كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 17/11/2021

بە بۆمبەوە داوای مافی پەنابەری ناكرێت

ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، برادەرێك ھەرچۆنێك بوو خۆی گەیاندبووە سویسرا و لەوێ داوای مافی پەنابەریی كردبوو، كە لە ڕێگەی وەرگێڕەوە پێیان گوتبوو، بۆچی داوای ئەم مافە دەكەیت و ئەگەر مافی پەنابەریی بدرێت بە تۆ حەزت لە چییە و دەتوانیت چ خزمەتێك بە سویسرا بكەیت؟ ئەویش لە وەڵامدا لانی كەم لەجیاتی ئەوەی بڵێت ڤێرژنێكی نوێی كاتژمێرێكم لەمێشكدایە، كە ئەوەندەی تر ناوبانگی كاتژمێری سویسری لەسەر ئاستی جیھان بەرز دەكاتەوە -خۆ ھەرچەندە ئەگەر وایشی بگوتایە ھەر بۆی نەدەچووەسەر، بەڵام ھیچ نەبێت ئەوەیان لێدەخوێندەوە، كە شتێك لە سویسرا شارەزایە و ھیچ نەبێت بیری لای پێشخستنی ئابوورییە، بە شێوازێكی سەردەمیانە- كەچی گوتبووی، كڵاشینكۆفێك و 4 مەخزەنم بدەنێ، چ دەوڵەتێك شەڕی لەگەڵ سویسرا ھەبێت بە چەند خولەكێك و چ شاخ و بەرزاییەكی گرنگ ھەیە و دوژمنی ئێوەی لێ بێت بۆتان دەگرم. ھەروەك ئەوەی بەرزاییەكانی زنجیرە چیاكانی ئەڵپ، بەرزاییەكانی گۆیژە و ئەزمەڕ بن. ئەو برادەرە بێئاگایە لە دنیا نەیزانیبوو، كە سویسرا جگە لەوەی 500 ساڵە بەشداریی ھیچ شەڕێكی نەكردووە، لە ھەردوو شەڕی یەكەم و دووەمی جیھانییشدا بێ لایەن ماوەتەوە و لەگەڵ ھیچ لایەنێكی ناو ئەو دوو شەڕە گەورەیەش نەچووەتە شەڕ دژی لایەكەی تر و پێویستیان بە كڵاشینكۆف و 4 مەخزەنی ئەو برادەرە و گرتنی قوتە و لوتكەی شاخ نییە، ئەوانیش كە گوێیان لە وەڵامی ئەو برادەرە دەبێت، بە نەخۆشی دەزانن و پێش ھەر شتێك دەینێرن بۆ لای پزیشك بۆ پشكنینی مێشك و دەمار!

كەچی ئێستا ھەندێك لەوانەی، كە چەند ڕۆژێكە لەسەر سنوورەكانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە، لە گرتنەبەری ڕێوشوێنێكی بێ وێنەدا و بۆ قبووڵكردنی كردنەوەی سنووری پۆڵەندا و پێدانی مافی پەنابەری لە یەكێك لە وڵاتانی ناو یەكێتیی ئەوروپا، بە بۆمبی دەنگیی ھێرشیان كردووەتە سەر پۆلیس و ھێزەكانی پۆڵەندا، كە لەسەر سنووری خۆی لەگەڵ بێلاڕووس و بۆ ڕێگرتن لە چوونی ئەو كۆچبەرانە بۆ وڵاتەکەی بڵاوەیان پێ كراوە، ئەو چەند كۆچبەرە، لەجیاتی ئەوەی ئەوپەڕی ڕەفتاری شارستانییانە پیشان بدەن، كەچی بۆمبی دەنگییان گرتووەتە پۆلیسەكانی پۆڵەندا و بۆمبەكانیشیان لە سوپای بێلاڕووس وەرگرتووە، كە ناكۆكیی سیاسی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپادا ھەیە و یەكێتیی ئەوروپا خۆی سزای بەسەر بێلاڕووسدا سەپاندووە و سزای توندتریشی بەسەردا دەسەپێنن.

نازانم ئەو چەند كۆچبەرە چۆن و بە چ عەقڵێكەوە، بە بۆمبی دەنگیی داوای مافی پەنابەرییان كردووە؟ لە كێیش؟ لە یەكێتیی ئەوروپا! ئایا ئەم كارەیان بۆ ئەوە كردووە، كە بەھۆی ئەو بۆمبە دەنگییانەوە دنیا دەنگیان ببیستێت؟ یان بۆ ئەوە كردوویانە، كە پۆڵەندا دەستوبازوویان ببینێت و خێرا سنوورەكانیان بۆ بكەنەوە و ئەو بۆمبھاوێژانە لە ڕیزەكانی پۆلیسی وڵاتەکەیان وەربگرن؟