تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ھاوبەشانی کارەبا پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ دەبەسترێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ھاوبەشانی کارەبا پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ دەبەسترێت

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرایکرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ، سەرجەم ھاوبەشانی کارەبا لە سەنتەری شارەکان و قەزا و ناحییەکان جگە لە شوێنە دوورەدەستەکان پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ دەبەسترێت.

ئەمڕۆ شەممە 13/11/2021، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا بڵاویکردووەتەوە کە تاوەكوو ئێستا ملیۆنێك و 47 هەزار و 430 پێوەری زیرەكی كارەبا لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، زۆرترین پێوەر لە پارێزگای هەولێر بەستراوە كە 382 هەزار و 392 پێوەرە، لە سلێمانیش 363 هەزار و 743 پێوەر بەستراوە، لە پارێگای دهۆكیش زیاتر لە 207 هەزار پێوەر بەستراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی راگەیاندووە: "تا کۆتایی ئەمساڵ، سەرجەم ھاوبەشانی کارەبا، لە سەنتەری شارەکان و قەزا و ناحییەکان، جگە لە شوێنە دوورەدەستەکان، پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ دەبەسترێت و پڕۆسەکە بۆ ئەو ناوچانەی کە بۆیان نەبەستراون، بەردەوام دەبێت".

لای خۆیەوە حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو زستانە پێوەری زیرەك كاریگەریی خۆی دەبێت، چونكە پێوەری زیرەك بەوردی ئەو كارەبایە ئەژمار دەكات كە هاووڵاتی بەكاری دەهێنێت، وەكوو پێشوو نابێت هاووڵاتی دەستكاریی پێوەر بكات، بۆیە پێوەری زیرەك كاریگەریی دەبێـت لەسەر باری كارەبا".

سەبارەت بە بەستنی پێوەری زیرەك لە هەولێر گوتی: "بەستنی پێوەری زیرەك لە هەولێر قۆناغی باشی بڕیوە و زیاتر لە نزیكەی 70%ی پێوەر بەستراوە و پڕۆژەكەش بەردەوامە".

لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك لە وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە: "پێوەری زیرەك بە یەكێك لە سەركەوتووترین پڕۆژەكانی كارەبا دادەنرێت و بە كوالیتییەکی بەرز و بەپێی ئەزموونی چەندین وڵاتی بیانی تاقیكراوەتەوە و چەندین سوودی بۆ هاووڵاتیان هەیە".

ئاماژەی بەوەش داوە: "بەستنی پێوەری زیرەک رێگری لەدەستدانی ئەو کارەبایە دەكات، كە لە ئەنجامی سەرپێچی هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆ دەچێت، چونکە بەشێک لە هاووڵاتییان بە شێوەی سەرپێچی هێڵی کارەبا رادەکێشن".

زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی كوردستان هەیە و بڕیارە، پێوەری کارەبا بۆ هەموو هاوبەشەکانی کارەبا ببەەسترێت.