كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

(یاسنیوز) دوایین هەنگاوەكانی یاسای چاكسازی لەبارەی خانەنشینیی پێشمەرگەوه‌ ئاشكرا دەكات

بەرپرسێكی خانەنشینی پێشمەرگە، لەبارەی چەند هەنگاوێكی تری جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی روونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات، شەهیدانی شەڕی داعش، مووچەکانیان بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان دەگوازرێتەوە.

لیوا سەرحەد جەلال لاوەرانی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و کەمئەندامانی خانەنشینیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نزیكەی دوو هەزار 500 دۆسیه‌ی خانەنشینی (سەربازی، كۆچكردوو، خانەنشین بە هۆكاری تەندروستی)، دۆسیەكانیان رەوانەی خانەنشینیی گشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە و ئەوانەی خانەنشین دەکرێن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان، دوای ڕێکخستنەوەی دۆسیەکانیان، ڕەوانەی خانەنشینیی گشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکرێن و ڕاستەوخۆ مووچەیان بۆ دەبەسترێت".

ئاماژەی بەوەش دا: "بەپێی یاسای چاکسازی، ناکرێ مووچەی خانەنشینی لە شوێنی تر خەرج بکرێت، بەڵكوو دەبێ تەنیا لە خانەنشینی گشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری بێت".

خانەنشینکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەپێی یاسای ژمارە 38ی ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە لە ساڵی 2007 و یاسای كەمئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەر بە ژمارە 34ی ساڵی 2007 دەبێت.

روونیشی كردەوە، هێزەکانی پشتیوانیی یەك گوازراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە شەهیدان و کەمئەندامان و خانەنشینانیان گوازراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و کەمئەندامان، بەپێی یاسای چاكسازی، دوای ڕێکخستنەوەی دۆسیەکانیان، ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێن.

لیوا سەرحەد جەلال لاوەرانی، پێوەند بە شەهیدانی شەڕی داعش گوتی: "تایبەت بە شەهیدانی شەڕی داعش، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و کەمئەندامان وردبینی کرا، بەپێی ڕێنوێنییی ژمارە 5ی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و ڕەزامەندییان بە نووسراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر گواستنەوەی مووچەکانیان بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەپێی یاسای چاکسازی".

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و کەمئەندامانی خانەنشینیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستە ڕوو: "سەبارەت بە کەمئەندامان، لیژنەی پزیشکیی باڵا، بەپێی یاسای چاکسازی کاری خۆی دەکات، چاوەڕێی بڕیارەکانیان دەکەین، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی کەمئەندامان، ئەوانەی سکاڵایان هەیە و ئەوانەی لەبەردەم لیژنەی پزیشکیی باڵا ئامادە نەبوون".

د. عەبدولحكیم خه‌سره‌و، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دۆسیەی هەزار و 18 شەهیدی شەڕی داعش بڕیاری گواستنەوەیان بۆ وەزارەتی شەهیدان دەرچووە، چونكە نابێت ئەو دۆسێیانە لە وەزارەتی پێشمەرگە بن، بەڵكوو دەبێ لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و  دارایی بن".

پێوەند بە خانەشینی و كەمئەندامیی پێشمەرگە، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون گوتی: "له‌ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازیدا، له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ش پرۆسه‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی سوودمه‌ندانی خانه‌نشینیی كه‌مئه‌ندامان و په‌ككه‌وته‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامه و پێداچوونه‌وە بە دۆسیەی ‌نزیكه‌ی نۆ هه‌زار كه‌سدا ده‌كرێت، به‌شێكیان شایسته‌ن و به‌شێكیشیان ڕێژه‌ی په‌ككه‌وته‌ییان ده‌گۆڕێت، نزیكەی دوو هەزار و 500 خانەنشینیش گواستراونەتەوە سەر خانەنشینی وەزارەتی دارایی".