دەرماڵەی پێنج مانگی بنكه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر خەرج دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دەرماڵەی پێنج مانگی بنكه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر خەرج دەکرێت

 لەسەر داوای وەزارەتی گواستنەوە، وەزارەتی دارایی ڕەزامەندیی خەرجکردنی دەرماڵەی پێنج مانگی پێشووتر بۆ فڕۆکەخانە دەدات.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە 1/11/2021 ڕەوانەی نووسینگەی وەزیری دارایی کراوە و کۆپییەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای هەبوونی ڕەزامەندی، بەڵام دەرماڵەی هاندان و تایبەت بۆ بنکەی فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ مانگەکانی 7 و 8 و 9 و 11 و 12ی ساڵی 2020 خەرج نەکراوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە ئەو دەرماڵەیه لەلایەن گەنجینەی هەولێر خەرج ناکرێ، لەکاتێکدا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی خەرج کراوە.

یاسین عەبدولواحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "وەزیری دارایی ڕەزامەندیی لەسەر ئەو نووسراوە و خەرجکردنەوەی ئەو دەرماڵانە کردووە و نووسراو بۆ ژمێرکاری کراوە، بۆ خەرجکردنی پارەکه".

دەرماڵەکە لەنێوان 200 هەزار، 250 هەزار بۆ 500 هەزار دیناره، بۆ فەرمانبەرانی فڕۆکەخانە و ئاسایش و پاسەپۆرت و تەندروستی و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و بنکەی تەندروستیی فڕۆکەخانە خەرج دەکرێ.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی گەنجینەی هەولێر به (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆیه دەرماڵەی پێنج مانگی ساڵی ڕابردووی هاندانی تایبەت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خەرج نەکراوە، چونکە ئێمە لەلایەن وەزارەتی دارایی هیچ فەرمانێکی خەرجکردنمان بۆ نەهاتبوو، ئێستاش ڕەزامەندی دراوە و چاوەڕوانی گەیشتنی نووسراوی فەرمیین بۆ خەرجکردنی پارەکە".

ئەو سەرچاوە باسی لەوەش کرد، دەرماڵەکە خەرج دەکرێت تەنیا دەرماڵەی ئەو پێنج مانگەی ساڵی ڕابردوو خەرج نەکراوە و ئەویش خەرج دەکرێ.