كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 04/11/2021

ئەمریکا و تورکیا و کڕینی سیستەمی مووشەکیی S400 ڕووسی

بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، یەکێکە لە بابەتە ئالۆزەکان، بە تایبەت دوای هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ سەر دەسەڵات لە تورکیا، لەبەرئەوەی ئەو پارتە ڕوانگە و تێڕوانینی جیاوازە بۆ پرسەکانی دەرەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە جیاواز بوو لەگەڵ قۆناغی پێشووتر، ئەمەش لە ئاراستە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە.

بۆیە ناکۆکی و تێڕوانینی جیاواز لەلایەن هەم دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە و هەمیش لەلایەن ئیدارەی واشنتۆن لەسەر کۆمەڵێک پرسی هەرێمی و جیهانی سەری هەڵدا. ئەم هەڵبەز و دابەزە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تا دەگات بە ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە ئاشکرا بەدی دەکرێت. ئەمەش دەرئەنجامی کۆمەڵێک گرفت و ناکۆکییە لە پەیوەندەییەکانی نێوانیان.

دوای دەستبەکاربوونی بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان دراوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە ئیدی پرسە ناکۆکەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بە تەواوی ئاسایی دەبنەوە. لە ماوەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی چەندین لوتکەی جیهانیدا، سەرۆکی هەردوولا چەند جارێک کۆبوونەوە و گفتوگۆی دوولایەنەیان ئەنجام داوە بۆ باسکردن لەسەر دۆسیە گرنگەکانی نێوان هەردوولا لەپێناو دۆزینەوەی ڕوانگەیەکی هاوبەش و گونجاو بۆ پرسە ناکۆکەکانی نێوانیان.

لێرە دەتوانرێت بگوترێت سەرۆکی ئەمریکا بایدن، لە بابەتی تورکیادا خاوەنی ھەڵوێستێکی ھاوشێوەی ئیدارەکانی پێشووترە، بەو مانایەی گومان بەدی دەکرێت لە هەڵوێستی ئیدارەی بایدن، ئەمەش لە ئەنجامی کاری چڕی لۆبیی دژ بە تورکیا لە ئەمریکا ڕەنگی داوەتەوە، کە ھەستی دژ بەو وڵاتە لە کۆنگرێس و دامەزراوەکانی ئەمریکا و راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتەدا گەیاندە ئاستێکی باڵا.

لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردوغان لەمیانەی لوتکەی (جی ٢٠) کە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە چوو، لەمبارەیەوە کۆشکی سپی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بەم جۆرە بۆ میدیاكان خستەڕوو: لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی سیاسیی سووریا، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەفغانستان، هەڵبژاردنی لیبیا، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیبلۆماسییەکانی باشووری قەفقاس گفتوگۆی لەسەر کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە هەبوونی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی S400ی ڕووسی لە تورکیا و وەها هاتووە: بایدن سەرنجی خستووەتە سەر نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەسەر هەبوونی سیستەمی مووشەکی S400ی ڕووسی کە لەدەستی تورکیادایە، هاوکات بایدن ستاییشی رۆڵی تورکیای کردووە لە هاوکاریکردنی ئەرکی ناتۆ لە دوو دەیەی رابردوودا لە ئەفغانستان.

کەواتە بابەتی هەبوونی سیستەمی مووشەکیی S400ی ڕووسی لە تورکیا، یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا، لەبەرئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لەو بڕوایەدایە کڕینی ئەم سیستمە لەلایەن ئەندامێکی هاوپەیمانیی ناتۆ، پێچەوانەی بنەماکانی ئەم هاوپەیمانییەیە، هەروەها ئەمریکا لەسەر ئاستی ئیدارەی دەوڵەت و ڕاوێژکاران، ئەم هەنگاوەی نێوان موسکۆ و ئەنقەرە بە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پۆتین و ئەردۆغان لەقەڵەم دەدەن. بۆیە ئیدارەی ئەمریکا تورکیای لە بەرنامەی پیشەسازیی سەربازیی خۆی جیا کردووەتەوە، هەروەها واشنتۆن هەموو هەوڵێک دەدات تورکیا پاشگەز بکاتەوە لە سیستمی بەرگریی مووشەکیی ڕووسی، لەلایەکی ترەوە بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە بایدن پەشیمان بکەنەوە لە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێف -١٦ بە تورکیا.

وەک دەردەکەوێت، جیاوازیی گەورەی نێوان تورکیا و ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی، نزیکبوونەوەی تورکیایە لە ڕوسیا، لە کاتێکدا تورکیا ھۆکاری نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا دەگەڕێنێتەوە بۆ نائومێدبوونی لە کۆمەک و ھاریکاریی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بۆ دەستوەردانەکانی لە سووریا لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەڵێن دەستوەردان و ئۆپەراسیۆنەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن ئەنجام داوە.