كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران تەواو دەکرێ

 سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت، پێداچوونەوەمان به‌ دۆسیەی فەرمانبەرانی مەدەنیدا تەواو بووە.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30/10/2021، د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی مەدەنی تەواو بووە، زیاتر لە  365 هەزار  دۆسیەی فەرمانبەری مەدەنی کراوە،  واتا سەداسەد پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران کراوە".

لە ساڵی ڕابردوودا، بەپێی یاسای چاکسازی ھەموو وەزارەتەكان ڕاسپێردران كە لە ڕێگەی  لیژنەی  تایبەت پێداچوونەوە بە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەراندا بكەن.

ئاماژەی بەوەش دا:" پاش پێداچوونەوە، وردبینی لەو دۆسیانە دەستی پێکردووە، بۆ ئەوەی غەدر لە کەس نەکرێت و بەیەکسانی کاری لەسەر بکرێت و دادپەروەری تێدا بێت".

عەبدولحەکیم خەسرەو، باسی لەوەش کرد: "دۆسیەی فەرمانبەران و کارمەندانی سەربازیش ڕێک دەخرێتەوە، ئەویش بەپێی ڕێنوێنیی دارایی ژمارە31".

لەو ماوەیەدا، دۆسیەی 2 هەزار و 424 کەس لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی و کەمئەندامی، گواسترایەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وه‌زارەتی دارایی.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئەوەشی خستەڕوو ئەوە قۆناغی یەکەمه و قۆناغی تریش بۆ ئەو بابەتە ماوە.