فەلسەفە لە ڕۆماندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 24/10/2021

فەلسەفە لە ڕۆماندا

ڕۆمان یەکێکە لەو باخانەی فەلسەفە پشووی تێدا دەدات، ڕۆماننووس کە دونیایەکی تژی لە جوانی دەخوڵقێنێت، ستانداڵ گوتەنی: بەوە بەڵێنی دواڕۆژێکی گەشمان پێ دەدات. تیۆدۆر ئەدۆرنۆیش دەڵێت: (هونەر ئەوەیە مژدەی بەختەوەریمان دەداتێ، با بەختەوەرییەکە ڕاستەقینەیش نەبێت.) چونکە فەلسەفە لە هەواری ڕۆمانیشدا بارگە دەخات، ئەوە بۆیە فەیلەسووفانی وەک سارتەر، کامۆ، سیمۆن دی بۆڤوار و ئالان بادیۆ ڕۆمانیشیان نووسیوە. بۆچی ڕۆمان دەنووسین؟ چونکە نیازی ئەوەمان هەیە، شۆڕشێک لە دژی واقیعی زاڵ هەڵبگیرسێنین، ئەگەرنا هەق نییە توخنی ئەو ژانرە لە ئەدەب بکەوین. ڕۆماننووس هەر بەگژ واقیعی باودا ناچێتەوە، لە تەکنیکە دێرینەکانی نووسینیش یاخی دەبێت و بە کۆمەکی تەکنیکی نوێ، هەوڵی ڕۆنانی دونیایەکی جیاواز دەدات.

داهێنان ئەوە نییە، ڕۆمانەکەمان زۆری لێ بفرۆشرێت، ئەوە داهێنانە، شێوازێکی نوێی نووسین بدۆزینەوە. جیل دولوز دەڵێت: (داهێنان تاقە شتێکە بەگژ مەرگدا دەچێتەوە،) ئاخر قسەی گوتراو ناڵێتەوە و ئەگەر پێویستی کرد، بتەکانیش دەشکێنێت. ڕۆماننووسین کێڵگەیەکە بۆ ئەزموونکاری، ئاخر خۆ ڕۆماننووس ناچێت، بە کۆمەکی پلانێکی پێشوەخت ئامادەکراو بنووسێت، بەڵکوو شێوازێکی نوێی نووسین دادەهێنێت، هەر وەک چۆن واقیع ناگێڕێتەوە، واقیعێکی نوێ دەهێنێتە گوڕێ. بۆچی ڕۆمان دەنووسین؟ ئاخر نە کەس بە هانای قوربانییەکانەوە دەچێت، نە کەس لە هەوڵی ئەوەدایە دادپەروەری بچەسپێنێت. جیل دولوز دەڵێت: (ئێمە لەبەر ئەوە نانووسین چونکە ناساغین، بەڵکوو لەبەر ئەوە دەنووسین، چونکە تەندروستین.) ئەوە بۆیە ڕۆمان لە شڵەژانی دەروونی قوتارمان دەکات و خونچەی سۆزمان دەگەشێنێتەوە. ئەرکێکی گرنگی ڕۆمان ئەوەیە، لە دەردی نائومێدی ڕزگارمان بکات و تۆوی هیوا لە دڵماندا بچێنێت.

فەلسەفە لە ڕۆماندا، فێری کولتووری دیالۆگمان دەکات، بەها باڵا هاوبەشەکانمان پێ دەناسێنێت و پێمان دەڵێت: دونیا جێی هەمووانی تێدا دەبێتەوە. ئەوە فەلسەفەیە لێ ناگەڕێت، بەهۆی دینێک یان ئایدۆلۆجیایەکەوە، تووشی دەردی بەبەردبوونی عەقڵ ببین و بانگخوازێکی دینی، یان ئایدۆلۆجی بە ئاسانی دەماغمان بشواتەوە. ئەوە فەلسەفەیە لێ ناگەڕێت، بە قسەی قۆڵبڕی دینی یان ئایدۆلۆجی فریو بخۆین و بڕوا بە چیرۆکی پڕوپووچ بکەین.(*)

کامۆ پێی وابوو: ڕۆماننووسە گەورەکان، فەیلەسووفی گەورەن و ڕۆمانیش هەر فەلسەفەیە، بەڵام لە وێنەی خەیاڵیدا. ڕۆمانی (هێڵنج)ی سارتەر، فەلسەفەیە هەرچەندە وەک ڕۆمان نووسراوە. (ئەفسانەی سیزیف)ی کامۆ یەکێکە لە نموونە هەرە بەناوبانگەکانی ڕۆمانی فەلسەفی. جیاوازییەکی نێوان ڕۆمان و فەلسەفە ئەوەیە، ڕۆمان لەگەڵ زۆرینە دەدوێت، بەڵام فەلسەفە ڕووی دەمی لە بژاردەیە. ئەدگار مۆرگان کە خۆی فەیلەسووفە، بەو هەموو حیکمەتە سەرسامە کە لە ڕۆمانەکانی (دەستۆیڤسکی)دا حەشار دراون.

هەن دەڵێن: ئەوە کات بەفیڕۆدانە، بۆ سۆراخی حیکمەتێک کە ڕەنگە بە دوو سێ دێڕێک بگوترێت، بچین ڕۆمانێک بخوێنینەوە، لە سەدان لاپەڕە پێک هاتبێت. یان دەڵێن: ڕۆمان هونەری زۆربڵێییە، هەرچەندە زۆربڵێیی ئەگەر لە ڕۆماندا هەبوو، ئەوە خەوشی ڕۆماننووسە، نەک ڕۆمان. ڕۆمانێکی نەجیب مەحفووز هەیە، ناوی ناوە: دەمەتەقێ (زۆربڵێیی) لەسەر نیل، ١٩٧١ بە فیلم کراوە، هێندە نهێنیی لە خۆیدا حەشار دابوو، هیچی وای نەمابوو، سەری نووسەرەکەی بخوات.

ڕۆمان فەلسەفی بێت یان نا، لەسەروو ڕەخنەوە نییە، بەڵام کە ڕەخنەمان لە ڕۆمان گرت، پێویستە ڕەخنەکەیشمان، وەک ڕۆمان چێژبەخش بێت. ڕەخنەی ئەدەبی جۆرێک نییە لە زۆربڵێیی، وەک نووسینی ڕۆمان هونەرە، ئەوە نییە ئەو هەموو ئوستادەمان لە بواری ئەدەبدا هەیە و بەدەگمەن یەکێکیان تێدا هەڵکەوتووە، بە ڕەخنەگری ئەدەبی لە قەڵەم بدرێت. پارادۆکس ئەوەیە، خۆت بە ڕەخنەگری ئەدەبی بزانیت و وەک خوتبەخوێن هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆمان بکەیت.
*
(*) أم الزین المسکیني.