نوێترین زانیاری لەبارەی بە سەربازگەكردنی گوندی تۆپزاوای کەرکووک دەخرێتە ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نوێترین زانیاری لەبارەی بە سەربازگەكردنی گوندی تۆپزاوای کەرکووک دەخرێتە ڕوو

بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شاری كەركووك نوێترین زانیاری لەبارەی بە سەربازگەكردنی گوندی تۆپزاوا ئاشكرا دەكات.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 27/10/2021 خەلیل ڕەحیم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كەركووك بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بە سەربازگەكردنی گوندی تۆپزاوا لەناو هەمان ئەو هۆڵانەی كە لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكانی رابردوو هاووڵاتییانی كوردی تێیدا زیندانی كرابوون و پاشان ئەنفال كران ڕاگیرا، بەڵام ئەم ڕاگرتنە ناچێتە قاڵبی ئەوەی كە بەنیاز نەبنەوە جارێكی تر بۆ هەمان ئامانج كار بكەنەوە، بۆیە ئەگەر نەكرێتە مۆنۆمێنت یاخود مۆزەخانە ئەوا هەر مەترسی لەسەر دەمێنێت".

گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە ئێمە نووسراومان بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدانی و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە ئەو شوێنە بكرێتە مۆنۆمێنت و ئەوكاتە هیچ هێزێك دەستی بۆ نابات".

ژمارەیەك لە چالاكوانانی كەركووك كەمپینێكیان ڕاگەیاندووە و داوایان کردووە ئەو شوێنە لەناو گوندی تۆپزاوا كە لە ساڵانی دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو خەڵكی تێدا زیندانی كراوە و ئەنفال كراون، بكرێتە مۆنۆمبێت.

پیشتر (باسنیوز) ئاشكرای كرد كە عەمیدێكی سوپای عێراق بەناوی عەمید محەمەد كە دانیشتووی گەڕەكی واستی شاری كەركووكە بلۆكی بردووەتە گوندی تۆپزاوا بۆ ئەوەی ئەو هۆڵانەی كە لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو لە قۆناخەكانی سێ و چواری ئەنفال، هاووڵاتییانی كورد تێیا زیندانی و ئەنفال کران، گەورە بکەنەوە.

ئامانجیان لەو کارە ئەوەیە کە ئەو شوێنە بكەنە سەربازگە و هەر ئەو ئەفسەرە بە دانیشتووانی گوندەكەی گوتبوو 20 سەربازی تێدا جێگیر دەكەن، لە بەرانبەردا ناڕەزایی خەڵكی گوندەكە و چالاكوانانی لێ كەوتەوە و ئێستاش ئەو هەوڵەی كە سوپا داویەتی ڕاگیراوە، بەڵام هێشتا مەترسی لەسەری ماوە كە ماوەیەكی تر ئەوەی كە دەیانەوێت بیكەن.