كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

جووتیار عادل: له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا مووچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌ش ده‌كرێن

جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، مووچه‌ی هه‌موو ده‌زگا و فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش ده‌كرێ.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8/11/2021، جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی مووچه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: دابه‌شكردنی مووچە بەردەوامە و لەم چەند ڕۆژەی داهاتوو سەرجەم دامودەزگاکان مووچە وەردەگرن.

گوتیشی: هەر پارەیەک کە دێت بۆ خەزینەی حکوومەت، ئەولەویەت بۆ مووچەیە، ئەوە بڕیارە و پاشەگەزبوونی تێدا نییە.
سەبارەت بە هەوڵی تیرۆری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جووتیار عادل گوتی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر مستەفا کازمیی ئیدانە کرد و ئێمە باوەڕمان وایە کە کێشەکان دەبێ لەڕێگەی ئاشتی و سیاسییەوە چارەسەر بکرێن و ئەو جۆرە کارانە کاریگەریی خراپی لەسەر سەقامگیریی عێراق و کوردستان و هەموو ناوچەکە دەبێت.
سەبارەت بە هەلی کار بۆ گەنجانیش وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندووە کە ناکرێت حکوومەت تەنیا پشت بە کەرتی نەوت ببەستێت، بۆیە لە سەرەتاوە بودجەی باشمان بۆ سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار تەرخان کردووە و توانیمان لەو ماوە کورتەدا سێ سایلۆی گەورە دروست بکەین و هانی جووتیاران و گەنجەکانمان دا کە بزنسی خۆیان هەبێت.
سەبارەت بەو چەند میلیار دینارەی بڕیار بوو حکوومەتی عێراق بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر بینێرێت، جووتیار عادل ڕوونی کردەوە کە تاکوو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ پارەیەکی بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر نەناردووە و بەپێی خەمڵاندنی ئێمە زیانەکان نزیکەی شەش میلیار دینارە.
دەبارەی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٢شەوە گوتی دەستمان پێ کردووە.