كێ بۆ پەرلەمان و كێ بۆ زبڵدان؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 26/10/2021

كێ بۆ پەرلەمان و كێ بۆ زبڵدان؟

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی عێراق، وه‌ك جۆرێك له ‌ڕاپرسی وابوو، به‌تایبه‌تی له سنووری ‌ناوچه‌ كوردستانیە داگیركراوەكاندا كە بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق بە (ناوچە جێناكۆكه‌كان) ناودێر كراون، لەوانەش (كەركووك و دەوروبەری، ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مەخموور و شنگال، خانه‌قین و ناوچه‌كانی دەوروبەری) كه‌ دیرۆك پێمان دەڵێت و دەیسەلمێنێت، به‌شێكن له‌ خاكی كوردستان. لەو ناوچانە، دەنگدەران بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە ئەو راستییەیان پشتڕاست كردەوە كە ئەو ناوچانە بەشێكی دانەبڕاون لە خاكی كوردستان، ئەمە وێڕای ئەو دەیان ساڵە لە پرۆسەی تەعریب و كۆچپێكرنی زۆرەملێ، بەتایبەتیش لە كەركووك و سنووری پارێزگای نەینەوا دەنگدەران ئەو راستییەشیان جێگیر كرد كە بۆچی گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك داكۆكیاری راستەقینە لە مافی خەڵكی ئەو ناوچانە، لەوێ هەبێت و بەهێز بێت.

هه‌ڵبه‌ته‌ به‌گشتی سه‌ركه‌وتنی كاندیدانی هه‌ر لیستێكی كوردستانی له‌ ناوچه‌ داگیركراوەكاندا \بە مەرجێك لە بەرەی خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانەدا بن و لە بەرەی داگیركەران و نەیارانی كوردستانیاندا نەبن\ سه‌ركه‌وتنی كوردستانیانە به‌بێ جیاوازی، بەڵام سەركەوتنی بێوێنەی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو ناوچانە، لەكاتێكدا كە بنكە و بارەگا و رێكخستنەكانی لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆری ٢٠١٧ەوە و لەو ناوچانەدا نین و غایبن، وەڵامێكی لەجێ و گرنگی خەڵكی ئەو ناوچانەیە بۆ هەموو ئەوانەی كە هەوڵی زۆریان دا، پارتی لەو ناوچانەدا هێز و بوون و حزووری نەبێت، بەڵێ ئەنجامەكانی دەنگدان لەو ناوچە داگیركراوانە، پەیامی بە هەموان دا كە ئیدی كاتی گەڕانەوەی پارتییە و كاتی ئەوەیە خەڵكی ئەو دەڤەرانە لەو مەینەتی و غەدر و مەرگەساتانە رزگاریان بێت، دەركەوت نەبوونی پارتی لەو ناوچانە، واتە بەردەوامیی غەدر و خیانەت و كارەسات بۆ خەڵكەكەیان.

دۆستێكی كەركووكیم بۆی گێڕامەوە و گوتی: ”له‌وه‌ته‌ی ده‌نگدان بووەته‌ مافێك بۆ كەركووكیان و كورد له‌ شاری كه‌ركووك بۆیان هه‌بووە ئازادانە ده‌نگه‌كانیان له‌ناو سندووقی ده‌نگدان بخەن، من هەمیشە و لە هەموو هەڵبژاردنێكدا ده‌نگم به‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و كاندیدانی ئەو حزبە دەدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان دید و بۆچوونم گۆڕا و بۆ یەكەمین جار ده‌نگم به‌ كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان دا، چونكه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتم كه پێش 16 ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ شار به‌و هه‌موو كێشه‌یه‌ی كه‌ هه‌یبوو، هی هه‌موان بوو، لێ له‌دوای 16 ئۆكتۆبه‌رەوە، كه‌ركووك هه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ بوو كه‌ فرۆشتیان و كه‌ كڕییان، ئەو دوو گرووپە \كڕیاران و فرۆشیارانی كەركووك\ زێدی ئێمه‌یان كرد به‌ كاڵایه‌كی بێبەها بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان، ئیدی چۆن من جارێكی تر متمانه‌یان پێبكه‌م؟“.

بۆیە من وەك چاودێرێك پێم وایە، ئەگەر بڕیارە سیستەمی دیموكراسی پێڕەو بكرێت، ئەگەر بڕیارە هەڵبژاردن سەنگی مەحەك بێت، ئەگەر بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ یەكلابوونەوەی كێشە سیاسییەكان ئەنجام بدرێت، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەم وەك حزبی براوەی یەكەمی هەموو عێراق و هەموو هەرێمی كوردستان، هەم وەك داكۆكیكارێكی راستەقینە لە مافەكانی خەڵكی كەركووك و نەینەوا بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، هەمیش وەك شایستەبەشی خۆی لە هەڵبژاردنەكاندا، دەبێ داوای پۆستی سەركۆماری عێراق و پارێزگاری نەینەوا و پارێزگاری كەركووك و ئیدارەی مەخموور و شنگالیش بكات، ئاخر خەڵكی ئەو ناوچانە بەوپەڕی دڵگەرمی و دڵسۆزییەوە، دەنگیان بە پارتی داوە تا‌ كۆتایی بەو ناعه‌داله‌تی و ستەمە‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگیانە بهێنێت كە لەو ناوچانە ساڵانێكە بەرۆك و بینەقاقای خەڵكی گرتووە.

دەبێ ئەو راستیە بزانین، مەرج نیە هەموو ئەوانەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا و لە كەركووك، دەنگیان بە كاندیدانی پارتی داوە، ئەندام و لایەنگری پارتی بن، وەك چۆن مەرجیش نیە هەموویان كورد بن، یان لەسەر یەك ئایین و مەزهەب بن، كەواتە گەڕانەوەی پارتی بە هێزەوە بۆ ئەو ناوچانە، خواستی زۆرینەی خەڵكەكەیانە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و ئایینزایانەوە. كەواتە ئەنجامگەلی هەڵبژاردن وەك چۆن پارتیەكانی دڵخۆش كردووە و وەك چۆن متمانەی خەڵكە و وەك چۆن چانس و دەرفەتێكە بۆ پارتی كە هەرچی پێدەكرێت بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە بیكات، ئاوهاش بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە و دڵنیام پارتی حزبی ئەو بەرپرسیارێتیەیە، لە راستیدا ئەو هەڵبژاردنە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچە داگیركراوەكان، راپرسییەكی جەماوەرییش بوو.

ئیتر كاتی ئەوە هاتووە هەموو حزبەكانی كوردستان و تەنانەت میدیا كوردستانیەكان و رێكخراوە مەدەنیەكانیش، وێڕای ئەركی خۆیان لە دەرخستنی راستیەكان و رەخنەگرتن لەپێناو پێشخستنی كوردستان و ئەزموونەكەی و دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی، دەبێ هێز و هیوا و ئومێد لای تاكی كوردستانی دروست بكەن، دەبێ لە خەمی پێشخستنی كۆمەڵگەی كوردستانیدا بن لە هەموو رووێكەوە، دەبێ كاری یەكەممان ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت، هیوادارم لەبیرمان بێت، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق بوو، ئەو عێراقەی لەوەتەی دروست بووە، مافی كورد و كوردستانیانی تێدا زەوت و پێشێل دەكرێت، ئەوەی بۆ ئەو ئامانجانە كار بكات، سەروەریی مێژوویی و دەنگی زۆرینە بۆ خۆی مسۆگەر دەكات و خەڵك دەینێرێتەوە پەرلەمان، ئەوەشی دژی ئەو ئامانجانە كار بكات، وەك گرووپەكەی پێشوو لەلایەن خەڵكەوە دەنێردرێن بۆ زبڵدان!