لۆمەی شاسوار عەبدولواحید مەكەن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 26/10/2021

لۆمەی شاسوار عەبدولواحید مەكەن!

هەڵتۆقین و دەركەوتنی پیاوێكی فاشلی وەكوو شاسوار عەبدولواحید لەنێو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا، خەتای خودی شاسوار نیە، بەڵكوو یەكێكە لە عەیبەكانی سیستەمی دیموكراسیی رۆژئاوایی لە كۆمەڵگەیەكدا كە هێشتا زۆری ماوە پرۆسەی دیموكراسی وەك خۆی هەرس بكات و لێی حاڵی بێت. كە قەدەری خۆتت دایە دەست سندووقەكانی دەنگدان، كە سوور زانیت بەشێك لە دەنگدەران بەپێی پێوەری ماقووڵ و گونجاو دەنگ نادەن، دەبێ چاوەڕێی ئەوەش بیت، تەیری وەكوو شاسوار و خراپتریش! بێنە گۆڕەپانی سیاسەتەوە، جا ئیتر بە ئارەزووی خۆیان، نەزانانە بەناو دەكەون و فروفیشاڵی سیاسی بەسەر خەڵكدا دەبەشنەوە، ئاخر رێچكە و رێسای ساختەچیەكانی سیاسەت وەهایە، لە كوێ خەڵكی ناهۆشیاریان بینی، لەوێ زۆرترین دروشمەكانیان بە گوێی خەڵكدا دەدەن.

دیسان، هەڵتۆقین و دەركەوتنی بازرگانێكی دەستبڕی وەكوو شاسوار عەبدولواحید، لەنێو كایەی ئابووری و بازاڕ و كەسابەتی كوردستاندا، خەتای شاسوار خۆی نیە، بەڵكوو خەتای ئەو سەرۆك حكوومەتەیە كە ئێستا سه‌ركۆماری عێراقه‌ و كاتی خۆی بە ئیمزایەك 40 ملیۆن دۆلاری خەڵك و حكوومەتی بە قەرز داوه‌ته‌ گیرفانبڕێكی وەك شاسوار، خەتای ئەو حزب و سیاسییانەیە كە بڕێكی زۆر لە سامانی بە گەندەڵی وەدەستهاتووی خۆیان، دەدەن بە دەستبڕێكی وەكوو شاسوار تا كاسبیان بۆ پێوە بكات! خەتای ئەو خێزانانەیە كە پارەی مووچە و قووتی خۆیان و ماڵ و منداڵیان بەبێ گرەنتیی یاسایی، بەئاسانی دەخەنە دەستی قۆڵبڕێكی وەكوو شاسوارەوە بە خەون و خەیاڵی ئەوەی لە قازانج و داهاتی چاڤی لاند، بڕێكیان بەركەوێت، ئاخر رێچكە و رێسای دەستبڕان وەهایە، لە كوێ بەرپرسی گەندەڵ، یان خەڵكی ساویلكەیان بینی، لەوێ زۆرترین كەتنی خۆیان دەكەن.

هەمدیس، هەڵتۆقین و دەركەوتن و درۆكردنی بەردەوامی پیاوی خواروخوێچی وەكوو شاسوار عەبدولواحید لە میدیاكانەوە بۆ خەڵك، خەتای خودی شاسوار نیە، بەڵكوو خەتای ئەو كەسانەیە كە بڕوای پێدەكەن، هەزار رەحمەت لە گۆڕی خۆت و باوكت بێرناردشۆ كە گوتت: ”كێشە ئەوە نیە خەڵكێك هەن بەردەوام درۆ دەكەن، بەڵكوو كێشە ئەوەیە خەڵكێك هەن بەردەوام بڕوا بە درۆكان دەكەن“، ئاخر رێچكە و رێباز و رێسای درۆزنەكان ئاوهایە، لە كوێ بینیان خەڵكی سادە و خۆشباوەڕ و ساز و ئامادە بۆ لەخشتەبردن هەیە، لەوێ زۆرترین درۆكانیان پەخش دەكەن.

لە هەموو كۆمەڵگە و وڵاتێكی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا، هەرزەسیاسیی ساختەچی و چەواشەكار، بازرگانی دەستبڕ و كەتنكەر، پیاوی درۆزن و چەواشەكاری وەكوو شاسوار عەبدولواحید، بە رێژە و ژمارەی جیاواز هەن، بەڵام لە هەموو كۆمەڵگە و وڵاتێكدا، سەرۆك حكوومەتی وەك ئەو سەرۆك حكوومەتەی پێشووتر كە ئێستا سه‌ركۆماره‌ و قەرزەكەی بە شاسوار دا، لای ئەوان نیە، حزب و بەرپرسی حزبیی وەك ئەوانەی پارەیان بە شاسوار داوە بۆ كەسابەت، لای ئەوان بەو ژمارەیە نیە، دەنگدەری ناهۆشیار بەو رێژەیەی لای خۆمان، لای ئەوان نیە، خەڵكی ساویلكە و خۆشباوەڕ بەو ژمارە زۆرەی لای ئێمە هەیە، لای ئەوان نیە، بەداخەوە دەبێ بڵێم، یاساش لای ئەوان هێندەی لای ئێمە لاواز نیە، دەنا پێم بڵێن جیاوازیی نێوان شاسوار عەبدولواحید و سلێمان هەڵشۆیی چیە؟ بۆچی تا ئێستا هەڵشۆیی لە زینداندایە و شاسوار لە بازاڕ و سیاسەتدایە؟