كاتێ حزب و میدیاكارانی وەك قاچاخچی رەفتار دەكەن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 13/11/2021

كاتێ حزب و میدیاكارانی وەك قاچاخچی رەفتار دەكەن!

له‌ هه‌ر قۆناغێكی مێژووی كورد و كوردستاندا، رووداوە سروشتی و سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان، بە رادەی جیاواز و لە قۆناغی جیاوازدا هۆكار و پاڵنەر بوون بۆ كۆچی كوردان، چ كۆچی لە كوردستانەوە بۆ كوردستان و چ كۆچی لە كوردستانەوە بۆ دەرەوەی كوردستان، شۆڕشەكان و كارەساتەكانی جینۆسایدی دژی كورد و شەڕی براكوژی و واقیعی داگیركاری و شەڕی حەشد و شەڕی داعش و..هتد، لە قۆناغی جیاوازدا هۆكار و پاڵنەر بوون بۆ كۆچی كوردستانیان، بەڵام خۆ زۆر جاریش گەڕان بەدوای ژیانێكی خۆشتر و ئارامتر و كار و بژێویی باشتر، نەك هەر لای كورد بەڵكوو لای هەموو مرۆڤەگەلی دنیادا هەبووە و هەیە.

ئه‌مجاره‌یان چه‌نگه‌ڵی سەرسنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا، له‌نێوان هیوا و بێهیواییدا، رۆحی بەشێك لە خەڵكی كورد ده‌كێشێ و ناهێڵێت بگه‌ن به‌و ئەورووپایەی وەك بەهەشت دەیبینن!كوردان لەوێن و چاوەڕێی دەرفەت و رەحمەت دەكەن، بەڵام كێشه ‌و ئاریشه‌كانی ئەورووپا لەسەر ئەم كەیسە، زۆر لە رەقبوونەوە و لەبرسا مردنی منداڵێكی كۆچبەری كورد گەورەترە، شەڕی سیاسیی نێوان رووسیا و بیلاڕووس و توركیا و یەكێتیی ئه‌ورووپا، لەپای ئەم كەیسە، گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار و خەمی گەورە ئەوەیە لەم شەڕەدا كوردی كۆچبەر كراوە به‌ قه‌ڵغانی سیاسیی شەڕی ئەو وڵاتانە، به‌دبه‌ختیی كوردستانیان ئەوەیە كە هەمیشە ده‌كه‌وێته‌ ناكۆكیی نه‌یارانه‌وه‌ و دەبێتە كەرەستەی شەڕ، گەلێ جار كورد په‌لكێش دەكرێن بۆ جه‌نگێگ كه‌ كورد دوور و نزیك په‌یوه‌ندیی پێوه‌ نیه.

تابلۆكان له‌ به‌رچاومان ڕوونن، ده‌بینین نێوەندە سیاسی و میدیاییەكانی ئه‌ورووپا چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌م لێشاوی كۆچبه‌رە كوردانه‌ی له‌و سنوورەدا گیریان خواردووه، بەشێكی زۆری‌ خەڵكی ئه‌ورووپا هه‌ر به‌خه‌یاڵیشیدا نایه‌ت له‌و سنوورانه‌ چی ده‌گوزه‌رێت! گه‌ر سیاسییه‌كانیشیان هێنده‌ مافدۆست و مافپارێز بوونایه،‌ هیچ نەبێ ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ له‌ میدیاكانیانه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه،‌ ویژدانیانی دەجووڵاند و چاره‌سه‌رێكی خێرایان ده‌دۆزیه‌وه،‌ به‌ڵام ئه‌ورووپا پێش مافی مرۆڤ و دیموكراسییەت، بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی و ئابوورییەكانی خۆی ده‌كاته‌وه.‌ بیریشمان نەچێت شەپۆلێكی تر تەشنەكردنی كۆرۆنا، لە ئەورووپادا سەری هەڵداوەتەوە و ئەمەش كێشەیە لەو كەیسەدا.

میدیای ئه‌ورووپی، ناچێته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌وه،‌ ڕووداوه‌كان لە بەرژەوەندیی خۆی دەگوازێتەوە، ‌ چه‌ندین رۆژه‌ چاودێریی میدیاكانی به‌لجیكا و ئەورووپا و رووسیا دەكەم، پێوەند بە میدیای به‌لجیكا، ئەوەی بینیم تەنیا یه‌ك ڕۆژ، یەك میدیا به‌ مانشێتیكی كورت و بچووك باسی لە كێشەی كۆچبەرانی كورد كرد، ته‌نانه‌ت هێنده‌ هه‌واڵه‌كه‌ی بچووك كرده‌وه‌ نووسیبووی: ”به سه‌دان كۆچبەر ڕوویان كردووەته‌ سنووره‌كانی پۆڵه‌ندا“!. میدیاكانی پۆڵه‌ندا، فۆكسیان له‌سه‌ر پێڵاو و جلوبه‌رگ و مۆبایله‌كانی ده‌ستی كۆچبەرانە و دەنووسن و دەڵێن: ”ئەم پۆشاك و پێڵاو و مۆبایلە گرانبەهەیانەی دەست كۆچبەرانی كوردی، پێمان ناڵێت ئەوانە لە بژێوی و گوزەرانێكی خراپدا ژیابن“.

كه‌ناڵه‌ میدیاییەكانی سه‌ر به رووسیا، زیاتر فۆكسیان كردووەته‌ سەر كێشە‌ دیبلۆماسییەكە و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ به‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه‌ كه‌ گوایە دەگوترێ رووسیا ده‌ستی هه‌یە له‌ دروستكردنی ئه‌و ره‌وشه‌ و ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌، میدیا و كه‌ناڵەكانی بێلارووس، ئەوانیش شەڕ بۆ وڵاتی خۆیان دەكەن و ته‌ركیزیان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا هۆكاری دروستكردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ن، تا بیانوویه‌ك بدۆزنه‌وه‌ گه‌مارۆی ئابووری بخه‌نه‌ سه‌ر بێلاروس، له‌م نێوەنده‌شدا بەشێك لە میدیای كوردی، بە چاوچنۆكیی حزبییانە و دوور لە هەستی ئینسانی و نیشتمانیی مرۆڤی كورد، وەك هەمیشە ئه‌ركی ژه‌هر ڕشاندنیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان و وتارە‌ پۆپۆلیستیه‌كان بەردەوامن و وەك كاری هەمیشەییان خەڵكی كوردستان هان دەدەن جنێو بە خاك و نیشتمان و زێدی خۆی بدات.

هه‌موو باش ده‌زانین ئه‌وانه‌ كێن و بۆچی بڕیاریان داوه‌ كۆچیش وەك زۆربەی كەیسەكانی تر بكه‌نە دەستكەوتی حزبی، ئەگەر قاچاخچیەكانی سنوور لەپێناو بڕێك پارە هانی گەنجانی كوردستان و خێزانەكان دەدەن كە وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن، بەدڵنیاییەوە ئەو حزبانەی لەپشت ئەو میدیا ژەهرڕێژەوەن، ئەوانیش وەك قاچاخچیەكان لەپێناو وەدەستهێنانی كورسی، هانی خەڵكی كوردستان دەدەن، كۆچ بكەن و جنێو بە نیشتمانی خۆیان بدەن.

هه‌ڵبه‌ته دیمەنەكانی كوردان لەسەر سنوور،‌ هه‌تا بڵێی ئازاربەخشن بۆ هەموان، هێشتا بەفر لەو سنوورە نەباریوە، هێشتا پلەكانی گەرما زۆر دانەبەزیوە، بەڵام ئەگەر خوانەكردە كێشەی ئەو كۆچبەرە كوردانە لەوێ یەكلا نەبێتەوە، رۆژانی داهاتوو تراژیدیای گەورە دەبینین، بژارەش بەدەست خودی كۆچبەرانی كوردە. ئەگەر حوكمی لەسێدارەدانت لەسەر بیروباوەڕی حزبی و ئایدۆلۆژی هەیە! مەگەڕێرەوە و بەرگەی سەرمای درەنگانی پاییز و سەختیەكانی زستانی سەر سنوور بگرە.

ئەگەر خۆت و ماڵ و منداڵت لە هەرێمی كوردستان، هەڕەشەی كوشتنتان لەسەرە! مەگەڕێرەوە، لەوێ بمێنە تا دەردەچیت، ئەگەر لەو هەرێمی كوردستانەدا هیچ شوێنێكی ئارام و بێ مەترسی بۆ ژیان شك نابەیت مەگەڕێرەوە، ئەگەر دەڵێی لەبرسا وڵاتم جێ هێشت! چۆن ئەو هەزاران دۆلارەت لە فڕۆكە و حەقدەستی قاچاخچیدا خەرج كرد؟ ئەگەر رقت لە پارتیە بگەڕێڕەوە و بچۆ لای یەكێتی، ئەگەر رقت لە یەكێتیە، بگەڕێوە و بڕۆ بۆ لای پارتی؟ ئەگەر رقت لە هەردووكیانە و ناتەوێت چارەیان ببینیت، كێشە نیە لە سەر سنوور بمێنەوە تا ئاودیوی بەهەشتی ئەورووپا! دەبیت.

ئەگەریش بۆ مسۆگەركردنی ژیانێكی خۆشتر و بژێوی و ئابووریی باشتر و ئایندەیەكی روونتر بۆ خۆت و منداڵەكانت، رووت لە سنووری پۆڵەندا كردووە، باشە، هەر لەوێ بە بەهیوام بگەیتە وڵاتێكی خۆش و جوان و ئام و خۆش بژیت، بەڵام ئەم هەموو جنێوە بە كوردستانی نیشتمان مەدە.
ئەگەریش هەر وا بە چاولێكەری كوردستانت جێ هێشتووە، نە جنێو بە كەس بدە و نە بە وڵاتی خۆت.

بەڵام زۆر زۆر گرنگە هەموو ئەو خۆشەویستانەی سەر سنووری پۆڵەندا و بێڵارووس ئەو راستییەش بزانن، كە ئەوان كراونەتە كارتێكی سیاسی و یارییەكی سیاسیی نێوان بیلاڕووس و رووسیا و یەكێتی ئەورووپا، تا ئەو یارییە كۆتایی پێنەیەت، ئەوان لەو مەرگەساتەدا دەبن، لەبیریشتان بێت ئەو حزبانەی خاوەنی ئەو میدیایەن كە موزایەدەتان پێوە دەكات و فرمێسكی تیمساحیتان بۆ دەڕێژێت، یەك تۆسقاڵ لە خەمی ئێوە و منداڵەكانتاندا نین، تەنیا چاویان لەوەیە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا چەند كورسییەك زیاتر، لە چاوی ئێوە بەدەست بێنن و هیچی تر.