وەزارەتی تەندروستی: لە هەرێمی كوردستان دەیان هەزار تووشبووی نەخۆشی شەكرە تۆماركراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزارەتی تەندروستی: لە هەرێمی كوردستان دەیان هەزار تووشبووی نەخۆشی شەكرە تۆماركراون

 

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرا دەكات، لە هەرێمی كوردستان بە گشتی دەیان هەزار تووشبووی نەخۆشی شەكرە لە سەنتەرەكانی چارەسەری تووشبووان تۆماركراون بە ئاوارە و بیانیەكانیشەوە.

لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شەكرە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و باسی لەوە كردووە، رۆژی جیهانی نەخۆشی شەكرەی ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو گرنگییەكی تایبەتی پێدەدرێت بەوەی كە لەم دوو ساڵەی دواییدا، پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرۆكی جیهانی گرتووە.

ئەوەش خراوەتە روو: "ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا زیاتر لە 420 ملیۆن توشبووی نەخۆشی شەكرە لە جیهاندا هەیە وە هۆكاری زیادبوونی بۆ بەرزبوونەوەی دێژەی قەڵەوی و خۆراكی ناتەندروست و كەم وەرزشی دەگەڕێننەوە".

وەزارەتی تەندروستی روونی كردووەتەوە کە نەخۆشی شەكرە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ لەدەستدانی بینین و پەككەوتنی كرداری گورچیلەكان و هەردوو نەخۆشی جەڵتەی دڵ و دەماغ و چەندین نەخۆشی دیکە كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.

دووپاتی كردووەتەوە کە وەزارەتی تەندروستی گرنگییەكی تایبەتی بە نەخۆشی شەكرە دەدات هەم لەڕووی چارەسەری و لەهەمانكاتیش بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی بە بەردەوام بۆ كەمكردنەوەی رێژەی توشبوونی هاووڵاتیان بەم نەخۆشیە درێژخایەنە، ئەوەش هاتووە: "سەڕەڕای بوونی سەنتەر و نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری توشبوانی نەخۆشی شەكرە لە زۆربەی شارو دەڤەرەكان لەهەرێمی كوردستان و دابینكردنی كەلوپەل و دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەركردن بەڵام توشبوانی نەخۆشی شەكرە هاوشێوەی جیهان ڕوو لە زیادبوونە بەهۆی ئەو هۆكارانەی كە ئاماژەکران. لەهەرێمی كوردستان بە گشتی دەیان هەزار توشبووی نەخۆشی شەكرە لە سەنتەرەكانی چارەسەری تووشبوان تۆماركراون بە ئاوارە و كەسانی بیانیشەوە".

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات بۆ ئەوەی بە دووربن لە نەخۆشی شەكرەو زیانەكانی، پێویستە ڕەچاوی چەند ڕێکارێکی گرنگ بكەن وەكو خواردنی تەندروست و رێگریكردن لە قەڵەوی و وەرزشكردن و دووركەوتنەوە لە جگەرەو نێرگلەكێشان كە بە هۆكاری گرنگ دادەنرێت بۆ توشبوون بە نەخۆشی شەكرە بە تایبەت جۆری دووەم.