هەڵبژاردنەکەی عێراق تایبەتمەندی و لێکەوتە و مەترسییەکانی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بێوار ڕه‌حمان 24/10/2021

هەڵبژاردنەکەی عێراق تایبەتمەندی و لێکەوتە و مەترسییەکانی

بەپێی ئەنجامگەلی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی (10ی ئۆکتۆبەری 2021)ی عێراق، بۆ یەکەمین جار دوای 18 ساڵ هەژموونی ئێران لە عێراقدا، رووی لە لاوازی كردووە و دەرفەتی دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەکە و کەنداو زیاتری کردووە. هەڵبژاردنەکە کۆمەڵێک سەرکردە و سیاسیی دیاری شیعە و سوننەی بەلاوە خست و ئاسۆی چەند سەركردەیەكی تری گەشتر کردووەتەوە. لەم شیکارییەدا، هۆکارەکانی ئەو لاوازبوونەی هەژموونی ئێران لە عێراق و جەمسەرە سوننییەکان و بەهێزبوونی کوتلەی سەدری دیار دەکەین.

گرووپەكانی نزیك لە ئێران

لەدوای ساڵی 2003ەوە، هەموو کاتێک گرووپەکانی نزیک لە ئێران وەزارەتی ناوخۆ و نەوت و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و زۆربەی جومگە هەستیارەکانیان لە دەستدا بووە. دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس لە سەرەتای ساڵی 2020دا، ئیتر گرووپە حەشدییەکانیش گڵۆڵەیان کەوتە لێژی.

بۆیە، بۆ یەکەمین جارە ئێرانییەکان بە گرووپێکی لاواز لە هەڵبژاردن بەدەر دەکەون. قاسم سولەیمانی وەک ئەو هەورە وا بوو کە بە ئاسمانی هەموو عێراقدا دەهات و دەچوو و گۆڕانکاریی دروست دەکرد. بەر لە هەموو هەڵبژاردنێک سولەیمانی و مەهدی موهەندیس و کەوسەرانی و ئەلخۆراسانی و ئەلفەیزانی و مالیکی و عامری و ئەسەدی و فالح فەیاز و شەهرستانی و جەعفەری و بەشێکی زۆریش لە مەرجەعیەتی ئێران (لە ڕێگەی قاسم سولەیمانی)یەوە بەسەریانەوە بڕیار بەدەست بوو، بەڵام لەدوای نەمانی سولەیمانی، ئێرانییەکان لە عێراق لاواز دەرکەوتن.

قەیس خەزعەلی، کە لە پەرلەمانی عێراقدا خاوەنی 18 کورسی بوو، ئێستا تەنانەت هیچ بەربژێرێکی دەرنەچووە. حزبوڵا، کە خاوەنی 10 کاندید بوو، هیچیان دەرنەچوون. کوتلەکانی ئەحمەد ئەسەدی و خالید ئەسەدی هیچ کەسێکیان دەرنەچوو. فالح فەیاز، کە بە بەردەوامی بە گرووپێکی 20 کەسییەوە دەردەکەوت، ئێستا زۆر لاواز بووە.
ئەوەی من تێبینی دەکەم، لە گۆڕەپانەکەدا تەنیا نووری مالیکی ماوەتەوە، کە خاوەنی 34 کورسییە. پێدەچێت ئەمریکییەکان و کەنداوییەکان وەك بژارەیەك لەپێش چاوی بگرن.

هۆکارەکانی ئەو ئەنجامانە

یەکەم/ سەرکردەکانی حزبی دەعوە، کە بە سێ قۆناغ حوکمڕانیی عێراقیان کرد، ئیبراهیم جەعفەری، نووری مالیکی، ئینجا حەیدەر عەبادی، لە ئاستی پێویستی شەقامی عێراقیدا نەبوون، تەنیا لە وەزارەتەکانی وزە و کارەبادا بڕی زیاتر لە 120 ملیار دۆلاری تیادا دیار نەماوە! سەرکردەکانی دەعوە بە گشتی، لە ئاستی داواکارییەکانی خەڵکدا نەبوون. بەتایبەت لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، مالیکی بەرەو دیکتاتۆرییەت ڕۆیشت. ئەوەش وای کرد، لە سەرەتاییترین لێکەوتەیدا، نێو ماڵی حزبی دەعوە تێک بچێت و بووە هۆی جیابوونەوەی حەیدەر عەبادی و گرووپێکی تری کاریگەر لە حزبی دەعوە و هەندێکیشیان لە ماڵەوە دانیشتن.

دووەم/ حەشدی شەعبی بە فتوای مەرجەعی باڵا ئایەتوڵا عەلی سیستانی دامەزرا، بەڵام لەدوای فتواکەی سەید سیستانی، حەشدی شەعبی لە مەرجەعیەت و عێراقیبوونیان دوور کەوتنەوە، ئەوەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک سەرکردەی وەک هادی عامری و موهدی موهەندیس و فالح فەیاز و ئەبوو فەدەک و قەیس خەزعەلی و زەید شبلی و ئەحمەد هەمەدانی و ئەحمەد ئەسەدی. ئەم سەرکردانە، ڕاستەوخۆ بڕیارەکانیان لە ئێران وەردەگرت و حەشدی شەعبییان لە عێراق بەڕێوە دەبرد.

سێیەم/ لە سەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدیدا، کە سەرۆک وەزیرانی ڕاستەقینە بوو، بەڵام تەواوی بڕیارەکان لەلایەن (جیهاد هاشمی)یەوە لە بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی دەردەچوون. حەشدییەکان حکوومەتێکی تریان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنێکدا بۆ خۆیان دروست کردبوو و هەموو بڕیارێکیان بەسەر حکوومەتدا فەرز دەکرد. ئەمەش نیگەرانیی زۆری لەلای ئەمریکییەکان دروست کردبوو، بەئاشکرا ئیدارەی ئەمریکا دەیبینی کە بریارەکانی ئێران سەدا نەوەتی لە عێراق جێبەجێ دەکرێت و داوای چوونەدەرەوەی ئەمریکاش دەکەن لە گۆڕەپانەکەدا، ئەمریکییەکانیش کەمتر لە سەدا دەیان بەدەست بوو! ئیتر ئەمە نیگەرانیی ئوردن و ئیمارات و سعوودیەشی لێ کەوتەوە. جگە لەمانەش، عێراق گرێبەستێکی بە نزیکەی 500 ملیار دۆلاری لەگەڵ چین واژۆ کرد، ئەوەش وای کردبوو، کە سەرکردەکانی فەتح و دەعوە زیاتر شۆخیی بکەن و ئیدارەی ئەمریکایان تووڕە کردبوو.

چوارەم/ دەرەنجامی ناڕەزاییەکانی شەقامی عێراقی و کوشتنی زیاتر لە 600 کەسی خۆپیشاندەر لە لایەن گرووپە میلیشیاکانەوە و رفاندن و ئازاردانی هەزاران کەس، وای کرد موقتەدا سەدر لە شەقامی عێراقی نزیک بکاتەوە. هەر لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 لە عێراق، موقتەدا سەدر سەردانی قومی کرد و بەدەم گەڕانەوەیدا لە تاران، پەیامێکی بە ناوی (شلع قلع) بڵاو کردەوە و گسکیان لە حکوومەتە یەکساڵییەکەی عادل عەبدولمەهدی دا.

بەرەنجامی ئەمە، موستەفا کازمی دەستنیشان کرا، کە هەموو کاتێک کازمی گوێڕایەڵی سەدری دەکرد. کازمی لە یەکێک لە دیمانەکاندا، سەید موقتەدای بە (سید المقاومە) ناو برد، ئەوەش زۆر نیگەرانیی لە ناوماڵی عەرەبی شیعی و حەشددا دروست کرد. کازمی لە ماوەی دوو ساڵ حوکمڕانیدا، تەنیا دڵی دوو کەسی ڕادەگرت، مەرجەعیەت، کە هەڵبژاردنی پێشوەختە داوای ئەوان بوو، هەروەها موقتەدا سەدر.

گەورەترین پرۆژەی سەدرییەکان پرۆژەی شام بوو، ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2010 سەری هەڵدا، ساڵی 2013 بۆ یەکەم جار موحەمەد بن سەلمان و موقتەدا سەدر لە ڕیاز یەکتریان بینی، کە ئەوە سەرەتای پرۆژەی شامی نوێ بوو، بەڵام لە 2021دا بە پاڵپشتیی سەدر و بە ڕێبەرایەتیی موستەفا کازمی، پرۆژەی شام کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وای کرد بۆ یەکەمین جار ئیمارات و ئوردن و سعوودیە و میسر بهێنێتە عێراقەوە. یەکێک لە داواکارییەکانی سەدر لە کازمی ئەوە بوو، کە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقی- سعوودی دروست بکرێت و کرا.
بۆیە ئەم هۆکارانە وایان کرد، نەخشەی سیاسی و چوارچێوەکە لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا بگۆڕێت.

هۆکارەکانی بەهێزبوونی موقتەدا سەدر

هۆکاری هەرە سەرەکیی بەهێزبوونی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی (10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ) دەگەڕێتەوە بۆ سێ خاڵی گرنگ:
یەک/ سەدر لە وتارەکانیدا بەردەوام باسی ڕیفۆرم و چاکسازیی دەکرد، هەروەها لە شەقام و خەڵکە ڕەشوڕووتەکەوە نزیک بوو.
دوو/ سەدر تاکە کەس بوو، کە بە یەک نامە و بە یەک تویت، هەموو دەستەی رەوتی سەدر و هەموو ئەو سەرکردانەی سەدر لە حوکمڕانی داینابوون، کشاندنیەوە.
سێ/ سەدر زیاتر خۆی بە عێراقییەکی ڕاستەقینە دادەنێت و دەیەوێت عێراق بکاتەوە بە خۆی.

لەگەڵ ئەمانەشدا، چەند رۆژێک بەر لە پرۆسەی دەنگدان، سەدر سەردانی ئایەتوڵا سیستانیی کرد، لەکاتێکدا سیستانی نزیکەی 11 ساڵە چاوی بە هیچ سەرکردەیەکی عێراقی نەکەوتووە، ئەمەش بۆ سەدر گرنگ بوو، کە دواتر مەرجەعیەت ئاماژەیەکی دا بەوەی (المجرب لا یجرب- تاقیکراو تاقی ناکرێتەوە) ئەوەش کێرڤی سەدری بەرزتر کردەوە.

عەرەبی سوننە لەنێوان حەلبووسی و خەنجەردا

کوتلە عەرەبیە سوننیەکان دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەکی زۆر بەهێز، کە موحەمەد حەلبووسییە و 37 کورسیی پەرلەمانی هەیە، زۆرترین پاڵپشتیی ئوردن و ئیماراتییەکانی هەیە، ئەوەی دیکەش خەمیس خەنجەر، کە سەر بە قەتەر و ئێران و نووری مالیکییە لە عێراق، هەر لە ڕێگەی مالیکیشەوە گەڕاوەتەوە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق.

لەم هەڵبژاردنەشدا، هاوشێوەی عەرەبی شیعە، کۆمەڵێک سیاسی و سەرکردەی عەرەبی سوننی هیچ بەربژێرێکیان دەرنەچوو و بۆ خۆشیان بەتەنیا مانەوە، وەکوو ئەحمەد مەساری و جەمال کەربوولی و ئەحمەد کەربوولی و ئوسامە نوجێفی و خالید ئەنباری و سەباح دلێمی و ساڵەح موتڵەق و ڕەشید عەزاوی و فایەق زێدان. تەواوی ئەو سەرکردە عەرەبە سوننانە، بۆ یەکەمین جارە لە هەڵبژاردندا هیچ کورسییەکیان نەبێت. هەروەک لەنێو ماڵی عەرەبی شیعەدا عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی و خالید ئەسەدی و ئەیاد عەلاوی، لەم هەڵبژاردنەدا کەوتن.

کابینەی وڵاتانی ناوچەکە لە عێراق

ئەوەی پێشبینی دەکرێت، ئەم حکوومەتە حکوومەتی وڵاتانی هەرێمایەتی و جیهانی دەبێت لە عێراق، حکوومەتی ئیمارات و ئوردون و سعوودیە و تورکیا و بەریتانیا و ئەمریکا و ئێران دەبێت لە عێراقدا. لەناو عێراقیشدا حکوومەتی موقتەدا سەدر و مەسعود بارزانی و موحەمەد حەلبووسی و نووری مالیکی دەبێت.

سەدرییەکان، لەدوای 2003ەوە لەوەتەی هاتوونەتە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە، لە هەموو کابینەکان، لە کۆتایی کابینەکەدا دەکشێنەوە و حکوومەت بەجێ دەهێڵن. بە مانایەکی تر، سەدرییەکان لە عێراقدا پیاوی میساق نیین و لەپڕ لە ڕێککەوتننامەکان دەکشێنەوە.
موقتەدا سەدر، کەسایەتییەکە لە هاوکێشەکاندا گۆڕانکاریی زۆری بەسەر دێت، بەردەوام لە ڕاڕاییدایە.

کورد و دەرفەتێکی تر

ئەم هەڵبژاردنە، دەرفەتی جۆراوجۆری گەورەی لەگەڵ خۆی بۆ کورد هێناوە. کورد دەتوانیت بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی. لەلایەک ئەوانەی هەڕەشە بوون لەسەر هەرێمی کوردستان، میلیشیاکان بوون، بە درێژایی و پانایی ناوچە دابڕاوەکان میلیشیاکانی حەشد هەڕەشە بوون لەسەر کورد. بەڵام هەر لە مووسڵەوە تا خانەقین، کورد کورسییەکانی زیادی کردووە و لەبەرامبەردا میلیشیاکان یەک کورسییان بەدەست نەهێناوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە، پرسی بە یەکڕیزیی ڕۆیشتنی کوردە بۆ بەغدا. کورد دەتوانێت باڵانسەکە وا بەهێز بکات، حکوومەتەکە لە هەولێر پێک بێت، نەک لە بەغدا.

کورد ماوەیەکی زۆرە ئاشنایە بە مالیکی، مالیکی دوای 2003 لە کوردستانەوە گەڕایەوە بەغدا. هەر کاتێک کورد مامەڵەی لەگەڵ مالیکی کردووە، زۆبەی كات لە کۆتاییەکاندا بڕیارەکانی جێبەجێ کردووە. ئەوەی تێبینی کراوە، وڵاتانی ئەمریکا و کەنداو دەیانەوێت عێراقێکی دیکە بینا بکەن، دوور لە هەژموونی زۆروزەوەندی ئێران. عێراقێکی شیعی- سەدری- هاوشێوە و گونجاوی وەک وڵاتانی کەنداو پێک بهێنن. بۆیە پێویستە لە هەموو سات و ئەگەرەکاندا، کورد لەسەر پێ بێت.

دەرەنجام

پێکهێنانی حکوومەت لە عێراقی دوای هەڵبژاردنەکەی (10ی ئۆکتۆبەری 2021)دا زۆر ئاڵۆز دەبێت، لە ناوخۆدا لایەنەکان هەموویان ئەجێندای جیاوازیان هەیە، سەدر، بارزانی، حەلبووسی، مالیکی چوار براوەی سەرەکیین، بەڵام چوار ئەجێندای لەیەک دووریان هەیە. لە ئاستێکی تردا، حکوومەتی ئایندەی عێراق حکوومەتی هەموو هێزە ناوچەیی و دەرودراوسێکانی عێراقە، بە بەریتانیا و ئەمریکاشەوە. بۆیە پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی ئایندە لە عێراقدا قورس دەبێت.
* هاوەڵ و هەماهەنگیکاری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.