وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، 170 کۆچبەر ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق نووسیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16-11-2021، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: دیپلۆماتکارانی عێراق لە هەوڵی دروستکردنی هەماهەنگیدان لەگەڵ ئیدارەی فڕۆکەخانەکانی بێلاڕووس بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان.
ئەحمەد سەحاف هەروەها رایگەیاندووە: تا ئێستا 170 کۆچبەر ئامادەییان بۆ گەڕانەوە ڤەویستی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، نیشان داوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە 55 پاسپۆرتیان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەرەکان ئامادە کردووە.
هەزاران کۆچبەری نایاسایی کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە بێلاڕووسەوە هەوڵی چوونە ناو خاکی پۆڵەندا دەدەن و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی پۆڵەنداش رێگرییان لێ دەکەن.
بێلاڕووس کە هاوپەیمانی رووسیایە، کێشەی پەنابەران وەک چەکێک دژی یەکێتیی ئەوروپا بەکار دەهێنێت کە پۆڵەندا ئەندامە لەو یەکێتییە.