كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

ئێواره‌ى ئەمڕۆ دووشەمە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای كۆبوونەوەیەك، لە راگەیەندراوێكدا گرتنەبەی ژمارەیەك ڕێوشوێنی نوێی بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە كە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، داوا لە هاوڵاتییان دەکات لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتی، هەموو ئەو گردبوونەوە و ئاهەنگانەى لە هۆڵى مزگەوتەکان، ماڵ، شوێنە گشتییەکان، بەبۆنەى یادى لەدایکبوونى پێغەمبەری ئیسلام ڕابگرن، لە هەولێرى پایتەخت ئەوەى پێویست بووە بۆ ئەم یادە مەزن و پیرۆزە لەئەنجامدانى ڕێورەسم و یادکردنەوەى ئەم ڕۆژە پڕشکۆیە ئەنجام دراوە، بۆیە داوکارن هاووڵاتییان و هاوشاریان پابەندبن بەم بڕیارەوە.

هەروەها ئاماژەی داوە كە سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێكارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتر بكه‌ن.

دووپاتیشی كردووەتەوە كە بەستنی ماسک بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.

ئەمانەی خوارەوەش دەقی بڕیارەكانی ترن:
- سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك) و دروستنه‌كردنى گردبوونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى، هه‌روه‌ها ڕێگه‌نه‌ده‌ن هیچ هاوڵاتییه‌ك بۆ ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌كانى به‌بێ به‌ستنى (ماسك) بچێته‌ نێو هیچ فه‌رمانگه‌ و دام و ده‌زگایه‌كى حكومى، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فەرمانگە و فه‌رمانبه‌رێك سه‌رپێچى له‌و بڕیاره‌ بكات، به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانى ئه‌و فه‌رمانگه‌ و بەڕێوەبەرایەتییە به‌رپرسیارن.

- ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

- پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت و بنکەکانى پۆلیس ڕاسپێردراون چاودێرى سنوورەکانى خۆیان بکەن.

- ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستەکارتی ڤاکسینیان ھەبێت.

- مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان و ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 2021.12.1 ڤاکسینیان وەرگرتبێت.

- داواده‌كه‌ین هه‌روه‌ك چۆن لە ڕابردوودا مامۆستایانی ئایینی هاوکارمان بوونە، بە هەمان شێوە ھاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستیی و رێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانى خۆپارێزى.

- دایکان و باوکان دەتوانن تاوەکو 2021.10.31 بڕیار بدەن کە منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.

- لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا دەبێت بەشداربووان یان کارتی ڤاکسینیان پێ بێت، یاخود پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت، بۆ ئەو مەبەستەش خاوەنى (هوتێل، هۆڵ، شوێنەکان) بەرپرسیارن و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاودێرى دەکرێن.

- له‌ دواى بڵاوبوونەوەى ئەم ڕاگەیندراوە، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، هێزه‌كانى پۆلیسى هاتووچۆى ڕاسپاردووە ڕێکارى تایبەت بەرامبەر شوفێران و سەرنشینانى بگرنەبەر کە پابەند نین بە ڕیکارەکانى خۆپارێزى و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بەتایبەتى بەستنى (ماسک).

- ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر لەهەر قەزا و ناحییە و شوێن و گەڕەک و کۆڵانێک هاوڵاتییان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن و مەترسیەکان پەرەى سەند، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شاره‌كه‌مان، رێكاره‌كان توندتر دەکرێن، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.

- ئه‌م رێكارانه‌ له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 25 له‌سه‌ر 26ى 10ی 2021 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.