كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
سۆزان جەمال 31/10/2021

تووڕەبوون، تەمەن کورت دەکات

بەزۆری خەڵکی سڵ لە دەربڕینی هەست و سۆز و هەڵچوونەکانیان دەکەنەوە و لەبەر هەر هۆیەک بێ لە گوزارشتکردن لە خۆیان ڕاستگۆ نین . بۆ نموونە، لە توڕەییدا سوور و شین بووەتەوە و بەسەر هاوژینەکەی، یان منداڵەکەی، یان هاوڕێکەیدا هاوار دەکات، کەچی کاتێ پێی دەڵێی ئەوە تووڕەیی بۆ چییە؟ بە زۆر خۆی دەهێنێتە پێکەنین، گوایە بە گاڵتەی بووە. هەموو دەزانین کە شێوازە تەندروست و ئەدەبییەکە ئەوەیە کە کۆنتڕۆڵی تووڕەبوونەکانی خۆمان بکەین، تا هەستی بەرامبەر بریندار نەکەین. وەلێ کۆنتڕۆڵکردن واتە دۆزینەوەی ڕێگەی دیکە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و تێگەیاندنی بەرامبەر، نەک خۆتووڕەکردن و پاشان نکۆڵی لێکردنی.

ئەگەر خەڵکی بەو ڕاستیەیان بزانیایە، کە هەڵچوونی وەک تووڕەبوون و هاوکات نکۆڵیکردن لێی، زیانی زیاتر بە دەروون و جەستەی خۆیان دەگەیەنێ، وەک لە هەستی بەرامبەرەکەیان، هەرگیز لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ئەوەندە تووڕە نەدەبوون. خەڵکی کاتێ تووڕە دەبن کە دەترسن، یان لەژێر فشاردان، هەست دەکەن ئەو کارە، یان ئەو شتە، یان ئەو کەسە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دەرچووە. کاتێ کە تووڕە دەبیت، ئەدریناڵین بە بڕێکی زۆر دەچێتە ناو ڕێڕەوی خوێنەوە، لێدانی دڵ زیاد دەکات، ماسوولکەکانت گرژ دەبن. بەردەوام دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتەش، زیانێکی گەورە بە تەندروستیی دڵت دەگەیەنێ. هەروەها کاریگەریی خراپی هەیە بۆ سەر سیستمی بەرگریی لەش و شکست دەهێنێ لە پارێزگاریکردنی لەش و لێرەوە هۆکار زۆر دەبن، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی زوو زوو و بەردەوام و بەتوندی تووڕە دەبن، تەمەنیشیان کورتتر بێ، بەراورد لەگەڵ خەڵکانی دیکە، کە کەمتر تووڕە دەبن.

زۆر گرنگە جارجار بنیادەم بە خۆیدا بچێتەوە و وەک چۆن دەچێ بۆ پشکنینی خوێن، یان ئاگای لە جۆر و بڕی خوردنەکانیەتی، تا پارێزگاری لە تەندروستیی جەستەی بکات، ئاوا لایەنی دەروونیشی بەلاوە جێی بایەخ بێت. بەتایبەتی ئەگەر تۆ لەو کەسانەی کە بە تووڕە و عەسەبی ناسراوی، هەتا زووە هەوڵی تەواو بدە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆت.

بەر لە هەر شتێ، دەبێ بە شوێن ئەو هۆکارانەدا بگەڕێی، کە تووڕەت دەکەن و وات لێ دەکەن کۆنتڕۆڵی خۆت لەدەست بدەیت. ڕاستە گۆڕینی هەندێ شت لە ژیاندا ئەستەمە، وەلێ دەکرێ چۆنێتیی ڕوانینمان بۆیان بگۆڕین. هەروەها دەبێ ئەوە بزانین کە ئێمە ناتوانین ڕەفتار و سروشتی خەڵکانی چواردەورمان بگۆڕین، ئێمە دەسەڵاتمان بەسەر بیرکردنەوە و قسەی بەرامبەرەکەماندا نییە، وەلێ دەسەڵاتمان بەسەر خۆماندا هەیە.

ئەو کاتانەی هەست دەکەی نزیکە کۆنتڕۆڵی خۆت لەدەست بدەی، هەوڵ بدە شوێنەکە جێ بێڵی، ئەگەر نەتوانی، ئەوا لە جێی خۆتەوە، بە قووڵی هەناسە هەڵکێشە و هەناسە بدەرەوە، لەو چەند چرکەیەدا کاتت دەبێ بۆ ئەوەی بیر بکەیتەوە و ڕێگەیەکی دیکە بدۆزیتەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکەت، یان تێگەیاندنی بەرامبەرەکەت، کە تۆ بەو شتە قەڵسیت و ناتەوێ دۆخەکە بەو شێوەیە بڕوات بەڕێوە، هەمیشە ئەوەشت لەبیر بێت، زۆربەی تووڕەبوونەکان لەدوای ماوەیەکی زۆر کورت پەشیمانییان لەدوایە، کەواتە پێش ئەوەی تووڕەبوون هەر ڕوو بدات، ئەو ماوە کورتە بە خۆت ببەخشە، هەم خۆت بەدوور دەگری لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەو هەڵچوونە، هەم دڵی بەرامبەرەکەشت ناشکێنیت.