كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە سایەی ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك، سەرانەی نایاسایی و بەرتیل لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت

 ''کۆمپانیایەکی وەهمی بە ناوی عەلوەی کەرکووک، بەبێ مۆری حکوومەت سەرانە وەردەگرێت''

لە كەركووك وەرگرتنی سەرانە و بەرتیل لە هاووڵاتییان بەردەوامە و بەرپرسی گرووپی شەقام، كە گرووپێكە لە بەرانبەر دیاردە دزێوەكاندا هەڵوێست دەنوێنێت، ئەو دیاردەیە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، لە كەركووك بە چەند شێوەیەك سەرانە لە خەڵكی شارەکە وەردەگیرێت.

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری (باسنیوز)، یەكێك لەو ڕێگایانەی بەهۆیەوە سەرانە لە هاووڵاتییانی کەرکووک وەردەگیرێت، بە ناوی كۆمپانیایەكی وەهمیی سەر بە حەشدی شەعبییەوەیە كە گوایە شەوانە پاسەوانی لە بازاڕی گەورەی كەركووك دەكات و لە بەرانبەردا مانگانە بڕی 25 هەزار دینار لە هەر دووكاندارێك وەردەگرێت، دووكاندارەكانیش ناڕازین و دەڵێن، شەوانە دووكانەكانیان ناپارێزن و ئەو بڕە پارەیەشیان لێ وەردەگرن.

ماوەیەكیشە لە بازاڕی خان خورما كە بازاڕێکی فرۆشتنی سەوزە و میوەیە بە تاك و كۆ و لە نزیك قەڵای كەركووكە، كۆمپانیایەك بە ناوی عەلوەی كەركووك، سەرانە لە دووكاندارەكان وەردەگرێت، ئەو هەنگاوەش ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ماوەیەك پێش ئێستا دووكانداران و كاسبكارانی ئەو بازاڕە خۆپیشاندانیان كرد، بەڵام بێسوود بوو، ئێستاش لە ڕووی یاساییەوە كار دەكرێت بۆ ئەوەی چی دیکە سەرانە نەدەن.

لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 24/10/2021، محەمەد جەلیل، بەرپرسی گرووپی شەقام لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بە چەند شێوەیەك سەرانە و پارە لە هاووڵاتییان و كاسبكارانی كەركووك وەردەگیرێت، بەڵام سەبارەت بە وەرگرتنی سەرانە لە بازاڕی خان خورمای كەركووك، ''ئێمە بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی ئەو بازاڕەمان كرد و بۆمان دەركەوت كە بە نایاسایی پارە لە خەڵك وەردەگیرێت، ئەو شوێنە نزیكەی 60 ساڵە هەیە و خەڵكی كاسبكاری لێیە و ئەوەی كە ئێمە بینیمان كۆمەڵێك دز كەوتوونەتە گیانی خەڵك و بە پسوولەیەك كە لە سەرەوەی تەنیا نووسراوە عەلوەی كەركووك، بە شێوەی هەڕەمەكی و بەبێ هیچ مۆرێك پارەی پێ وەردەگرن''.

گوتیشی: ''ئێمە هەر ئەمڕۆ دەستمان بە ئیجرائاتی یاسایی كردەووە و پارێزەرمان گرتووە بۆ ئەوەی لە دادگاوە ئەو کارە نایاساییانە ڕابگیرێت''.

بەرپرسی گرووپی شەقام ڕاشیگەیاند، ئەوەی كە ''ئێمە تێبینیمان كرد دووكاندارەكان زۆر داوایان كردووە پەرلەمانتاران بێنە سەردانیان، هەڵبەتە نەك ئەوانەی كە تازە دەرچوون، بەڵكوو مەبەستیان ئەوانەی پێشووە كە زۆر داوایان لێ کردوون، بێن بە هانایانەوە، کەچی نەهاتوون، ئێمە تووشی شەرم دەبووین کە لەوێ تەنیا ئەڕشەد ساڵحی ئامادە دەبوو، من بە پەرلەمانتارە كوردەكانم گوتووە، ئەگەر پشتگیریی دز ناكەن، بۆچی بەدەم ئەم پرسەوە نایەن، چونكە تەنانەت سەرانەكە گەیشتووەتە ئاستێك كە پارە لە كاسبكارێكی خاوەن ماتۆڕی سێ تایە وەردەگرن، كاتێك كە سەوزە و میوە دەكرێت بۆ ئەوەی بفرۆشێتەوە، شێوەی پارەوەرگرتنەكەش بە سندووقە، لە بەرانبەر 15 سندووق، سێ هەزار دینار وەردەگیرێت و بۆ 30 سندووقیش شەش هەزار دینار، پارەیەكی خەیاڵی لەو خەڵكە وەردەگرن، بۆیە ئێستا لە كەركووك میوە و سەوزە گران بووە، ئەگەر بەم ڕێكارانە هیچمان پێ نەكرا، خۆپیشاندانێكی گەورە ڕێک دەخەین''.

هاوكات، سارا ستار شێخانی، چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی كە لەگەڵ گرووپی شەقام سەردانی بازاڕی خان خورمای كردووە، لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی: ''زوڵمە سەرانە لە كاسبكارانی بازاڕی خان خورما وەردەگیرێت، ماوەی دوو مانگە لەلایەن كۆمپانیایەكەوە ئەو كردەوەیە دەكرێت كە لەسەر ڕێگەی چوونە ژوورەوە بۆ ناو ئەو بازاڕە چەند كابینەیەكیان داناوە و لە هەر فەرعێك كەسێكیان داناوە و جلوبەرگی سەربازییان لە بەرە كە نازانی سەر بە چ لایەنێكن، بەڵام پسوولە دەدەنە هەر بەقاڵێك کە لە كۆڵانەکانی خان خورماوە دەردەچێت و لەسەر پسوولەکەش تەنیا نووسراوە عەلوەی كەركووك، بەبێ مۆری حكوومەت''.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە خاوەنی دووكانەكان دەڵێن، كەسێك بە ناوی (ش، ه، ت) دەڵێت من بە موزایەدە وەرمگرتووە، ئەوانیش دەڵێن ئەو موزایەدەیە بە نهێنی كراوە، ''ئێمە دووكاندارین و پێویست بوو بمانزانیایە ئەو موزایەدەیە چۆن كراوە و كەی كراوە، بەڵام بە نایاسایی كراوە، بازاڕی خان خورما لەناو ئەو موزایەدەیەدا هەر نییە، ئێمە لەبەر چی ئەو بڕە پارەیە بدەین، لە کاتێکدا مانگانە كرێی دووكانەكانیش دەدەین''.

بۆ ئەو مەبەستە (باسنیوز) پەیوەندیی بە عەدنان حەمە شكور، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی شارەوانیی كەركووكەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.

لە كەركووك و لە سایەی ئیدارەی سەپێندراوی ئەو شارەوە دزی و گەندەڵی و سەرانەوەرگرتن تەشەنەی سەندووە و تەنانەت لە بەشێكی بەرچاوی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە حكوومییەكاندا هاوشێوەی سەردەمی بەعس، ئەگەر پارە و بەرتیل نەدەیت، كار و مامەڵەكانت بۆ ڕایی ناكرێت.