كابینەی نۆیەمی حكوومەت پیسیی ساڵانی ڕابردوو لەسەر ژینگەی هەرێمی كوردستان پاك دەكاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كابینەی نۆیەمی حكوومەت پیسیی ساڵانی ڕابردوو لەسەر ژینگەی هەرێمی كوردستان پاك دەكاتەوە

گوتەبێژی دەستەی ژینگە: زیاتر لە نیوەی پاڵاوگە نایاساییەكانی هەولێر داخراون و ئەوانی دیکەش دادەخرێن

هەرچەندە لە ساڵانی پێش دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی پێویست رەچاوی پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان نەكراوە و بە شێوەی جۆراوجۆر ژینگە پیسكراوە، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین هەنگاوی گرنگی بۆ پاككردنەوەی ئەو پیسییانەی پێشتر ناوە.

پاڵاوگە نایاساییەكان داخراون

لە ساڵانی رابردوودا، مۆڵەتی کارکردنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەبێ مەرج بوو، چەندین جۆر بۆن و دووکەڵیان بڵاو دەکردەوە و زیانیان لە خەڵک و خاک دەدا، بەڵام لەم کابینەیەدا زۆربەیان داخراون و پرۆسەی داخستنیشیان بەردەوامە، بە تایبەتی ئەو پاڵاوگانەی نەیانتوانیوە ڕێنمایی و مەرجەکان جێبەجێ بکەن.

لەمبارەوە، د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "تیمەکانی ناوخۆ، لە ڕێگەی فەرمانگەکانی ژینگە و قایمقامەکان، پاڵاوگە نایاساییەکانیان داخستووە".

لای خۆیەوە ڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پێشووتر لیژنە بۆ پێداچوونەوە و داخستنی پاڵاوگه‌ نایاساییەکان پێک هێنراوە و دوای چەندین کۆبوونەوە و بەدواداچوون، دواجار ڕێنوێنیی ژمارە 1ی ساڵی 2020 بۆ پاڵاوگەکان دەرکرا، ڕێنوێنییەکان زۆر باشن و ئەوەی ئەو مەرجانەی تێدا نەبێ دادەخرێ، زۆر لەو پاڵاوگانەش داخراون، بۆ نموونە، پێشتر 130 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەبوو، ئێستا  80 پاڵاوگەیان داخراون و دواجاریش دەبێ هەموویان دابخرێن".

ئەوەشی خستە ڕوو، داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لای حکوومەتی هەرێمی كوردستان بابەتێکی گرنگە، چونکە زیانی زۆر بە ژینگە و خاک و هەوا دەگەیەنێت، گوتیشی: "لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا کە جەخت لەسەر گرنگیدان بە پرسی ژینگە كراوەتەوە، ماوەیەکە هه‌ڵمه‌تی داخستنی پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان دەستی پێکردووە".

پڕۆژە جۆراوجۆرەكانیش دەبێ ژینگە بپارێزن

بە گوێرەی داتا فەرمییەكان، لە دوو ساڵی كابینەی نۆیەمدا، بەهۆی زیانیان بۆ ژینگە، مۆڵەت و رێگەپێدانی ژینگەیی بە 37 پڕۆژە نەدراوە، هەروەها بە سەدان كەیسیش رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە.

بەپێی ئامارێکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، له شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، 42 پڕۆژەی پیشەسازی، خزمەتگوزاری، نیشتەجێبوون، بازرگانی، کشتوکاڵی و تەندروستی مۆڵەتیان پێنەدراوە، چونکە لەگەڵ ژینگە و یاسا و رێنماییەکانى تایبەت بە ژینگە نەگونجاون.

پیسكردنی ژینگە لە ڕێی غازەوە ناهێڵدرێت

پێشووتر، بەبێ رەچاوکردنی ژینگە، کۆمپانیا بیانییەکان غازیان سووتاندووە، بەڵام لەم کابینەیەی حکوومەتدا لە مۆڵەتی كۆمپانیاكاندا دەستنیشان کراوە، کە پێویستە چارەسەری ئەم غازە بکەن و بیکەنەوە بە وزە و چیتر ڕێگە بە بەفیڕۆدان و سووتاندنی نادرێت.

کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان، پێشتر لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە: "ئەمە تاوانێکی گەورەیه، کە چەند ساڵێکە غاز لە کێڵگە نەوتییەکان دەسووتێندرێ، چونکە بۆ تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە کارەساتە، بۆیە پاش دیراسەتێکی زۆر، چارەسەرمان دۆزییەوە".

گوتیشی: "جەنابی سەرۆکی حکوومەت زۆر سووره لەسەر پاراستنی ژینگە، بۆیه هانی داوین کە غاز نەسووتێ، بۆیە لە مانگی نۆی 2021ەوە مۆڵەتی 18مانگ بە هەموو کۆمپانیاکان دراوە، کە چارەسەری زانستیی ئەو غازە بکەن و بیخەنەوە نێو کێڵگەکان و دوای ئەو مۆڵەتە بۆیان نییه یەک مەتر سێجا غاز بسووتێنن".

چیتر خۆڵ و خاشاك ناسووتێندرێت

هەر لە لایەن كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پێداچوونەوە بە بابەتی سووتاندنی خۆڵ و خاشاک کراوە و ڕێنمایی دراوە، کە چارەسەری زبڵ بکەن و بەپێی ستانداردی جیهانی کارگەی تایبەت بە ڕیسایكلین دروست بکرێن، بەم هۆیەشەوە چەند کارگەیەک ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردن دان.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی شار و شارۆچەکانی کوردستان، بایەخێکی زۆر بە بابەتی خاوێنکردنەوە و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک دەدات. ئەم پلانەش لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، لەمبارەوە گوتی: "یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم، کە گرنگیی پێدەدات، بابەتی ژینگەیە، بۆیە جەنابی سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دانانی کارگەیەکی ڕیسایکلینی لە سۆران داوە".

جەختیشی کردەوە: "ئەو کارگەیەی لە سۆران دروست دەکرێ، بودجەکەی لەنێوان حەوت تا ‌هەشت ملیۆن دۆلارە. ریسایکلینەکە بۆ هەموو ئەو زبڵ و خاشاکەی دەبێ، کە کۆ دەکرێتەوە، لەوێ لێك جیادەکرێتەوە و ئەوەی بەكاربێتەوە بەکاری دەهێنینەوە، ئەوەی کە بەکەڵک نەهاتەوە، بە شێوەیەکی زانستییانە لەناو دەبرێت".

ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل چیتر هاوردە ناكرێت

هەچەندە كابینەكانی ڕابردووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بۆ سوودی چەند بازرگانێک، رێگەیان بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل دەدات و ئاسانكاریی جۆراوجۆریشیان لەمبارەیەوە بۆ كردبوون، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە تەواوەتی هەوڵی ڕێگریکردن لە هێنانی ئۆتۆمبێلی مودێل کۆن دەدات، ئەویش بۆ پاراستنی هەوا لە دووکەڵ و غازی خراپ كە ئەگەر هەیە بەهۆی كۆنیی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكانەوە، بڕێكی زیاتر لەو پاشماوە زیانبەخشانە بخەنە نێو ژینگەوە.

لەمبارەوە، عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا رێگە بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مواسەفات و کوالێتیی باش دەدرێ، ئەوەش هەم بۆ ژینگە و هەمیش بۆ  پاراستنی شۆفێران و هاووڵاتییان باشترە".

گوتیشی: "ئەگەر ئۆتۆمبێلی بڕاوە و خراپ به قاچاغ هاتبێت، ئەوا ڕێکاری بەرامبەر دەگرینەبەر".

هاوكات، د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ (باسنیوز) گوتی: "بۆ ئەوەی لە سنوورەکان ئۆتۆمبێلی خراپ هاوردە نەكرێ، ڕێنوێنیی ژمارە حەوتی ساڵی 2021 دەرکراوه و تیایدا ڕەچاوی پاراستنی ژینگە و کوالێتی و سەلامەتی کراوە”.