یەکەمین گەندەڵیی گەورە لە هەرێمی کوردستان كەیسەكەی شاسوار عەبدولواحید بووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

یەکەمین گەندەڵیی گەورە لە هەرێمی کوردستان كەیسەكەی شاسوار عەبدولواحید بووە

تەنیا لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن شاسوار عەبدولواحید زیاتر لە هەزار درۆی کردووە

 

پەرلەمانتارێکی پارتی ئاماژە بەوە دەدات، کاتێک شاسوار عەبدولواحید دەردەکەوێ و قسە دەکات، خۆی وا پیشان دەدات، کە پیاوێکی پاک و دژ بە گەندەڵییە، بەڵام ئەوە راستییەکەیە، کە دەبێت هەموو خەڵکی کورستان بیزانێ، کە یەکەم دەرکەوتنی گەندەڵیی گەورە لە هەرێمی کوردستان شاسوار عەبدولواحید بووە، کە پارەی بە ساختە لە حکوومەت قەرز کردووە و داهێنەری دزینی پارەی خەڵکە بە ناوی پشک و پڕۆژەوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی (باسنیوز)، شاسوار عەبدولواحید، تەنیا لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، زیاتر لە هەزار درۆی لە میدیا و سۆشیال میدیاکانیەوە کردووە، چەندین جار بەڵێنی درۆی بە خەڵک داوە، گوایە بەنزین هەرزان دەکات، یان ئاو بۆ خەڵک دابین دەکات، یان پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکان دەبات، بەڵام دەرکەوتووە، هەموو ئەمانەی شۆیەکی درۆزنانەی ڕاگەیاندن بووە و هیچ بنەمایەکی نەبووە، جگە لەو شتانەی، کە بۆ کامێرا و شۆکردن ئامادە کراون.

لە بەرامبەر بانگەشە و درۆکانی شاسوار عەبدولواحید، هەر جارێک حکوومەت تەحەدای کردبێت و بڵێت فەرموو چیت دەوێ ئامادەین هاوکاریت بکەین، ئەو بازرگانە گومانبارە، کە بۆ برەودان بە پارە پەیداکردنەکەی هاتووەتە ناو سیاسەتەوە، خۆی گێل کردووە و دوای ماوەیەکی دیکە دەستی بە شانۆگەرییەکی دیکە کردووەتەوە، ئەوە لەکاتێکدا لەو سەردەمەی بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، بە ناوی وەبەرهێنان و بە ساختە 40 ملیۆن دۆلاری لە حکوومەت قەرز کردووە و تاوەکوو ئێستا ئەو پارەیەی نەگەڕاندووەتەوە، کە ئێستا بە سوودەکانی سەریەوە، زیاترە لە 70 ملیۆن دۆلار، جگە لەوەی بە ناوی چاڤی لاند و پشک و پڕۆژەوە، چەندین ساڵە پارەی لە هەزاران کەس وەرگرتووە و تاوەکوو ئێستا یەکی تەنیا بلیتێکی چەرخ و فەلەکی پێداون.

لە کاتێکیشدا، کە گوندی ئەڵمانی خاوەنەکەی شاسوار عەبدولواحیدە و ئاوی نەبووە، داوای لە ماڵەکان کردووە بۆ خۆیان ئاو بکڕن، لەولاشەوە بۆ موزایەدەی سیاسی و دەنگ کۆکردنەوە، دەیگوت ئاو بۆ هەولێر دێنم!

پێشتر سەبارەت بە کارەکانی شاسوار عەبدولواحید، چەندین جار شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری جیابووەوە لە نەوەی نوێ گوتوویەتی: ‎“شاسوار، جگە لە لە قاچاخچی و تەڵەكەبازێك، بێ ئابڕووشە“.

سەعید مستەفا هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، یەکەم دەرکەوتنی گەندەڵیی گەورە لە هەرێمی کوردستان، شاسوار عەبدولواحید بووە، کاتێک پشکی خەڵکی خوارد و بە ناوی وەبەرهێنانەوە پارەی لە حکوومەت وەرگرت و بردی، گوتیشی: ”شاسوار هەروەکوو سلێمان هەڵشۆیی و زیاتریش قۆڵی دەیان خەڵکی بڕیوە و پارەی خواردوون، جگە لە قەرزی حکوومەت، پارەی پشکەکانی سەدان خەڵکی خواردووە و تا ئێستا نەیداونەتەوە، لەگەڵ ئەوەش، دەیەوێ خەڵک چەواشە بکات و بەدرۆ خۆی کردووەتە خەمخۆری خەڵک“ .

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی شاسوار عەبدولواحید و حزبەکەی دەیکەن، نە سیاسەتە و نە ئۆپۆزسیۆنبوونە، چونکە ئۆپۆزسیۆن دەبێت ئاوێنەی حکوومەت بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتر، نەک ببێتە هێزێک بۆ پارە کۆکردنەوە و چەواشەکردنی رای گشتی و تێکدانی میزاجی خەڵکی، گوتیشی: ”ئەو دەنگانەی شاسوار دەیهێنێ، ئەمڕۆ و سبەی کاتێک رووی راستەقینەی بۆ هەموو لایەک دەرکەوت، لێی دەبنەوە، تەمەنی گرووپی وەها بە هاشوهووش و چەواشە کورتە و خەڵکی کوردستان لەوە هۆشیارترن بەو چەواشەکارانە بڕوا بکەن“.