پاره‌ی كارمه‌ندانی رۆژی هه‌ڵبژاردن خه‌رج ده‌كرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پاره‌ی كارمه‌ندانی رۆژی هه‌ڵبژاردن خه‌رج ده‌كرێ

 بەرپرسەکی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاشکرای دەکات دەستکراوە بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارەی ئەو کەسانەی کە وەکوو کارمەندی ڕۆژی هەڵبژاردنی 10ی10 لەگەڵ کۆمسیۆن بەشدار بوون.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13/11/2021، ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەكانی سلێمانی، بە(باسنیوز)،ی ڕاگەیاند: "دەست کراوە بە ڕێکاری كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو مامۆستا و فەرمانبەر و دەرچووانەی زانكۆ و پەیمانگاكان، كە لە ڕۆژی هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق 10/10/2021 وەك كارمەندی كۆمیسیۆن لە ڕۆژی هەڵبژاردن بەشدارییان كرد".

ئاماژەی بەوە دا، ئێستا لیست و ناو و زانیارییەكان ڕەوانەی ئۆفیسی کۆمسیۆن لە بەغدا نەکراون،  گوتیشی: "دەستمان بە ڕێکارەکان کردووە، بەڵام جارێ لیستەکان نەنێردراون، ئەو کاتەی ڕێکارەکانی دارایی تەواو بێت، ئەو کات دەست بە خەرجکردنی شایستەی دارایی ئەو کەسانە دەکرێ".

ئامانج عەزیز، ئاشکرای کرد، بەپێی یاسا ئەم پرۆسەیە دەكەوێتە دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، چونكە تا ئەنجامەكان پەسەند نەكرێن ناتواندرێت دەست بە خەرجكردنی پارەی كارمەندانی كۆمیسیۆن بكرێت، گوتیشی: "ئەو كارمەندانەی لەگەڵ كۆمیسیۆن كاریان كرد دوو جۆر كارمەند بوون بەشێكیان ئەوانەبوون، كە فەرمانبەری حكومەت بوون بەشێكیشیان ئەوانە بوون، كە كارمەندی حكومەت نەبوون و لەهیچ شوێنێك دانەمەزرابوون".

بەرپرسەکەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گوتیشی: "ئەو كارمەندانەی كە فەرمانبەری حكوومەت نەبوون و بڕی پارەكانیان بۆ هەر فەرمانبەرێك 250 هەزار دینارە و ئەوانەشی كە فەرمانبەری حكومەت بوون بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرن لەگەڵ پێدانی ڕێز و سوپاسێك لە لایەن حكوومەتی  عیراقەوە".

پێشتر کۆمسیۆن ئاشکرای کرد بوو، بۆ  هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 308 هەزار کارمەندی  پێویست بووە.