كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەلجیکا.. شاندی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەرلەمانی کوردستان چەندین دیداری ئەنجامدا

 

شاندی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەرلەمانی کوردستان لە وڵاتی بەلیجیکا بەمەبەستی دیدار و سوود وەرگرتن لەئەزموونی وڵاتەکەیان لەشێواز و چۆنیەتی بەرێوەچوونی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و سیستەمی یاسادانان چەندین دیدار و سەردان ئەنجام دەدات.

پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە: "شاندی لێژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى لە پەرلەمانی کوردستان، بەسەرۆکایەتی مەلا ئیحسان محەمەد، سه‌لیم جێگری سەرۆكی لیژنە و ئەندامیەتی ھەریەک لە وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لیژنە. شێخ زاھیر خەیلانی، فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا، ھدیە مراد حیدر، د. ئیسماعیل علی تەھا سگێری و كلارا عودیشۆ یعقوب، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لەسەرجەم فراکسیۆن و پێکھاتە جیاوازەکان‌، لەوڵاتی بەلجیکا چەندین دیداروکۆبوونەوەیان لەگەڵ ھەریەک لەپەرلەمانی ھەرێمی والونیا، سەرۆکی بەشی رۆژھەڵاتی ناوەراست لە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا و لیژنەی ئەساقیفەی کاسۆلیک لەیەکێتی ئەورووپا ئەنجامدا".

ئەوەش خراوەتە روو: "لەکۆبوونەوەکاندا باس لەبارودۆخی ھەرێمی کوردستان و رەوشی پێکەوەژیان کرا، تیشک خرایە سەر ئەرک و مافی سەرجەم پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی کوردستان کە ئازادانە ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن ولەبنیاتنان وپێشخستنی کوردستان بەشدارن، ھەروەک باس لەرۆڵی دامەزراوە یاسایی و ئیداراییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا بۆ ئایین و پێکھاتەکان بەتایبەت یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015ی پەرلەمانی کوردستان کەمافی پێکهاتەکانی لەدەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان مسۆگه‌ر کردووە، و سەرجەم ئایینەکان نوێنەریان لەوەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی ھەیە".

ئاماژە بەوەش کراوە: "لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکاندا، سوپاسی پشتیوانی وڵاتی بەلجیکا کرا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاری کوردستان و پێشمەرگەی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. ھەروەھا ئاماژە بە ڕەوشی مەسیحیەکانی کوردستان کرا وەک پێکھاتەیەکی رەسەن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەبەرێوەبردنی کوردستان لەدامەزراوەکان رۆڵی گرنگیان ھەیە، هاوکات باس لەدۆخی کوردانی ئێزیدی کرا کە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی (داعش) کۆمەڵکوژکراون، کە بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتی و ئاینی و مرۆڤایەتی تاوانێكی بێ وێنەیان دەرحەق کراوە، بەپێی سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، دەچێتە چوارچێوەی تاوانەكانی جینۆساید، بۆئەمەش سوپاسی وڵاتی بەلجیكا کرا کەبەفەرمی دانی بەجینۆسایدی ئێزدیەکانداناوە، ھەروەھا باس لەجێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شەنگال وئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە کرا، داوا کرا وڵاتی بەلجیکا رۆڵی خۆی بگێریت لەجێبەجێکردنی رێکەوتنەکە، ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە".

روونیشکراوەتەوە کە لە بەشێکی تری دانیشتنەکاندا ھەڵوەستە لەسەر پرسی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان کرا بە پرسێکی ھەستیاریان دانا بۆ هەرێمی کوردستان، ھیوایان خواست هەرێمی کوردستانیش ببێتە خاوەنی دەستوورێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، بە بەشداری هەموو ئاین ونەتەوەکان و خواست و مافەکانیان لەخۆبگرێت لەگەڵ دنیای پێشکەوتوودا بگونجێت.

جەختیشکراوەتەوە کە لای خۆیانەوە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکان ھاتنی شاندی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینییان بۆ وڵاتی بەلجیکا بەگرنگزانی و دەستخۆشیان لەپەرلەمانی کوردستان کرد لەچوارچێوەی لێژنەیەک کاروباری سەرجەم ئایینەکانیانی رێکخستووە ئەمەشیان بەنیشانەی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان دانا، ھەروەک ئەزموونی هەرێمی کوردستانیان بەسەرکەتوو وەسفکرد لەپەرەپێدان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ ھەموو پێکھاتەکان وجەختیشیان لەپشتیوانی وڵاتەکەیان کرد بۆ ھەرێمی کوردستان لەپێناو رووبەروو بوونەوەی تیرۆر و یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش.