قەیرانی پێکهێنانی کابینەی حكوومەت لە عێراق
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 28/10/2021

قەیرانی پێکهێنانی کابینەی حكوومەت لە عێراق

فەلسەفەی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بریتییە لەوەی کە گرووپ، پارت و لایەنە سیاسییەکان لە دەوڵەت لەجیاتی پەنابردن بۆ ئامرازی توندوتیژی، لە پڕۆسەی سیاسیدا بەنا ببەن بۆ ئامرازی دیالۆگ و ئاشتی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و گرفتەکان لە ڕێگەی دەنگی گەلەوە. بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، لە عێراق حاڵەتەکە پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ حیکمەت و فەڵسەفەی هەڵبژاردن.

ئەگەرچی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی حكوومەت لەسەر بنەمای دیموکراسی و دەنگی گەل بێتە کایەوە، کەچی سەختی و زەحمەتییەکانی پڕۆسەی سیاسی لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانەوە دەست پێدەکات، سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دواتر ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەڵام لایەنەکان دەکەونە نێو کێبڕکێ و ململانێیەک کە هیچی کەمتر نییە لە کێبڕکێی قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەمەش دەبێتە لەمپەری هەرە گەورەی بەردەم پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی حكوومەت.

کەواتە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بەردەوام پرسی پێكهێنانی کابینەی حكوومەت، یەکێک بووە لە بابەتە پڕ لە کێشە و ئاڵۆزەکان. بە واتای ئەوەی هەموو کات بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی هاووڵاتییان لەلایەن لایەنێکی سیاسی لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە، بە پێچەوانەی دەوڵەتانی تر لە جیهان لەجیاتی ئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیریی سیاسی، بووەتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ناکۆکی و ئاڵۆزیی سیاسی، بە جۆرێک هەندێک کات ئاڵۆزییەکە گەیشتووەتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژی.

سەرچاوەی ناکۆکی لەنێوان لایەنەکان دەربارەی پێکهێنانی کابینەی حكوومەت، پەیوەستە بەوەی کە ئایا کام لیست یان هاوپەیمانی دەبێتە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ ئەوەی کابینەی حكوومەت پێکبێنێت؟ هەندێک لایەن پاڵپشتی لەوە دەکەن کە مەرج نییە لیستێک یان هاوپەیمانییەک زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا، بە مانای ئەوە بێت کە کابینەی حكوومەت دروست دەکات، بەڵکوو ئەو بۆچوونە پاڵپشتی لەوە دەکات کە لەدوای هەڵبژرادن هەر لایەنێک توانی هاوپەیمانی دروست بکات و بگاتە ئەو ئاستەی کە ٢/٣ی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێک بێنێت ئەو دەتوانێت کابینەی حكوومەت دروست بکات.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی حكوومەت بەرەوڕووی حاڵەتێکی لەم شێوەیە بووەوە، ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەکانی کورسییەکانی ئەیاد عەلاوی زیاتر بوو لە کورسییەکانی نووری مالیکی، بەڵام بەهۆی ئەوەی مالیکی توانی هاوپەیمانییەک دروست بکات لەدوای هەڵبژاردن، بۆیە سەرەئەنجام مالیکی توانی کابینەی حكوومەت دروست بکات، ئەوەش دوای ماوەیەکی زۆر لە ناکۆکی و ململانێ.

لە دوایین هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کە لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەنجام درا، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ئەو پرسیارە هاتووەتە ئاراوە: ئایا گەورەترین لیستی براوەی هەڵبژاردن کە لیستی موقتەدا سەدرە کابینەی حكوومەت پێکدێنێت، یان بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ لیستی تر دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانی دروست دەکەن، کە ئێستا لیستی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، لەبەر ئەوەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن مالیکی کەوتووەتە خۆ بۆ ئەئجامدانی مانۆڕێکی سیاسی لەپێناو دروستکردنی گەورەترین کوتلەی هاوپەیمانی لەنێو پەرلەمان بۆ ئەوەی هەمان ئەزموونی ساڵی ٢٠١٠ دووبارە بکاتەوە، بەڵام ئەمەش ئاسان نییە.

چونکە لە بەرامبەردا گەورەترین لیستی براوەی هەڵبژاردن کە لیستەکەی سەدرە پێناچێت بێتە ژێر باری بارودۆخێکی لەم جۆرە، یانیش قبووڵی ئەوە بکات کە لایەنێکی تر حكوومەت پێکبێنێت، لەبەرئەوەی سەدر یەکێکە لەو سەرکردانەی کە توانای جووڵاندنی شەقامی هەیە، سەرئەنجام دەتوانێت ناسەقامگیری لە پڕۆسەی سیاسییدا دروست بکات.

کەواتە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیری لە سیستمی سیاسی و قەیرانی پێکهێنانی کابینەی حكوومەت، پەیوەستە بە بابەتی لیسی براوە لە هەڵبژاردنەکان و دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لەدوای هەڵبژاردن، ئەمە پرسێکە تا ئێستا یەکلای نەبووەتەوە کە ئایا کامیان مافی پێکهێنانی کابینەی حكوومەتی هەیە، هەروەها ئەم بابەتە هۆکاری سەرەکییە لە دواخستنی پێکهێنانی کابینەی حكوومەت لە عێراق.