كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تەندروستیی عێراق: شەپۆڵی چوارەمی كۆرۆنا بەڕێوەیە

ئەمڕۆ دووشەممە گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق رای گەیاند شەپۆڵی چوارەمی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێوەیە، بەڵام جارێ هیچ تووشبوویەكی ئەم شەپۆڵە نوێیە لە عێراق تۆمار نەكراوە.

سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتەكە لە لێدوانێكدا بۆ (باسنیوز)، دووپاتی كردەوە كە شەپۆڵی چوارەمی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا هەر دەگاتە عێراق، بەڵام لەسەر كات وەستاوە، بە تایبەتیی كە ئێستا گەیشتووەتە ئەمریكا، رووسیا، سعوودیە و چەند وڵاتێكی تری ناوچەكە.

بەدر هەروەها گوتی تاكە ڕێگەچارەی خۆپاراستن لەم شەپۆڵە نوێیە، پابەندبوونە بە ڕێنماییەكانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەرنا لەم شەپۆڵەشدا جارێكی تر ڕێژەی بەرزی تووشبوون و مردن بەهۆی پەتاكەوە تۆمار دەكرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەروەها گوتی زۆر گرنگە تەواوی هاووڵاتییانی عێراق پێكوتەی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەربگرن، بۆ ئەوەی لە تووشبوونی كوشندە بە پەتاكە بەدوور بن.

ئەوەشی دووپات كردەوە كە وەك چۆن لە دواهەمین بەیاننامەدا ئاماژەیان پێداوە، تا ئێستا عێراق لە خانەی مەترسیدایە لەبارەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەتایبەتی كە هێشتا ڕێژەی مردن لە عێراق بەهۆی تووشبوون بە پەتای كۆرۆناوە زۆر بەرزە.