لە رێگەی پڕۆژەیەكەوە ئارد و نان هەرزان دەكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە رێگەی پڕۆژەیەكەوە ئارد و نان هەرزان دەكرێت

سەرۆكی كۆمەڵەی ئاشەوانەكانی كوردستان: ئارد زۆر دەبێت و لە نانەواخانەكان 12 نان بە هەزار دینار دەبێت

 سەرۆكی كۆمەڵەی ئاشەوانەكانی كوردستان وردەكاریی پڕۆژەیەك ئاشكرا دەكات، كە لە رێگەیەوە ئاردی سفر بەرهەم دەهێندرێت و نان و سەموونیش هەرزان دەكرێت، بەجۆرێك "لە نانەواخانەكان، هەزار دینار 12 نانی پێ دێت، نەك 8 نان".

سالار جەلال قادر فاتەكە، سەرۆكی كۆمەڵەی ئاشەوانەكانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی  راگەیاند: "گرانبوونی ئارد، بەتایبەت ئاردی سفر، بۆ وشكەساڵی و گرانبوونی نرخی گەنمی جیهانی دەگەڕێتەوە، پێشووتر لە سایلۆی هەولێر زیاتر لە 100 هەزار تەن گەنم رادەست دەكرا، ئەم ساڵە 55 هەزار تەن بووە ،لە پارێزگاكانی تریش كەم بووە، بە هەموو كوردسان نەگەیشتە 200 هەزار تەن، بۆیە ئەو وشكەساڵییە كاریگەری هەبوو، لە توركیا و رووسیاش گەنم گران بوو".

لە هەرێمی كوردستان 39 ئاش هەیە و ئاشەكانیش مۆدێرنن و توانای بەرهەمهێنانی ئاردی سفریشیان هەیە.

سالار فاتەكە ئەوەشی خستەر ڕوو، لە ناوخۆ بڕێكی كەم ئاردی سفر بەرهەم دێت، زۆربەی زۆری لە توركیاوە هاوردە دەكرێت، گوتیشی: "یەك كارگەی ئاردی سفری خۆماڵی لە هەولێر و كارگەیەكیش لە سلێمانی و كارگەیەكیش لە دهۆك هەیە هێشتا كاری نەكردووە، بە كارگەیەك و دووان كارەكە ناكرێت، دەبێت کارگە زیاد بكرێن".

ساڵانە بازرگانان زیاتر لە 300 هەزار تەن ئاردی سفر لە توركیاوە دەهێننە هەرێمی كوردستان، كە بەهاكەی زیاتر لە 90 ملیۆن دۆلارە.

وەكوو پشتیوانی لە بەبازاڕكردنی گەنم و بەرهەمی جووتیاران، بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند كارگەیەكی كەرتی تایبەت بۆ گەنم و بەرهەمەكانی كراونەتەوە.

 سەرۆكی كۆمەڵەی ئاشەوانەكانی كوردستانیش پشتیوانیی لەو هەوڵە دەكات و دەڵێت: "ئەو كارە زۆر گرنگە و زۆریش پێی خۆشحاڵین، هیوادارین بەرهەمی باشی بۆ ناوخۆمان هەبێت".

باسی لەوەش كرد، هەوڵێك هەیە و كۆمەڵێك لە خاوەن كارگەكانی ئارد بەشدارن لەو هەوڵە، تاوەكوو مۆڵەت بدرێت بۆ هێنانی گەنم و بەرهەمهێنانی ئاردی سفر، گوتیشی: "لە هەموو عێراق 283 كارگەی ئارد هەیە، هەوڵەكە بەو ئاڕاستەیە، كە بەئارەزوومەندانە هەر كەس خوازیار بێت مۆڵەتی بەرهەمهێنانی ئاردی سفری پێ دەدەن، بڕیارە لە مانگی داهاتوو ئەو مۆڵەتە بدرێت".

زیاتر گوتیشی: "ئەو كارگانە، كە 39یان لە كوردستانن، لەپاڵ ئاردی بەشەخۆراكی بایەعی، ئاردی سفریش بەرهەم بهێنن، ئەوە هەنگاوێكی باشە، چونكە گەنمی باش دێت و ئاردی باش بەرهەم دەهێندرێ، ئەوەش كاریگەریی باش دەبێت، لە نانەواخانەكان 12 نان بە هەزار دینار دەبن، نەك 8 نان و ئاردی سفریش زۆر دەبێت".

سالار قاتەكە جەختی كردەوە، پێشنیارێكیان كردووە بۆ ئەوەی نانەواخانەكان پابەند بكرێن بۆ ئەوەی، لەبڕی ئاردی سفری توركی و ئیماراتی، ئاردی سفری خۆماڵی بەكار بهێنن، گوتیشی: "ساڵانە چوار بۆ پێنج ملیۆن تەن ئاردی سفر بۆ عێراق هاوردە دەكرێت و لەو رگەیەوە پارەیەكی خەیاڵی دەچێتە دەرەوە، ئەگەر لەناوخۆ بێت، لە عێراق یان لە كوردستان، كوالێتییەكەشی باشتر دەبێت، ئەو ئاردانەی لەدەرەوە دەهێنرێن، مواسەفاتی تەندروستییان تەواو نییە".

فاتەكە، ئاشكراشی كرد، بڕیارە حكوومەتی عێراق چەند سایلۆیەك بۆ هێنانی گەنمی هاوردەی تایبەت بە ئاردی سفر دروست بكات، گوتیشی: "چەند سایلۆیەك بۆ ئەو مەبەستە دروست  دەكرێن، پێشنیارم كردووە سایلۆیەك لە قوشتەپە دروست بكرێت و گەنم كە بڕیارە لە بەسڕەوە بێت، دوای دروستكردنی سایلۆكە لە قوشتەپە، لەو سایلۆیەوە گەنم بۆ ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان بدرێت، ئەوان زارەكی رازی بوونە و بڕیارە رەزامەندیی فەرمیی لەسەر بدرێت".

پێیشی وایە، ئەگەر حكوومەت پشتیوانی و پشتگیریی كشتوكاڵ و پیشەسازی بكات، بەتایبەت پیشەسازی، ئەوا دوو ئەركی لە كۆڵ دەبێتەوە، یەكیان پارە ناچێتە دەرەوە، دووەمیش هەلی كاریش زۆر دەبێـت و خەڵك هەموو رووی لە حكوومەت نابێت، بۆیە دەبێت گەشەپێدانی زیاتر لە كارگەی خۆراك و پیشەسازیدا بكرێت. جەختیشی کردەوە: "كابینەی نۆیەم زۆر گرنگیی بە كشتوكاڵ و پیشەسازی دەدات، ئێمە زۆر بەوە خۆشحاڵین".