ئۆپۆزسیۆنەكانمان زۆر خۆشن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 25/10/2021

ئۆپۆزسیۆنەكانمان زۆر خۆشن!

لەناو ژیانی دیموكراسیدا و وەك پرەنسیپ، دەبێ جێگەی ھەموو ڕوانگە و بیروباوەڕێكی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی ببێتەوە، كەواتە لەناو ژیانی دیموكراسیدا ئۆپۆزسیۆنبوون مافێكە و بۆ ھەموان پارێزراوە، بەڵام وەرن سەیری ئەم ئۆپۆزسیۆنانەی لای خۆمان بكەن و بزانن چەند خۆشن:

1- لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا، حزبێكی ئۆپۆزسیۆن تەنیا یەك كورسیی ھێناوە، لە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتیی خۆیاندا و بە ئامادەبوونی مەلای ئەمیر، گەییشتوونەتە ئەوەی ھەروەك چۆن لە ھەرێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆنبوونیان ھەڵبژارد، لە عێراقیش ئۆپۆزسیۆن دەبن!

بەڵام ئەم حزبە بە خەڵك ناڵێت كە پێش ئەوەی لە ھەرێمی كوردستان ببن بە ئۆپۆزسیۆن، ئەمیرەكەیان گوتی: ”چاوەڕێی مەرحەبایەكی پارتیین“، بەڵام كە پارتی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕاسپێردرا و كابینەی نۆیەم پێكھێنرا و پارتی ئەو مەرحەبایەی نەكرد كە مەلای ئەمیر دەیویست، ئینجا بە باری ناچاری بوونە ئۆپۆزسیۆن.

ھەر ئەم حزبە ئەوەش بە خەڵك ناڵێت ئەگەر لە ھەرێمی كوردستان كە پەرلەمانەكەی 111 ئەندامن ئەوان ئەو مەرحەبایەیان لێ نەكرێت كە خۆیان دەیانەوێت، ئاخۆ لە عێراقدا كە پەرلەمانەكەی 329 كورسییە و ئەوانیش یەك كورسییان ھەیە، دەبێ كێ مەرحەبای چوونە ناو حكوومەتیان لێ بكات؟ كەواتە لێرەشدا و ھەر بە باری ناچاری، دەبێ ببنە ئۆپۆزسیۆن.


2- حزبێكی تر چوار كورسیی ھەیە و یەكێك لە كاندیدە دەرچووەكانیان دەڵێت: ”پارتی و یەكێتی لە بەغدا شوێن پۆست دەكەون، بەڵام ئێمە پۆستمان ناوێت، خۆ ئەگەر پارتی و یەكێتی بەرنامەیان ھەبێت و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین، ئێمەش داوای ئیستیحقاقی خۆمان دەكەین!“

واتە ئەم حزبە ئۆپۆزسیۆنە پلە و پۆستی ناوێت، بەڵام داوای ئیستیحقاقی خۆیان لە پارتی و یەكێتییش دەكەن! ئیتر ئیستیحقاق لە چی؟ ئا ئەمەیان بۆ خەڵك ڕوون ناكەنەوە كە ئایا مەبەستیان لە ئیستیحقاقی خۆیان، پێدانی پلە و پۆستە حكوومیەكانە لە بەغدا یان جێكردنەوەی بەشێك لە بەرنامە و ئایدۆلۆژیای حەسەن ئەلبەننا و ڕاشد ئەلغەنووشی و سەیدولقوتبە لەناو بەرنامەی حكوومەتی نوێی عێراق؟ واتە گونجاندنی حەسەن ئەلبەننای سوننەكان و حەسەن ئەلعەسكەریی ئیمامی 11مینی شیعەكانە بەیەكەوە!

3- حزبێكی تر ھیچ كورسییەكی نەھێناوە، بەڵام لە دوای ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و دەركەوتنی ئەنجامەكان، نەفەسی قسە و ڕاگەیاندنەكانیان بە ئاراستەی ئۆپۆزسیۆنبوون دەستی پێكردووە و دەڵێن بە خۆماندا دەچینەوە و ھەردوو جڤاتەكەمان كۆ دەبنەوە و بڕیار دەدەین كە ئایا لەناو حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بمێنینەوە یان نا؟

واتە ئەم حزبەش وا تێگەیشتووە كە ئەوەی بەشداری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بكات، ئیتر لە ھەڵبژاردنەكاندا دەنگی كەم دەھێنێت، یان ھیچ كورسییەك مسۆگەر ناكات، ئیتر ئەم حزبەش ئەوە بە خەڵك ناڵێت باشە ئەگەر بەشداریكردن لە حكوومەت ببێتە ھۆی ئەوەی كە لە ھەڵبژاردنەكاندا دەنگی كەم بھێنیت، ئەی بۆچی پارتی 33 كورسی دەھێنێت و یەكێتییش 17؟ خۆ ئەم دوو حزبە لە دروستبوونی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە واتە لە ساڵی 1992 ھەتا ئێستا بەردەوام حكوومەتیان پێكھێناوە و لەناو حكوومەتدا بوون؟ ئەی بۆچی كۆمەڵی ئیسلامی كە لە دەرەوەی حكوومەت بوو، ئۆپۆزسیۆنیش بوو دوای ئەوەی بوویش بە دادگەر! یەك كورسیی ھێنا؟

4- حزبێكی تری ئۆپۆزسیۆن كە ماوەیەكە بە بەنزینەوە گرتوویەتی و ڕێژەی ئۆكتانی ڕاگەیاندن و قسەكانیان بە شێوەیەك بەرز كردووەتەوە كە بە نووسراوی فەرمی تەحەدای حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیان كرد، ئەگەر حكوومەت ھیچ باج و گومرگێك لەسەر بەنزین دانەنێت، ئەوان بەنزین دەھێنن و لیتری بە 475 دینار دابەش دەكەن، كەچی كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت فەرموون كێ دەچێت بەنزین بھێنێت ھیچ گومرگ و باجێكیشی لێ ناسەنرێت و دەشتوانێت ھەر لیترێك نەك بە 475 بەڵكوو بە 500 دیناریش بفرۆشێت كەچی ئەم حزبی بەنزینە، ئەم حزبە ئۆكتان بەرزە، دوای ئەم بریارەی حكوومەت ڕادەی چەواشەكارییان بۆ خەڵك گەیاندە ئاستێك ئنجا دێن و دەڵێن دوای ئەوەی ئەوان فشاریان كرد و داوای لابردنی باج و گومرگیان لەسەر بەنزین كرد حكوومەت باج و گومرگی سەر بەنزینی لابرد و بەنزین ھەرزان بوو!

جا تۆ سەیر كە، لەجیاتی ئەوەی ئەم حزبە ئۆكتان بەرزە بچێت كۆمەڵێك تانكەر پێش خۆی بدات و بچێت بۆ مەرزەكان و بەنزین بھێنێت و لیتری بە 475 دینار دابەش بكات، كەچی دەڵێت بەنزین ھەرزان بوو، تەبعەن ئەم حزبە ئۆكتان بەرزە كە لە ھەورازیشدا بە گێڕی سووك سەردەكەوێت، یەك ڕۆژ پێش كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆی نرخی سووتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین ئەم قسەیە دەكات، جا باشە ئیتر بۆچی ناونیشانی ئەم وتارە پڕ بە پێستی ئەم حزبە ئۆپۆزسیۆنانەی خۆمان نەبێت كە نووسیوومە ئۆپۆزسیۆنەكانمان زۆر خۆشن؟ بە ڕادەیەكیش خۆشن كە ئەگەر گۆشتی بەرخ قاتی بوو یان زۆر گران بوو نەتتوانی بیكڕیت، ئەم ئۆپۆزسیۆنانەی ئێمە لەجیاتی گۆشتی بەرخ بۆ ناو شلەی بامێ یەكاو یەكن!