پەیبردن بە جیهانی كتێب
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
عەبدولقەهار هەولێری 25/10/2021

پەیبردن بە جیهانی كتێب

دەربارەی بەها و نرخی كتێب، هەر لە دێر زەمانەوە لەلایەن عاریفان و رۆشنبیرانەوە زۆر شت گوتراوە و نووسراوە، كە جەخت لەسەر بایەخ و گەورەیی بەهای كتێب دەكەنەوە، ئەوەی ئێمەش لەم بابەتەدا دەیخەینە ڕوو تیشكخستنە سەر گۆشەیەكی تر، كە بێگومان ئەویش هەر لەو چوارچێوەیەدا كە باس كراوە. بە شێوەیەكی گشتی مەرج نییە خوێندنەوەی كتێب بكەینە شوناسی مەعریفە بۆ تاكی كورد، چونكە زۆر جار ئەو زانیارییەی لە خوێندنەوەی پەرەگرافێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیخوێنیتەوە، یان لە درامایەك وەری دەگری، یان لە پانێلێك بە دەستی دەهێنی، رەنگە ببیتە جێگرەوەی خوێندنەوەی چەندین كتێب، كەواتە ئەوەی گرنگە خوێندنەوەی كتێبێك نییە، بە قەت ئەوەی كرانەوەی عەقڵیەت و هەزمكردنی دەسەڵاتی زمانەكەیە. لەم روانگەیەوە بە شێوەیەكی مەنهەجی دەتوانین بڵێین: شیكردنەوەی كتێب بریتییە لە دیاریكردنی لایەنی باش و كەموكوڕیی پرۆگرامەكانی خوێندن. ئەو كتێبانەی لە سنووری شیكردنەوەدا كاریان لەسەر دەكرێت، ئەوانەن كە قوتابیان لە باخچەی ساوایانەوە وەكوو پرۆگرامی خوێندن بەكاریان دێنن تا دەگاتە زانكۆ. كردار و پرۆسەی شیكاركردن ئەوەمان پێ دەڵێت وەك چۆن هیچ نووسراوێك، یان كتێبێك بێ كەموكوڕی نییە، ئاواش ئەو كتێبانەی لە پرۆگرامی خوێندنن كەموكوڕییان تێدایە.

پێویستە بەردەوام كاریان لەسەر بكرێت و نوێ بكرێنەوە، یان ئەبدێت بكرێنەوە، ئەو كەموكوڕییانەش هەندێكیان هەر زوو و دوای دەرچوونی كتێبەكان هەستیان پێ دەكرێ و هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمیی ئەو لێژنەیەی، كە كاری نووسینی كتێبەكەی گرتووەتە ئەستۆ. هەندێكیش لەو كەموكوڕییانە لە سەرەتای دەرچوونی كتێبەكەوە كەموكوڕی نەبوون، بەڵام دوای تێپەڕینی چەند ساڵێك و گۆڕان بەسەرداهاتنی زانیارییەكان زانیاریی ناو كتێبەكە كەموكوڕییان تێ دەكەوێ و پێویستیان بە دەستكاری و گۆڕین هەیە.

خوێندنەوەی كتێب خۆشی بینینە، هەروەها ئەزموونە. ئەزموونەكەش هی خەڵكی تر، ئەو ئەزموونە یاخود زانیاریی بەگشتی رێگەكەمان بۆ كورت دەكاتەوە، ئەوەی من بە یەك ساڵ فێری دەبم، كتێبێك یان بابەتێك بە یەك، یان پێنج دەقیقە دەمداتێ. خوێندنەوە بەشێكە لە چالاكیی فێربوون، ئاژەڵیش بۆیە بە ئاژەڵی دەمێنێتەوە، چونكە فێر نابێت. ئەگەر خوێندنەوە نەبوایە پێویست دەبوو هەر یەك لە ئێمە لە سفرەوە شتەكانی بزانیایە ‌و شتەكانی تاقی بكردایەتەوە. خوێندنەوە جگە لەوەی سوودبەخشە و خۆشی بینینیشە. خوێندنەوە خۆشی بە مرۆڤ دەبەخشێت، جاری واشە خۆشییەكە خۆشیی زانینی شتێكی نوێیە.

لەڕووی مێژوییەوە كتێب چەند زانیارییەكە لەسەر بەرد، یان قوڕ یان پەڕ یان لاپەڕەی ئەلیكترۆنی بەیەكەوە كۆ كراونەتەوە. بەر لە پێنج هەزار ساڵ بۆ یەكەم جار نووسین لەسەر قوڕیی سووركراوە لەلایەن ئەو خەڵكانەوە داهێنرا، كە لە میزۆپۆتامیادا دەژیان (ئاشور بانیپال) و دوای ئەوانیش ئەو خەڵكانەی لە ڕۆخی ڕووباری نیل دەژیان، هەمان كاریان كرد و ئیدی پرۆسەی نووسین و كۆكردنەوەی زانیاری بوو بە كولتوورێك سەرتاپای مرۆڤایەتیی گرتەوە و ئەمەش بەتایبەت ئەو كاتە تەواو چەسپی، كە ئامێری چاپكردن پەیدا بوو.

-جۆرەكانی كتێب:

أ‌-ئەو كتێبانەی دەكەونە دەرەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن: زۆرترین ڕێژەی كتێب پێك دێنن و كتێبی هەموو بوارە جوداجوداكان دەگرێتەوە وەكوو فەلسەفە و مێژوو و ئەدەبیات و زمان و كیمیا و فیزیا و بایۆلۆژی و... هتد ئەو جۆرە كتێبانە كاری تاكە كەسین و نووسەرێك، زانایەك، یان مێژوونووسێك كتێبەكە دەنووسێت. مەبەستیش لە نووسینی ئەم جۆرە كتێبانە بۆ ڕۆشنبیركردنی كۆمەڵگایە و زانراویشە خەمی نووسەران پێشخستنی كۆمەڵگایە. ئەم جۆرە كتێبانە لەسەر داوا و داخوازیی كەس نانووسرێن، بەڵکوو نووسەر لەڕێی هەستكردن بە بەرپرسیارێیتییەوە كاری نووسین ئەنجام دەدات.

ب‌-ئەو كتێبانەی دەكەونە ناو پرۆگرامەكانی خوێندن: ئەو كتێبانە دەگرێتەوە، كە بابەتەكانیان لە چوارچێوەی قوتابخانە و زانكۆكاندا دەخوێنرێن و زیاتر فەلسەفە و فیكری دەوڵەت ئاراستە دەكەن. ئەم جۆرە كتێبانە بە زۆری لەلایەن لێژنەیەكی دیاریكراوەوە دەنووسرێن و ئەو لیژنەیەش هەموویان پسپۆڕن لە بوارەكەی خۆیاندا و لەسەر داواكاریی وەزارەتی پەروەردە، یان خوێندنی باڵا یان هەر دامەزراوەیەكی پەروەردەیی دیكە كتێبەكە دەنووسرێ كە بە شێوەیەكی گشتی دوورە لە بۆچوونی تاكەكەسی.

_مەرجەكانی شیكاریی كتێب

لە شیكاریی ناواخندا دوو مەرجی سەرەكی هەن پێویستە ڕەچاو بكرێن:

أ‌-خۆبەستنەوە بە شیكاریی خودی تێكستەكە و خۆ دوورگرتن لە هەر بابەتێكی لاوەكیی دیكە.

ب‌-هەڵسەنگاندنی ناواخنی دەقەكە بە پێوەری زانستی.

-سوودەكانی شیكاریی كتێب.

أ‌-شارەزای هەموو پاژەكانی كتێبەكە دەبی.

ب‌-کەسی شیكار دەروازەیەك بۆ دەڕەخستنی بۆچوونی خۆی دەڕەخسێنێ.

ت‌-ئامانجەكانی وانەگوتنەوە و فێركردن لای مامۆستا بەتەواوی ڕوون دەبنەوە.

پ‌-كرداری هەڵسەنگاندن ئاسان دەكات.

سەرچاوه:

الكتتاب خير جليس

المضمون والغير مضمون في القراءة