پارێزگارى هەولێر: دەوامى قوتابخانەکان ناوەستێت و قەدەغەى هاتوچۆش ڕاناگەیەنرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پارێزگارى هەولێر: دەوامى قوتابخانەکان ناوەستێت و قەدەغەى هاتوچۆش ڕاناگەیەنرێت

 پارێزگارى هەولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێ، ریکارەکانى حکوومەت بۆ هەرزانکردنى سووتەمەنى و نەهێشتنى قەیران بەردەوامن و، له‌باره‌ی ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆناش، دووپاتی كرده‌وه‌ دەوامى قوتابخانەکان ناوەستن و قەدەغەى هاتووچۆش راناگەیەنرێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25/10/2021، دواى دەنگدانى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر بە بڕیارى بە قەزاکردنى ناحیەکانى عەنکاوە و پیرمام، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەى عەنکاوە هەیبوو، سەرۆکى حکوومەت بڕیاری دا  ناحیەى عەنکاوە بکرێتە قەزا، دواتر سەرۆکى حکوومەت فەرمانى ئەوەى پێداین کە ناحیەى پیرمامیش بکرێتە قەزا، ئەویش بۆ کارئاسانى هاووڵاتیان کەمکردنەوەى ڕۆتین.

پارێزگارى هەولێر گوتیشی: لە نزیکترین ماوەدا دێینە ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەوەى بزانین ئەندامانى ئەنجوومەن بۆچوونیان لەبارەى کارەکانى ئێمە چییە و چیمان بۆ پێشنیاز دەکەن.

لەبارەى سووتەمەنیش، ئومێد خۆشناو گوتى: سەرۆکى حکوومەت هەموو دەزگاکانى ڕاسپاردووە بۆئەوەى کارئاسانى بکەن، بۆ دابینکردنى سووتەمەنى، لەسەر پێشنیازى سەرۆکى حکوومەت یه‌ك ملیۆن و 400 هەزار لیتر بەنزین دەگاتە کوردستان و لە دوو ڕۆژى رابردوودا 500 هەزار لیتر گەیشتووە و لە دوو ڕۆژى داهاتووشدا ئەو ملیۆن لیترە تەواو دەبێت و دابەش دەکرێت.

لەبارەى بڕیارەکانى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، پارێزگارى هەولێر گوتى: سەربارى خراپیی ئەو دۆخەى کە ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان هەیە، بەڵام قەدەغەى هاتوچۆ ناچێتە بارى جێبەجێکردن و دەوامى قوتابخانەکانیش ناوەستێت، بەڵام رێکارەکانى تایبەت بە خۆپارێزى توندوتۆڵ دەکرێن.