عێراق و تونێلێکی تاریک
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بێوار ڕه‌حمان 09/11/2021

عێراق و تونێلێکی تاریک

بارودۆخی عێراق گەیشتووەتە ترۆپکی ئاڵۆزیی خۆی و مەترسییەکان تا دێ زیاتر دەبن. یەکەم جارە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، بە درۆن هێرش بکرێتە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران. یەکەمین جاریشە هەست دەکەیت خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانی تەحریرەوە ئاراستە و شوێنی خۆیان گۆڕیوە بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا. نزیکەی مانگێک بەسەر هەڵبژاردنەکەی 10ی تشرینی یەکەمی 2021دا تێپەڕیوە، هێشتا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی ڕانەگەیاندووە.

سەرەتای ئاڵۆزییەکە... گەیشتنی موقتەدا سەدر بۆ بەغدا

دوای ئەوەی هەریەکە لە حەشدی شەعبی و دەوڵەتی قانون و فەتح و زۆرترین سەرکردەکانی سوننە، کە لەم هەڵبژاردنەی دواییدا دەنگەکانیان کەمی کردووە، بۆیان دەرکەوت، ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەنگەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هاوشێوەی یەکن، بۆیە دەستیان کرد بە ڕێگری و پشێوی و خۆپیشاندان و هەڕەشەی جۆراوجۆر.

لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، موقتەدا سەدر، لە ڕێگەی بریکارەکانیەوە؛ ڕوبەیعی و حەسەن عزاری و حاکم زاملی، ئامادەکاریی کرد و بۆ ڕۆژی هەینیی 5ی تشرینی دووەمی 2021 گەیشتە شاری بەغدا. لەگەڵ گەیشتنی موقتەدا سەدر بۆ بەغدا، بۆ یەکەمین جار لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە، خۆی سەردانی لایەنەکانی کرد. پێشووتر لایەنەکان سەردانی موقتەدا سەدریان دەکرد، ئەمجارە سەدر یەکەمین گفتوگۆی خۆی لەگەڵ ماڵی سوننی دەست پێکرد، نزیکەی دوو کاتژمێر لەگەڵ محەمەد حەلبووسی کۆبووەوە و نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، حەلبووسی هیچ بەڵێنێکی بە سەدر نەدا، بۆ ئەوەی پێکەوە گەورەترین کوتلە پێک بهێنن. پاشان سەدر دووەمین کۆبوونەوەی خۆی بردە ماڵی عەممار حەکیم، عەمار حەکیم ئەو پیاوەیە کە وا دەردەکەوێت، هەموو دەنگە ناڕازییەکانی ماڵی شیعە لەسەر مێزێک کۆدەکاتەوە، بۆیە بەشێكی کابینەکانی پێشوو لە ماڵی حەکیم پێک هاتوون. بۆیە موقتەدا سەدر زۆرترین خواست و نیەتەکانی خۆی خستووەتە بەردەم عەمار حەکیم، تەنانەت ئامادەیی پیشان داوە، کە هەرچۆنێک عەمار و عەبادی و هادی عامری پێیان باشە و چۆن بیانەوێت وا لەگەڵیان ڕێک دەکەوێت.

پێکهێنانی حکوومەت بە بێ مالیکی ئەستەمە

لەکۆتاییدا موقتەدا سەدر دوو مەرجی هەیە، چونکە ئەو دەیەوێت حکوومەتێک لە زۆرینەی شیعە و سوننە و کورد پێک بهێنێت:

1- بە هیچ شێوەیەک حزبی دەعوە و دەوڵەتی قانوون بەشداریی لە حکوومەت ناکەن و لەگەڵیشیان دانانیشێت.

2- بە هیچ شێوەیەک نە لەگەڵ قەیس خەزعەلی دادەنیشێت و نە دەهێڵێت بێتە ناو حکوومەت.
ئەم دوو مەرجەش بەلای عەمار حەکیمەوە زۆر قورسن، چونکە خۆی دەزانێت حکوومەتێک بە بێ مالیکی و بە بێ حزبی دەعوە زۆر ئەستەمە بتوانێت سەرکەوتوو بێت، لەبەر ئەم سێ هۆکارەی خوارەوە:

1- حزبی دەعوە 12 ساڵ فەرمانڕەوایی عێراقی کردووە، خاوەنی 2 هەزار و 760 بەڕێوەبەری گشتی، 28 دەستە و 47 بریکاری وەزیرە لە حکوومەتدا، تەنانەت زۆربەی ئەفسەرە پلە باڵاکان لە دەستی نووری مالیکی دان. مالیکی ئەو پیاوەیە، کە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی (10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ)دا زۆرترین دەنگی لەناو هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری و حەشدی شەعبیدا هێناوە. بۆیە ماڵی حەکیم پێیان وایە، بە بێ مالیکی زەحمەتە حکوومەت پێک بهێنرێت. سەدریش تەنانەت ئامادە نییە لەگەڵ مالیکی دابنیشێت!

2- موقتەدا سەدر، هەروەها لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆبووەوە، عەبادی پێشووتر لەپێناو موقتەدا سەدر دەستبەرداری حزبی دەعوە و دەستبەرداری نووری مالیکی بوو. بەڵێنی ئەو کاتی موقتەدا سەدر کە بە عەبادی دا ئەوە بوو، کە بۆ جارێکی دیکە بیکاتەوە بە سەرۆک وەزیران، بەڵام هەلومەرجی سیاسیی ئەوکات وای نەخواست و عەبادی نەبووەوە بە سەرۆک وەزیران. ئێستا بەگشتی، عەبادی یەكێكە لەوانەی ناویان لە گیرفانی سەدر دایە، بۆ کاندیدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق.

3- شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا کە هۆشیار زێباری سەرۆکایەتیی دەکات، چاویان بە رەوتی سەدر کەوتووە، بڕیارە موقتەداش خۆی سەردانی هەولێر بکات.

بەگشتی، سەدر پلانی گەشتەکەی بۆ نەجەف بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بوو، بەڵام تەوژمی بەهێزی خۆپیشاندەران و ناڕەزایی زۆری حەشدی شەعبی و برینداربوونی زیاتر لە 350 کەس و کوژرانی هەشت کەس لەنزیک ناوچەی سەوز، وای خواست بەیانیی رۆژی شەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2021 خێرا بگەڕێتەوە بەغدا، لەبەرئەوەی خاڵی بەهێز و ناوچەی نفووسی موقتەدا سەدر بەغدایە، بۆ ئەوەی پێکدادانی قورس لەنێوان لایەنەکاندا دروست نەبێت.

هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیران گفتوگۆکانی وەستاند

عێراق بە تونێلێکی ئێجگار تاریکدا تێدەپەڕێت، هێرشکردن بە سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر ماڵی مستەفا کازمی، پەیامە گەورەکەی ئەوە بوو، لەمەودا ماڵی هیچ سەرۆک و سەرکردەیەک لە عێراقدا پارێزراو نییە. ئەوەی سەیرە، رۆڵی مەرجەعیەتی باڵا ئێجگار لاواز دەردەکەوێت، چ لە پێشگرتن بە ناکۆکی و تەقینەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، چ لە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی سەرۆک وەزیراندا. بەپێچەوانەوە، پەیامی ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی ناوچەکە بەهێزتر بوو بۆ پاڵپشتیی مستەفا کازمی. لە ئێرانیشەوە عەلی شەمخانی قسەی کرد و ئیدانەی هێرشەکەی کرد، گوتیشی؛ ئەمە سەرەتای فیتنەیەکی ناوچەییە!. شەمخانی پیاوێکی نۆرماڵە، لەبنچینەدا شیعەیەکی خەڵکی ئەهوازە، یەکێک بووە لەو کەسانەی هەوڵی داوە نێوەندگیریی لایەنە عێراقییەکان بکات، بەڵام بەهۆی کێشە و ململانێکانی ئەوکاتی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، شەمخانی لەبەردەم ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پرۆسەی هەماهەنگیی لایەنە عێراقییەکاندا ڕاگەیاند و کشایەوە. ئێستا عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، تاکە کەسیش بوو لەو وڵاتە قسەی بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر ماڵی کازمی کرد. جگە لەوەی، شەمخانی بەرپرسی مەلەفی دانوستانە لەگەڵ سعودییە، کە لە بەغداوە بەڕێوە دەچێت.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن پەسەند دەکرێت؟

هەریەکە لە قەیس خەزعەلی و ئەبولوەلائی و هەموو سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، ئەو هێرشەی سەر ماڵی کازمی بە کاری خۆیان نازانن، تەنانەت هەندێكیان بە سیناریۆی کازمی خۆی دەزانن.

گریمانەیەکی دیکە هەیە، ئاخۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن پەسەند دەکرێت؟ ئایا دادگای فیدراڵی، کە فایەق زێدان سەرۆکیەتی وکاندیدی هاوپەیمانیی فەتح بوو بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، ئایا کاندیدەکان قبووڵ دەکات؟

ئایا بۆچی هیچ هێرشێک بۆ سەر سەرکۆماری عێراق نییە؟ بۆچی تا ئێستا هیچ لایەنێکی شیعە و سوننە هێرش ناکەنە سەری؟، لەکاتێکدا سەركۆمار وا ناسراوە، لەبری کورد و عێراق و پارێزەری دەستوور، هەمیشە خەریکی بەرژەوەندییەکانی بووە. تەنانەت هەر ئەو، مستەفا کازمیی هێنایە سەر شانۆی سیاسی و کاندیدی کرد بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

پرسیارێکی تری جەوهەریی ئەوەیە، ناوچەی سەوز، کە 56 کیلۆمەترە و نزیکەی 6 هەزار و 28 چەکداری لێیە، 16 هەزار چەکداری هەواڵگریی لێیە، باڵوێزخانەی 38 وڵاتی بیانیی لێیە، باڵوێزخانەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی لێیە، پەرلەمان و ئەمیندارێتیی گشتی و ماڵی زۆرترین سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی لێیە. هەموو حکوومەتەکەی عێراق لە ناوچەی سەوزە. لە ناوچەی سەوزیشدا، کە ماڵی سەرۆک وەزیران دەکرێتە ئامانج، ئیدی چی دەمێنێتەوە بۆ ئاسایش و بۆ فەرمانڕەواییکردن لە عێراق!؟

دواجار، عێراق بووەتە مەیدانی ململانێی هێزە ناوچەییەکان، سەدر نزیکە لە سعوودییەکان، گرووپەکانی نزیک لە ئێرانیش لە گۆڕەپانەکەدا بەهێزن، وەکو ئەوەی لە لوبنان ڕووی دا، سعوودییە و ئێران تا ئەوپەڕی توانا لە لوبنان ململانێیان کرد، دواتر سیستەمی دارایی و بانکی لوبنانی داڕما، پاشان حکوومەتێک پێکهات و ئێران دەیەوێت ڕۆڵی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.

دەرەنجام

گەورەترین شکستی عێراق ئەوەیە، کە هێزێکی دامەزراوەیی، نیشتمانی، سەربازیی نییە، هێزەکانی ناوخۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و پلەدارە باڵاکان، هیچیان لەژێر فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیراندا نین. لە هێرشەکەی سەر ماڵی کازمیدا، زۆربەی فەرماندە و ئەفسەرە باڵاکانی عێراق هیچیان نەگوت! و کازمی بە تەنیا مایەوە.

هەرچی موقتەدا سەدرە، خۆی لە گەڕێکی دیکەی گەورەی مەیدانی سیاسیدا دەبینێتەوە، زیاتر بایەخ بە ئامادەکردن و هێنانەپێشەوەی گەنجەکان دەدات، بۆ یەکەمین جارە سەدر کە دێتە گفتوگۆ و دانیشتنەکانەوە، بەشداریی بە هەریەکە لە سەید مستەفا یەعقووبی و ئایەتوڵاکانی دەوروبەری ناکات، بەڵکوو گرووپێکی گەنج بەدەوریەوە دەبینرێن. لەگەڵ ئەمەشدا، دەرەنجامی کۆتایی ئەوەیە، کە مەرجەعیەت ڕایگەیاندووە، حکوومەتێکی تەوافوقی- نیشتمانی پێک بێت، موقتەدا سەدریش خەونی ئەوەی هەیە، حکوومەتێکی زۆرینە لە شیعە و سوننە و کورد پێک بهێنێت، کە ئەمەیان ئەستەمە. جا ئەگەر سەرەتاکەی بێت، کە سەدان بریندار و کوژراو هەبێت و بە درۆن هێرش بکرێتە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران، کەواتە کۆتاییەکەی باش نابێت.