كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئاشتی کۆچەر: حەماسەی پێشمەرگە لە داستانی سحێلا هەموو خەونی دوژمنانی لەگۆڕ نا

بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال کە خۆی یەکێک لە بەشداربوانی داستانی سحێلا بووە، ڕایگەیاند حەماسەی پێشمەرگە لەو داستانی نەبەردییەدا هەموو خەونی دوژمنانی لەگۆڕ نا.

ئاشتی کۆچەر لەبارەی داستانی سحێلاوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پێشمەرگە و ئاسایش و هەموو دامودەزگا ئەمنییەکان لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە پیلانی داگیرکردنی کوردستانیان تێک شکاند، چونکە چوار ساڵ لەمەوبەر و ڕێکەوتی 26/10/2017 هێز و میلیشیا عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر سحێلا و بەنیاز بوون زاخۆ و دهۆک داگیر بکەن، بەڵام هەمەر و دەبابەی میلیشیا عێراقییەکان لە مەیدانی شەڕدا مانەوە و نەیناتوانی و پێشمەرگە هەموو پلانێکی میلیشیاکانی عێراقی لە سحێلا تێک شکاند و هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی پارتی پارێزرا".

ئەو بەرپرسەی پارتی ڕاشیگەیاند: "دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەو کەسانەی دژی کوردایەتی و نەتەوەی کورد کاریان دەکرد، لە ئەنجامی ئەو خیانەتەیان کەرکووکیان فرۆشت و پلانی ئەوەیان داڕشتبوو بە یارمەتیی میلیشیاکان کوردستان داگیر هەرێمی بکەن، بەڵام پێشمەرگە هەموو خەون و پالانی داگیرکەرانی تێک شکاند و لە پردێیەوە هەتا عەین عوزێر، سحێلا و مەحموودیە هەموو پلانی هێز و میلیشیاکان لەسەر دەستی پێشمەرگە لەگۆڕ نران".

ئاشتی کۆچەر ئاماژەی بەوەش کرد: "لەو حەماسەیەدا لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵێکی مەزنیان هەبوو و بە فەرماندەیی وەحید باکۆزی کە ئەوکات بەرپرسی لقی 17ی پارتی بوو، لەگەڵ چەندین پێشمەرگەی دیکە شەهید بوون، بۆیە پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان بە تۆماکردنی داستانی نەبەردیی سحێلا و بە خوێنی خۆیان بەرگرییان لە خاک و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرد".