كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تیرۆری سیاسی لە عێراق مێژوویەکی خوێناوی و نائارامیی بەدوای خۆیدا هێناوە

هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تیرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراقمان بەبیر دێنێتەوە، کە پێگەی سیاسی و باڵادەستیی وڵاتەکەیان لەدەست بووە.

عێراق بەدەگمەن قۆناغی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی بەخۆیەوە بینیوە، هەوڵدان بۆ تیرۆری سیاسی لە هەموو دەوڵەت و کابینەکانی عێراقدا روویان داوە و هەر یەکەیان کاریگەریی سیاسیی قووڵیان لەسەر بارودۆخی داهاتووی عێراقدا دروست کردووە.

لەو سێ پاشایەی لە نێوان ساڵانی 1921 - 1958دا فەرمانڕەوایی عێراقیان کردووە، دوویان قوربانیی دەستی تیرۆر بوون.

غازی پاشا لە ساڵی 1939 و شا فەیسەڵی دووەم لە 14ی تەمووزی ساڵی 1958 لەگەڵ پاسەوانی تەختی پاشایەتی شازادە عەبدولئیلا، لە رووداوێکدا تیرۆر کران، کە پێی دەگوترێ "قەسابخانەی کۆشکی ریحاب".

توێژەرانی مێژووی سیاسیی عێراق پێیان وایە ئەم رووداوە، واتە کوشتنی بەکۆمەڵی بنەماڵەی شاهانە لە عێراق، سووکایەتیکردن بە لاشەکانیان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی وەک نووری سەعید، رۆڵێکی نەرێنیی لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا بینیوە و دەرگای توندوتیژیی لەبەردەم سیاسییەکانی دوای ئەوان خستووەتە سەر پشت و نەیهێشتووە یاسا و دادگا رۆڵی خۆیان ببینن.

لەم سۆنگەیەوە کە عەبدولکەریم قاسم، کە ئەم کارەی دژی بنەماڵەی پاشایەتی کرد، دواتر بۆ خۆشی تووشی هەمان چارەنووس بوو، کاتێک نەتەوەپەرست و بەعسییەکان لە ساڵی 1963 سەریان هەڵدا و بە دڕندانەترین شێوە لە باڵەخانەی رادیۆ عەبدولکەریم قاسمیان تیرۆر کرد. ئەوەش جێگەی سەرنج و تێبینییە ئەو کەسەی عەبدولکەریم قاسمی تیرۆر کرد، ئەفسەر عەبدولسەلام عارف بوو، کە هاوڕێی عەبدولکەریم قاسم بوو و هەردووکیان دەستیان لە تیرۆرکردنی بنەماڵەی پاشایەتیدا هەبووە.

حزبی بەعس لە ساڵی 1968 بە کوودەتا بە هاوبەشی لەگەڵ باڵێکی ناسیۆنالیستی عەرەبی، هاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام وەک کوودەتایەکی سپی سەیری کرا، چونکە ئەو کاتە رێگەیان بە سەرۆک عەبدولڕەحمان دا بۆ تاراوگە بڕوات، بەڵام کوودەتاکە هێندەی نەخایاند، واتە تەنها دوای 13 رۆژ بەعسییەکان هاتنەوە سەر حوکم و عەبدولڕەزاق نایفیان لە بەریتانیا تیرۆر کرد و ئیبراهیم داود بۆ چەند دەیەیەک لە بەرچاوان ون بوو.

لە ماوەی دوور و درێژی دەسەڵاتی حزبی بەعس 1968 - 2003 دا تیرۆری سیاسی لە نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و رێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆندا زۆر هەبووە و لەم ماوەیەدا چەندین جار هەوڵی تیرۆری خودی سەدام حوسێن دراوە، بەڵام هەوڵەکان شکستیان هێناوە، لەوانە هەوڵێک، کە لە هاوینی 1990 بە سەرۆکایەتیی هەردوو ئەفسەر سەتح غانم جبووری و موزحی عەلی جبووری بە هاوکاریی خێڵی جبوور بوو بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس، بەڵام ئەوکات دەسەڵاتی عێراق دەیان تیرۆر و هەوڵی بۆ سەر ناڕەزایانی عێراق بەڕێوە برد، وەک تیرۆرکردنی محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەری حزبی دەعوە و تیرۆرکردنی محەمەد محەمەدسادق سەدری سەرکردەی ئایینی، کە دەکاتە باوکی موقتەدا سەدر، هەروەها هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1971 درا کە بێ ئەنجام بوو، لەگەڵ دەیان هەوڵی دیکەی تیرۆرکردن لە دەرەوەی عێراق.