوە، ئەوانەی لەو عێراقەی ناویان ناوە (عێراقی تازە و شەراکەت!) هێشتا لەو عەقڵیەتە شۆڤینیە دەربازیان نەبووە، تا ئیستاش بە چاوی داگیرکەر و ئاغای خەڵکی کوردستان تەماشای خۆیان دەکەن، وا دەزانن کورد کۆیلە و خزمەتکاری ئەوانن لەو عێراقە بێسەروبەرەدا، یان پێیانوایە کورد لەو عێراقە دەخیلە وەک چۆن بەشار ئەسەد و بەعسە شۆڤینیەکەی، کوردی ڕۆژئاوا بە کۆچبەر و دەخیل پێناسە دەکەن و زۆرێکیان تا ئیستاش ڕەگەزنامەی سوورییان پێ نەدراوە، ئەو شۆڤینیستە عێراقیانەش دیارە خۆیان وەک ئەسیادی کورد تەماشا دەکەن.

ئەگینا ئەو ڕستەیەی بەڕێز مەسرور بارزانی هیچ نایاساییەک و هیچ تەحقیرێكی بۆ عێراق تێدا نەبوو تا بیکەنە ئەو هەڵایە، بۆیە ئەوانەی ئەو هەڵایەیان لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ناوەتەوە، چاکتر وابوو بچن کەمێك خۆیان ماندوو بکەن، بنەمای تێگەیشتن لە ناسنامەی نیشتمانی و هاووڵاتیبوون و ناسنامەی عێراقیبوون و بنەماکانی جاڕی گەردوونیی مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتیبوون بخوێننەوە. وەڵامەکەی بارزانی جگە لە پێداگرتن لەسەر مەسەلە نەتەوەیی و ئینتیما کوردستانیەکە لە هەمان کاتدا دووپاتی ئەوەشی کردەوە کە نابێت ئاوا بەو چاوەوە تەماشای ئیرادەی گەلێک بکرێت، هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک سزای بدەن و ئەو مافانەی لێ زەوت بکەن کە لە دەستووری خودی عێراقدا هاتووە.