وردەكاریی بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی كارەبا دەخرێتە ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وردەكاریی بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی كارەبا دەخرێتە ڕوو

 بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبا ئاشكرای دەكات، بە دوو شێواز بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی كارەبا جێبەجێ دەكرێت. گوتەبێژی وەزارەتەكەش رایدەگەیەنێت، ئەگەر کەسێک یەک ملیۆن دینار قەرزدار بێت، 150 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە.

دەرفەتێكی باش بۆ دانەوەی قەرزەكان

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە، وەکو دەرفەتێک بۆ هاوبەشانی کارەبا، کە قەرزارن، بە رێژەی 15% بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەرکراوە، و ماوەکەی دوو مانگە، بۆیە دەرفەتێکی باشە، بۆ ئەوەی هاوبەشانی کارەبا لەو ماوەیەدا قەرزەکانیان بدەنەوە".

ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان لە كۆبوونەوەی رۆژی 27/10/2021  بڕیاری دا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن و سەرپێچیی کارەبا، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا کۆتایی ئەمساڵ، بڕی پارەی پێویست دەدەن، کە لە ئەستۆیاندایە.

"ئەگەر کەسێک یەک ملیۆن دینار قەرزار بێت 150 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە"

ئومێد ئەحمەد، جەخت دەكاتەوە، بڕیارەكە بارسووكییەك دەبێت بۆ ئەو كەسانەی قەرزارن، گوتیشی: "ئەگەر کەسێک یەک ملیۆن دینار قەرزار بێت، 150 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمە ژمارەیەکی گەورەیە، هەتا کەسەکە قەرزەکەی زۆرتر بێت، پارەیەکی زیاتری بۆ دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی هیچ قەرزێکی لا نامێنێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بە دەم ئەو داواکارییەوە بێن و قەرزەکانیان بدەنەوە".

بە دوو رێگا لێخۆشبوونەكە جێبەجێ دەكرێت

لای خۆیەوە حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هاووڵاتی دەتوانێت بە دوو شێوە دەست بە مامەڵە بكات بۆ ئەوەی لە بڕیاری لێخۆشبوونەكە سوودمەند بێت، كاتێك سەردانی فرۆشیاری وزەی سەر بە فەرمانگەی كارەبا دەكات، دەبێت وێنەی نێو پێوەری كارەباكەی گرتبێت و لای بێت، لەوێ بە پێی پسوولەیەك 15%ی داشكاندنەكەی بۆ دەكرێت و پارەكەی لێ وەردەگیرێت".

 

سەبارەت بە شێوەی دووەمی لێخۆشبوونەكەش گوتی: "سەبارەت بە ماڵان ژمێركارەكانی كارەبا پسوولە دەگێڕن و لە خوارەوەی پسوولەكە 15%ی داشكاندنەكە كراوە و ئاماژە بە بڕی لێخۆشبوونەكە كراوە، هاووڵاتی دەتوانێت لە ماڵی خۆیەوە سوود لە لێخۆشبوونەكە وەربگرێت و پاركە بداتە ژمێركار".

پسوولەكان چاپ دەكرێن و دابەش دەكرێن بەسەر هەموو ماڵاندا.

 

روونیشی كردەوە کە بڕی قەرزەكە هەرچەند بێت لە هەزارەوە تاوەكوو ملیار لێخۆشبوونی 15% دەیگرێتەوە و بڕیارەكەش تاوەكوو 31/12/2021 دەبێت.

 

یەک تریلیۆن و 300 ملیار دینار قەرزی كارەبا لای خەڵكە

 

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو: "پێشتر ماوەی نۆ مانگ 15% لێخۆشبوون بۆ قەرزی کرێی کارەبا هەبوو، ئێستا دوو مانگی تر كاری پێ دەكرێت، ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە".

 

بەپێی داتاكانی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، بەگشتی لە هەرێمی كوردستان، یەک تریلیۆن و 300 ملیار دینار قەرزی كارەبا لای خەڵكە.

 

حوسێن حەمەد دەڵێت: "قەرزی هەموو هاوبەشانی كارەبا بە ماڵان و میری و بازرگانی و كشتوكاڵی و پیشەسازییەوە لە هەولێر 500 ملیار دینارە".