محەمەد عەلاوی: بەهای 100 دۆلار دەگاتە 300 هەزار دینار
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

محەمەد عەلاوی: بەهای 100 دۆلار دەگاتە 300 هەزار دینار

سیاسەتمەدارێکی عێراقی لە وتارێکدا باس لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلارێک بۆ سێ هەزار دیناری عێراقی، دەکات.

میدیا عێراقییەکان ناوەڕۆکی وتارێکی محەمەد عەللاوی، سیاسەتمەداری وڵاتەکەیان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات، بارودۆخی عێراق وەک کەسێکی نەخۆشە، کە لە جیاتی چوونە دکتۆر، دەچێت تەلەڤزیۆنە تێکچووەکەی چاک دەکاتەوە.

محەمەد عەللاوی پێی وایە سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی عێراق لە دۆڵێکن و هاووڵاتیان لە دۆڵێکی دیکە، ”دەسەڵاتداران بەهۆی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان گرنگیی بە داواکاریی هاووڵاتیان نادەن“.

ئەو ساسەتمەدارە هۆشداریی داوە لەوەی لە ساڵی 2025 دوو ملیۆن گەنجی دیکەی وڵات پێڕادەگەن و داهاتی نەوت بەشی خەڵک ناکات، بۆیە حکوومەت لەڕێی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بۆ سێ هەزار دینار، هەوڵی بەدەستهێنانی داهات بۆ پێدانی مووچە دەدات.

محەمەد عەللاوی جەختی لەوە کردەوە، کە حکوومەتی عێراق ناچار نەبوو بەهای دۆلار بۆ هەزار و 500 دینار بەرز بکاتەوە، ”حکوومەت دەیتوانی داهاتی جێگرەوە بۆ داهاتی نەوت بدۆزێتەوە“ و ئەگەریش هەر گوێ بە دۆزینەوەی داهاتی جێگرەوەی داهاتی نەوت نەدات، ناچار دەبێت بەهای دۆلار بۆ سێ هەزار دینار بەرز بکاتەوە، ”ئەمە زمانی ژمارەکانە و هەڵە قبووڵ ناکات“.

ئەو سیاسەتمەدار ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەگەری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بۆ سێ هەزار دینار، زیاتر لە 90%ـی هاووڵاتیانی عێراق دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە و ”بەداخەوەش“ دەسەڵاتدارای عێراق هیچ بیر لەو مەترسییانە ناکەنەوە و ”بەردەوامن لە دزینی سەدان ملیۆن دۆلاری میللەت“.

رۆژی 20-12-2020، بانکی ناوەندیی عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری وڵاتەکەی دا و بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە 122 هەزارەوە گەیاندە 147 هەزار دینار.