مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی: پێویستە لە پرۆسەی چاكسازییدا حكوومەت گوێ بە فشار و هاشوهووش نەدات و بەردەوام بێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی: پێویستە لە پرۆسەی چاكسازییدا حكوومەت گوێ بە فشار و هاشوهووش نەدات و بەردەوام بێت

 له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ (باسنیوز)، د. خالید حه‌یده‌ر، پسپۆڕى زانسته‌ ئابوورییه‌کان له‌ زانکۆى سلێمانى، باس له‌ هه‌نگاوه‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان ده‌كات، بۆ بابه‌تی چاكسازی، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ روو كه‌ گرنگه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌رده‌وام بن و له‌به‌رده‌م ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێنه‌ به‌رده‌میان به‌هێزتر بكرێن.

(باسنیوز): بابه‌تی چاكسازی چۆن دەبینی، به‌تایبه‌ت چارەسەركردنی بابەتی دوو مووچه‌ و مووچەی پله‌ باڵاكان و خانەشنینی نایاسایی و بندیوار؟

د.خالید حه‌یده‌ر: ئه‌وه‌ی گرنگه‌، بابه‌تی بندیوار و مووچه‌ی دووبارە كاریان له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وانە بارگرانین به‌سه‌ر حكوومه‌تەوە و هیچ جێده‌ستیان دیار نییه‌ و ئه‌و پاره‌یەی پێیان ده‌درێت به‌هه‌ده‌ردانه‌، ئه‌مه‌ وا ده‌كات حكوومه‌ت پاره‌ خه‌رج بكات بەڵام له‌ به‌رامبه‌ردا هیچی ده‌ست نه‌كه‌وێت. نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌ وا ده‌كات خه‌رجیی حكوومه‌ت كه‌م ببێت و داهات زۆر ببێت، ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌كرێت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ چاكسازییه‌ی حکوومەتدا، ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، كاریگه‌ریی زۆر باشی ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووریی كوردستان و پاره‌یه‌كی زۆر بۆ حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

(باسنیوز): هەر كارێكی لەم شێوەیە، ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی گرفتیش هەیە، بە تایبەتیش لەلایەن ئەوانەی زەرەرمەند دەبن، بە ڕای ئێوە چۆن بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبین؟

د. خالید حه‌یده‌ر: سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ له‌ بواری كارگێڕیی حكوومه‌ته‌وه‌ و نوێنه‌ری خه‌ڵكیشە، راسته‌ پێکهاتە و بەرنامەی حکوومەت له‌ حزبەکانەوە هاتووه‌، به‌ڵام ئەم چاکسازییە بۆ پاراستنی مافی خه‌ڵكی كوردستانە، بۆیه‌ گرنگە كاك مه‌سرور بارزانی ‌بوێرانه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌ و گوێ نه‌داته‌ ئه‌و فشار و هاشوهووشه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ریان، بۆ ئه‌وه‌ی دیاردەی گه‌نده‌ڵی كه‌م ببێتەوە. گوناحه‌ خەڵک به‌بێ رێكاری یاسایی مووچه‌ وه‌ربگرن، پێشبینی ده‌كه‌م كاك مه‌سرور به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات و سه‌ركه‌وتوو بێت و خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت كه‌م بكاته‌وه‌، بەمەش هاوسه‌نگیی بۆ خه‌رجی و داهاته‌كان دەگه‌ڕێته‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ حكوومه‌ت دەگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان، نه‌ك حكوومه‌تێكی به‌كاربه‌ر بێت.

(باسنیوز): تا چه‌ند گرنگه‌ داهاتی گومرگه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت و سه‌رچاوه‌كانی داهاتی حكوومه‌ت به‌ ده‌ستی خۆی بێت، نەک بە دەستی گرووپ و کەسەکان؟

د.خالید حه‌یده‌ر: سه‌رچاوه‌كانی داهاتی هه‌ر حكوومه‌تێك به‌ كوردستانیشه‌وه‌ جۆراوجۆرن، لێره‌ له‌ كوردستان داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌شێكه‌ له‌ داهاتی حكوومه‌ت و به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر چاكسازی له‌و بواره‌شدا بكرێت و رێگا نه‌درێت قاچاخی و دزیی تێدا بكرێت، هەروەها رێگری له‌ ناردنەدەرەوەی دۆلار بكرێت و دۆخەکە كۆنترۆڵ و رێك بخرێت، ئەوا داهاتی حكوومه‌ت زیاتر ده‌بێت، له‌لایه‌ك حكوومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات خه‌رجییه‌كان كه‌م ببنەوە، له‌ لایه‌كیش هه‌وڵ ده‌دات داهات زیاتر بكات، بەمەش له ‌داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ دەگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بودجه‌ له‌نێوان داهات و خه‌رجییه‌كان و پێشبینی دەكرێت داهاتمان زیاتر بكرێت. زۆر گرنگیشه‌ بواری وه‌به‌رهێنان و گه‌شتوگوزار و كشتوكاڵ به‌هێز بكرێن و پاڵپشت بن بۆ حكوومەت و تەنیا پشت به‌ كه‌رتی نه‌وت نه‌به‌سترێت، هه‌وڵیش بدرێت كه‌لوپه‌لی خۆمانه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێت، به‌م شێوه‌یه‌ ئابووریی كوردستان پێشدەكه‌وێت.

(باسنیوز): گله‌یی هه‌یه‌ کە داهاتی سلێمانی وەك خۆی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت، بۆ چاره‌سه‌ریی ئەم گرفتە چی بكرێت؟

د.خالید حه‌یده‌ر: ئه‌گه‌ر باسی هه‌موو كوردستان بكه‌ین، ده‌بێ رێگا نه‌درێت ئه‌و گله‌ییه‌ بمێنێت، گله‌یی له‌ سلێمانی و له‌ شاره‌كانی دیكه‌ش هه‌یه‌، ده‌بێ حزبه‌كانی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت لە پەرلەمان و لە وەزارەتەکان چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن. ده‌بێ هاوسه‌نگی هه‌بێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی پارێزگاكان و گله‌یی نه‌كرێت له‌نێوان شاره‌كاندا و ناكۆكیی سیاسی تێكه‌ڵ نه‌كرێت.

(باسنیوز): له‌ سلێمانی گله‌یی هه‌یه‌ گوایه‌ خزمه‌ت نه‌كراون، ئه‌وه‌ی له‌م كابینه‌یەدا بۆ سلێمانی كراوه‌ چۆن بووە و چۆن زیاتر خزمه‌تی بکرێت؟

د.خالید حه‌یده‌ر: خۆی بژێویی ژیان و كاری رۆژانه‌ی خه‌ڵك ره‌نگدانه‌وه‌ی پرسی ئابوورییه‌، بابه‌تی مووچه‌ و گرانیی به‌نزین و نه‌وت و ئه‌و شتانه‌ كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر گله‌یی خه‌ڵك و له‌ هه‌موو كوردستان ئه‌م گله‌ییه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت كاری جدیی له‌سه‌ر بكات، ئه‌وا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵك پشتیوانیی زیاتری حكوومه‌ت ده‌كه‌ن و گرنگه‌ ره‌خنه‌كان له‌ حكوومه‌ت له‌و بواره‌وه‌ كینه‌ دروستكردن نه‌بێت، لێ گه‌ڕێن با ره‌خنه‌ی دروستكه‌ر و بنیاتنه‌ر هەبن، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار ئه‌مه‌ ده‌كرێته‌ ده‌سكه‌لای سیاسی له‌ دژی حزبی دیكه، لەكاتێكدا ده‌بێ رخنه‌‌كان له‌ شوێنی خۆیان بن، ره‌خنه‌ی سیاسی له‌ تێكه‌ڵکردنی چه‌مكی خزمه‌ت دوور بخرێته‌وه‌ و نەبێتە مه‌ترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، پێویستە مه‌رامی سیاسی له‌ چاكسازی و ره‌خنه‌گرتن له‌ حكوومه‌ت دوور بخرێتەوە.

(باسنیوز): تا چه‌ند گرنگه‌ ده‌ستی حكوومه‌ت كراوه‌ بێت له‌وه‌ی خزمه‌تی زیاتر سلێمانی بكات، به‌تایبه‌ت لە بواری پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێناندا؟

د.خالید حه‌یده‌ر: ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیی به‌ ئیداره‌ی سلێمانییه‌وه‌ هه‌بێت، لێره‌ وه‌ك مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێم، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ بكرێن، به‌ڵام ژیانی خه‌ڵك باش نه‌بێت، گرنگیی نابێت، ده‌بێ پرۆژه‌كان هۆكار بن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بێکاری، بۆیه‌ گرنگە خه‌ڵك له‌ پرۆژه‌كان سوودمه‌ند بێت و ئاراسته‌مان وابێت كه‌ ئابووریی كوردستان به‌ پرۆژه‌ به‌هێز بكرێت و هه‌لی كار زیاتر بكرێت، گرنگە بژێویی خه‌ڵكیش باش بكرێت.

(باسنیوز): بۆ زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ حكوومه‌ت چی بكات؟

 

د.خالید حه‌یده‌ر: ده‌بێت هه‌نگاو بنرێت ئاسایشی خۆراك فه‌راهه‌م بكرێت و وا بكه‌ین خواستی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌بێت، به‌رهه‌می ناوخۆ پڕ بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یەی ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، له ‌ناوخۆدا ئاڵوگۆڕی پێبكرێت و ئاراسته‌ی وه‌به‌رهێنانی پێ بكرێت، گرنگه‌ كابینه‌ی حكوومه‌ت بایه‌خ به‌ پیشه‌سازی و كشتوكاڵ بدات