لە دابەشكردنی بەنزینەكەی شاسواردا 3 كەس بریندار بوون!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 27/10/2021

لە دابەشكردنی بەنزینەكەی شاسواردا 3 كەس بریندار بوون!

دوای ئەوەی كە نیوەڕۆی 26– 10–2021 یەكەم وەجبەی تانكەرە بەنزینەكانی سەرۆكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ لە سلێمانی گەیشتە شار! ئیتر بەسەر بەنزینخانەكانی شاردا دابەش كران و بە گەورەییش لەبەردەم ھەر بەنزینخانەیەكدا نووسرابوو (نرخی یەك لیتر بەنزینی ئۆكتان شاسوار تەنیا 475 دینارە و ھەر بەنزینخانەیەكیش سەرپێچیی كرد، دەستبەجێ پەیوەندی بكەن بە ژمارە مۆبایلی سەرۆكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ یان ئەحە ماخۆلانی شۆفێر ئەقدەم و بەئەزموونی یەكێك لە تانكەرەكان). بەڵام لە كاتی دابەشكردندا و لە دوو بەنزینخانەی جیاجیای شاردا، بوو بە شەڕ و هەڵڵا و لە ئەنجامدا 3 كەس بریندار بوون، بەم شێوەیە:

1- لە یەكێك لە بەنزینخانەكانی سەر جادەی شەستیەكە، شاھیدحاڵێك بۆی گێڕامەوە: ”دوای ئەوەی كە یەكێك لە شۆفێرەكان جگە لەوەی تانكیی ئۆتۆمۆبێلەكەی فوول دەكات، دوو دەبەی 20 لیترییشی پێبوو و دەیویست ئەو دوو دەبەیەش فوول بكات، شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی بێ ژمارە كە شۆفێرەكەی چاویلكەیەكی ڕەشی لە چاودا بووە، جگە لەوەی چەكێكی ئێم فۆڕی لە شان و ملی ئاڵاندبوو، دەمانچەیەكی كڵۆكیشی كردبوو بە لاقەدیدا و دەستبەجێ لە ئۆتۆمبێلەكەی دابەزی و دوو شەقی لە ھەردوو دەبەكەی شۆفێری پێش خۆی دا و یەكێك لە دەبەكانیشی كێشا بەسەر شۆفێرەكەی پێش خۆیدا، لە وەڵامدا شۆفێرەكەش دەبەی دووەمی ھەڵگرت و گرتیە كابرای چاویلكەڕەش، ئەمیش پەتی تەحەمولی پچڕا و دەستبەجێ بە دەمانچە كڵۆكەكەی فیشەكێكی نا بە قاچی شۆفێرەكەی پێش خۆیەوە، ئیتر بووە حەشرێك مەگەر ئەو خوایە بۆ خۆی بزانێت، دواتر شۆفێرە مەدەنیە بریندارەكە، گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتن و تەقەكەرەكەش ڕایكرد!“.

دواتر لە پەیوەندییەكمدا لەگەڵ پۆلیسی سلێمانی، پێیان راگەیاندم: ”ساڵی بە ھەزار چووبێت ئەو تەقەكەرە دەستگیر دەكەین و دەیدەینە یاسا، بەڵام جارێ ڕەنگە لای ئەم و ئەو خۆی حەشار دابێت و ھەر كاتێك دەستگیرمان كرد، كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی ساز دەكەین و ھەموو ماجەرا و وردەكارییەكی ئەم شەڕە كە لە كاتی دابەشكردنی بەنزینی ئۆكتان شاسواردا رووی دا، دەخەینە ڕوو، بەڵام جارێ لە خۆتانەوە ھیچ زانیارییەكی نوێ لەسەر ئەو تەقەكەرە بڵاو مەكەنەوە، چونكە ئێمە ئێستا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەداین، با زیان بە ماجەرا و ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكانمان نەگات و زوو تەقەكەرەكە دەستگیر بكەین، نەكا بەھۆی بڵاوكردنەوەی ھەندێك زانیاری لە لایەن ئێوەی ڕۆژنامەنووسەوە، تەقەكەرەكە شوێنی خۆشاردنەوەی بگۆڕێت!“.

2- شەڕی دووەم لە یەكێك لە بەنزینخانەكانی سەر ڕێگەی سلێمانی - عەربەت ڕووی داوە! بەڵام ئەم شەڕەیان لەنێوان دوو شۆفێردا بووە كە یەكێكیان دەیویست نۆرەبڕی لەوی تریان بكات و ئەوی تریشیان ئەم نۆرەبڕییەی پێ قبووڵ نەكراوە، ئیتر بووە بە شەڕە قسە و ئنجا شەڕە قسە تەشەنەی سەندووە و بووە بە شەڕە بۆكس، ئیتر ھەتا ناوبژیوانانی ئەو شوێنە فریا كەوتوون ھەردووكیان ھەندێك دەموچاوی یەكتریان كوتاوەتەوە، لەو كاتەدا پۆلیسی نزیكی ئەو بەنزینخانەیە ھاتوون و ھەردووكیانیان دەستگیر كردووە! ئێستا ھەردووكیان لە یەكێك لە بنكەكانی پۆلیسی سلێمانی دەستبەسەرن و بەگوێرەی مادەی 413 لە یاسای سزاكانی عێراق ژمارە 111ی ساڵی 1969 لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت!

دوای ئەم دوو شەڕە كە سێ كەسی تیا بریندار بووە، شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بە دروستبوونی ئەم ھەرا و بگرەیە لەسەر دابەشكردنی بەنزینەكەی خۆی رێكی خستبوو، گوتی: ”شەرت بێت بە شەرتی ئەو خوایە، جارێكی تر نەچمەوە بۆ ھێنانی بەنزین و دوو پێم نەچێتەوە سەر ئەو مەرزانە، چونكە من چی لە قازانجی بەنزین بكەم ئەگەر ببێت بە ھۆی دروستبوونی شەڕ و برینداربوونی ھاووڵاتیان؟ ئاخر خۆتان دەزانن من ھەموو بەنزینی ئەم دنیایە دەكەم بە قوربانی نینۆكی یەك ھاووڵاتیی وڵاتەكەی خۆم، كەچی ئێستا بە ھۆی ئەو بەنزینەی منەوە 3 كەس بریندارن، یەكێكیان لە نەخۆشخانەیە و دووانەكەی تریشیان لە بنكەی پۆلیس و بە دەموچاو كوتراوی ڕاگیراون!“.

ھەر شاسوار عەبدولواحید بەم شێوەیە كۆتایی بە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەی ھێنا و بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: ”ئیتر پرسیار تەواو، چونكە من ئێستا دەبێ بچم سەردانی بریندارەكەی نەخۆشخانە بكەم و ھەوڵیش بدەم ئەو دوو بریندارەی تر كە لە بنكەی پۆلیس ڕاگیراون، ھەتا دەگەیەنرێنە لای دادوەری لێكۆڵینەوە بەكەفالەت ئازاد بكەم!“.