بە پێوەری راگەیاندنی یەكێتی، پۆستی سەركۆمار بۆ پارتیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 24/10/2021

بە پێوەری راگەیاندنی یەكێتی، پۆستی سەركۆمار بۆ پارتیە

وەك كوردێك، پێم خۆش نەبوو دوای تەواوبوونی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی باڵای راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باسی دابەشكردنی پۆستەكانی كورد لەنێوان پارتی و یەكێتیدا بكات، چونكە وابزانم ئیشی سەرەكیی لیژنەی باڵای ڕاگەیاندنی یەكێتی، دانانی بەرنامە و پلان بوو بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و ئەمەش تەواو بوو، بینییشمان بانگەشەكەیان چۆن بوو!

ئەنجامی بانگەشەكەش بە ژمارەی دەنگ و كورسیەكانیشەوە، لەنێوان پارتی بەتەنیا لە لایەك و یەكێتی و گۆڕان و پەكەكە و تەڤدەم و نوورەدین بەیەكەوە! لە لایەكی تر دەركەوت، ئەوەندەی تێی بگەم ئێستا ڕێككەوتن لەسەر ئەو پۆستانە بەجێ ھێڵراوە بۆ شاندەكانی دانوستاندنی نێوان لایەنە كوردستانیەكان، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا.

دیسان وابزانم وەك ڕاگەیاندن، ڕاگەیاندنی ھیچ لایەك بەشداریی لە دانوستاندنەكاندا ناكەن، ڕاگەیاندن دانوستاندنەكان و ئەنجامی ئەو دانوستاندنانە دەكەنە ھەواڵ و بابەتی گفتوگۆ و ھیچی تر! من تەنیام و ئەندامی لیژنەی ھیچ جۆرە كاروبارێكی ھیچ لایەنێكی سیاسی نیم بە پارتییشەوە، بەڵام نازانم بۆچی كە بابەتێك سەرنجم ڕابكێشێت، خۆم ناگرم و ئیللا دەبێ ڕای خۆمی لەسەر دەرببڕم؟

پوختە و خاڵی سەرەكیی ناو ڕاگەیەندراوەكەی لیژنەی باڵای ڕاگەیاندنی یەكێتی، ئەوەیە كە لەبەر ئەوەی وەك ژمارەی دەنگ یەكێتی لە كەركووك 82380 دەنگی ھێناوە و پارتی 49631 دەنگ، ئیتر پۆستی پارێزگاری كەركووك با ھی كوردیش بێت، بەڵام دەبێ لەناو كورددا بۆ یەكێتی بێت، زۆر باشە ھەر بژین!

جا ئەگەر ڕازین ژمارەی دەنگ پێوەری دابەشكردنی پۆستەكانی كەركووك و بەغدا بێت، دە كەواتە ھەر بەم پێوەرەی لیژنەی باڵای ڕاگەیاندنی یەكێتی، پۆستی سەركۆماری عێراق با ھی كورد بێت، بەڵام دەشبێت لەناو كورددا بۆ پارتی بێت، دەزانن بۆچی؟ ئەوە ھەر لەسەر بنەمای ئەو پێوەرەی كە لیژنەی باڵای ڕاگەیاندنی یەكێتی دایناوە، چونكە پارتی لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، تەبعەن بە كەركووكیشەوە 772000 دەنگی ھێناوە و یەكێتییش 407000 دەنگ، خۆ ئەمەشیان ژمارەیە.

ئەوە بۆیە گوتم حەق نیە لیژنەی باڵای ڕاگەیاندن، خۆی فڕێ بداتە ناو ئەم بابەتانەوە و حەقە ئەم بابەتانە بەجێ بھێڵن بۆ لیژنە سیاسییە باڵاكانی دانوستاندنی نێوان لایەنە كوردستانیەكان، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی و ئیتر با ڕاگەیاندن دانوستاندن و ئەنجامەكانی بكاتە ھەواڵ و ئینجا دەربڕینی بیروڕا لەسەریان و چەندین بەرنامەی یەك سەعاتییشی بۆ بكەن، چونكە ڕاگەیاندن دانوستاندن ناكات، ڕاگەیاندن زانیاریەكانی ناو دانوستاندنەكان و ئەنجامەكانی بڵاو دەكاتەوە.

ئنجا بەدەر لە ژمارەی دەنگ و كورسییش، زۆر عەیبە بۆ ئەوانەی كە كەركووك و داعشە دەستگیركراوەكانی لای خۆیان تەسلیم بە ڕاكان جبووری دەكەنەوە، ئێستا دێن و باسی پۆستی پارێزگاری كەركووك دەكەن!