كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی کەرکووک: پێویستە بە یەکەوە رێگری لە دروستکردنەوەی سەربازگەی تۆبزاوە بکەین

سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای کەرکووک هەوڵی دووبارە بونیادنانەوەی سەربازگەیەک دەدات، کە تێیدا ئەنفالکراوانی گەلی کوردستان کۆ کرانەوە و بەرەو بیابانەکان راپێچ کران و بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانیش ناڕەزایی دەردەبڕێت.

بەپێی بەیاننامەیەك، بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كەركووک لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە: لە ساڵی 1988 زۆربەی ئەنفالكراوانی قۆناخەكانی سێ و چوار (گەرمیان و دەوروبەری كەركووك) بردرانە سەربازگەکانی تۆبزاوە و دووبز و لەوێ جیاكرانەوە و بردران بۆ زیندە بە چاڵكردن لە ناوڕاست و خوارووی عێراق.

بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كەركووک بە دەربڕینی ناڕەزایی خۆی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی سەربازگەی تۆبزاوە، داوای لە سەرجەم لایەنە حكوومی و حزبی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و بوارەكانی جینۆساید کردووە ”بەیكەوە رێگربین لە سەربازگەكردنەوەی تۆبزاوە و سڕینەوەی ئەو شوێنەوارەی پێویستە بكرێت بەمۆنۆمێنت و شوێنەوارێكی مێژوویی وەكوو گەواهیدەرێك لەسەر تاوانەكانی رژێمی بەعس“.

هەروەها خەلیل ڕەحیم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ماوەیەک پێش ئێستا ویستیان سەربازگەکە دروست بکەنەوە، بەڵام بەهۆی گوشارەوە پرۆژەکەیان راگرت و ئێستاش لەژێر ناوی نەخۆشخانەی سەربازی، دەیانەوێ سەربازگەکە دروست بکەنەوە.

خەلیل رەحیم هەروەها رایگەیاند: فەوجێکی میلیشیا تورکمانییەکانی حەشدی شەعبی لەو شوێنە جێگیر کراوە و ”ئێمەش تابتوانین ڕێگە نادەین ئەو کارەیان سەر بگرێت“.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە ڕێگەی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەوڵی وەستاندنی پرۆژەی دروستکردنەوەی سەربازگەی تۆبزاوەیان داوە، ”ناكرێ ئەو شوێنە بكرێتەوە سەربازگە كە كوردی لێوە ئەنفال كراوە“.