دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ی ته‌مووزی 1958 به سه‌رۆكایه‌تیی عه‌بدولكه‌ریم قاسم، حكوومه‌تی عێراق به فه‌رمی ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی گه‌لی كورد، مسته‌فا بارزانی و هاوه‌ڵانی. له ڕۆژێكی مێژوویی‌دا له 6/10/1958، مسته‌فا بارزانی، وه‌ك سیمبولی بزاڤی ئازادیخوازی كورد، له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی جاران گه‌ڕایه‌وه بۆ عێراق. له شاری به‌غدا له‌لایه‌ن تێكڕاى خه‌ڵكی عێراق، به كورد و عه‌ره‌ب و پێكهاتەكانی تره‌وه، پێشوازییه‌كی گه‌وره و كه‌موێنه‌ى لێ كرا.
دوای چه‌ند ڕۆژێك، بارزانی ده‌ستی كرد به سه‌ردان و گه‌شت بۆ شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، یه‌كه‌مین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ شاری كه‌ركووك بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌و گیروگرفت و كۆسپانه‌ی (نازم ته‌به‌قچلی) قائید فیرقه‌ی دوو بۆی دانابوون، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری كه‌ركووك به سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانیەوە، گه‌وره و بچووك، چوونه پێشوازیی بارزانی، له (دارولزوبات)، بارزانی وتارێكی گرنگی پێشكه‌ش به گه‌له‌كه‌ی كرد و داوای یه‌كێتیی ریزه‌كانی لێ كردن. پاشان له دانی ئێواره‌ی 22/10/1958 گه‌یشته شاری هه‌ولێر و سه‌ردانی یانه‌ی ئه‌فسه‌رانی كرد، هه‌ر له‌وێدا سه‌ردانی مه‌زاری ئه‌فسه‌ری شه‌هید (خێروڵا عه‌بدولكه‌ریم)ی كرد. دواتریش له رۆژی 23/10/1958 بارزانی سه‌ردانی شاری سلێمانیی کرد.
زۆر جار ئه‌م رێکەوتە به هه‌ڵه بڵاو كراوه‌ته‌وه، چونكه رۆژنامه‌ى (ژین) له سلێمانى هه‌فتانه ده‌رچووه و هه‌فته‌یه‌ك دواى سه‌ردانه‌كه، واته رۆژى 30/10/1958 بابه‌ت و هه‌واڵى سه‌ردان و گه‌یشتنه‌كه‌ى بارزانیى بڵاو كردووەته‌وه، كه له رۆژنامه‌ى (ژین) ژماره (1415) رۆژى پێنجشه‌ممه رێكه‌وتى (30/10/1958) لاپه‌ڕه (1)دا، وتارێكى به‌م شێوه‌یه بڵاو كردووەته‌وه و به سه‌ردێرێكی گه‌وره، واته ناونیشانى سه‌ره‌كی، رۆژنامه‌كه ده‌نووسێت: ”هاتنی قاره‌مانی خه‌باتكه‌ر (مسته‌فا بارزانی).. ".
ئیدى ئه‌م رێکەوته له هزرى زۆر خه‌ڵك چه‌سپیوه و ماوه‌ته‌وه و وایان زانیوه له‌م رێکەوته‌دا بارزانى سه‌ردانى سلێمانیى كردووه، نووسه‌رانیش، به خۆیشمه‌وه زۆر جار كه‌وتووینه‌ته هه‌ڵه‌وه و رێکەوتى 30/10یان بڵاو كردووەته‌وه، به‌ڵام خۆى له‌ڕاستیدا رۆژى سه‌ردانه‌كه‌ى بارزانى بۆ سلێمانى 23/10/1958ه. هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌دا رۆژنامه‌ى (ژین) ده‌نووسێت: ”رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، واته 23/10/1958، له ئێواره‌دا خه‌باتكارى قاره‌مان مسته‌فا بارزانى، هات بۆ سلێمانى و دانیشتوانى شار هه‌موو چوون به پیریه‌وه، كه گه‌یشته سلێمانى، له ماڵی شێخ له‌تیف دابه‌زی و ئه‌و شه‌وه هه‌تا دره‌نگ، گه‌لێك له دانیشتووان بۆ به‌خێرهاتنی چوون. هاتنی خه‌باتكار مسته‌فا بارزانی بۆ سلێمانی، ده‌مێكه چاوه‌ڕێ ئه‌كرا، به‌تایبه‌تی، كه خۆی به‌ڵێنی دابوو بێت بۆ دیده‌نیی دانیشتوانی شار و زیاره‌تكردنی قه‌بری شێخ مه‌حموود و شه‌هیدانی ڕێگاى ئازادی. له‌به‌رئه‌وه به‌یانیی رۆژی هه‌ینی، 24/10/1958 له سه‌عات هەشتدا، (واته رۆژى دووه‌م)، مه‌لا مسته‌فا به‌ناو گردبوونه‌وه‌ى دانیشتواندا چوو بۆ سه‌ر قه‌بری شێخ مه‌حموودى حه‌فید و له‌وێ چه‌ند وته‌یه‌كی جوانی گوت، به‌رامبه‌ر بیروباوه‌ڕ و تێكۆشانی شێخ مه‌حموودی نه‌مر...“، ئیدى درێژه به نووسینه‌كه ده‌دات، هه‌تا كۆتایى سه‌ردانه‌كه و ئێمه لێره‌دا ئاوێته‌ى نێو ئه‌م بابه‌ته‌مان كردووه.
سه‌ردانی مسته‌فا بارزانی بۆ شاری سلێمانی، رۆژێكی شكۆداره له مێژووی ئه‌م شاره قاره‌مانه‌دا. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ ئه‌م شاره، له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی لێ كراوە و جه‌ماوه‌رێكی زۆر به گه‌وره و بچووك و ئافره‌تان و قوتابییان و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران و تێكۆشه‌ران و كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی شار، چوون بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار، بۆ پێشوازیی لێ كردنی. دوای گه‌یشتنی بارزانی، له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی هه‌ست و خۆشیی جه‌ماوه‌ردا، دواتر به‌ڕێ كه‌وتووە بۆ گه‌ڕه‌كی كانێسكان، له‌وێوه ده‌چێته ماڵی شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود، له خۆشه‌ویستییاندا بۆ بارزانی، پۆل پۆل و ده‌سته ده‌سته خه‌ڵكی سلێمانی و گونده‌كان و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شار، به عه‌شقێكی زۆره‌وه و تامه‌زرۆییان بۆ بینینی بارزانی، سه‌ردانی ده‌كه‌ن و وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌گرن.
دواتریش بارزانی سه‌ردانی حامیه‌ی سلێمانی ده‌كات و به یاوه‌ریی ئه‌فسه‌ری ناسراوی شاری سلێمانی (نووری مه‌لا مارف) سه‌ردانی ئه‌فسه‌ره كورده‌كان ده‌كات. به‌ر له هاتن و دوای هاتنه‌كه‌ی بارزانی ده‌بێته مانشێت و هه‌واڵی سه‌ره‌كیی ڕۆژنامه‌ی (ژین) و بڵاوكراوه‌كانی ئه‌وسای سلێمانی.
وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سه‌ردانیكردنی مه‌زاری كاكه ئه‌حمه‌دی شێخ و شێخ مه‌حموودی نه‌مر بوو، له‌ناو مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانیدا. لەوێشدا وتارێك له‌سه‌ر گۆڕی شێخ مه‌حموود پێشكه‌ش ده‌كات. پاشانیش له‌وێوه به‌ره‌و گۆڕستانی گردی سه‌یوان به‌ڕێ ده‌كه‌وێت، وه‌ك وه‌فا و ڕێز و ئه‌مه‌كدارییه‌ك بۆ قاره‌مانان و ئه‌فسه‌رانى شه‌هید (محه‌ممه‌د قودسی و مسته‌فا خۆشناو) و تاجه‌گوڵینه له‌سه‌ر مه‌زاره‌كانیان داده‌نێ و سووره‌تی فاتیحا ده‌خوێنێ و به وتارێك باس له قاره‌مانێتی و گه‌وره‌یی و تێكۆشانیان ده‌كات.
پاشان بارزانی به‌ره‌و سه‌نته‌ری شار (به‌رده‌ركی سه‌را)ى سلێمانى به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و سه‌ردانی بینای پارێزگاری ئه‌و سه‌رده‌مه (موته‌سه‌ریفیه‌ت) ده‌كات و له‌لایه‌ن موته‌سه‌ریفی ئه‌وساى سلێمانی (پارێزگار)، (هادی ره‌شید چاوشلی)یه‌وه پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ كراوە. هه‌ر له سه‌رای سلێمانی و له باڵه‌خانه‌ی نووری عه‌لی، له نهۆمی دووه‌مدا و له‌نێو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ردا، وتارێكی پێشكه‌ش به جه‌ماوه‌ر كردووە، كه كامه‌ران موكریی شاعیر (پێشكەشكاری رێورەسمەكە) بووە و قسه‌ی كردووە و مه‌راسیمه‌كه‌ى به‌ڕێوه بردووە و ناوه ناوه‌ش كۆپله شیعرێكی حه‌ماسی به ده‌نگه خۆش و زۆڵاڵ و به‌رزه‌كه‌ی خوێندووەته‌وه، كه ئه‌وه‌نده‌ی تر جۆش و خرۆش و تام و چێژی به‌خشیوەته جه‌ماوه‌ره‌كه و بارزانی و ئاماده‌بووانی ئاوێته‌ی خۆشه‌ویستیی یه‌كدی كردووە.
هه‌روه‌ها كاكه‌ی فه‌لاحی شاعیریش له‌وێدا هۆنراوه نایابه‌كه‌ی خۆی خوێندووەته‌وه، كه ئه‌مه به‌شێكیه‌تى، کە ده‌ڵێت:
ئه‌ى گلێنه‌ى چاوه‌كانم، ئه‌ى هه‌ڵۆى كوێستانى كورد
چقڵى چاوى دوژمنانى، خاكى كوردستانى كورد
قاره‌مانى، نه‌وجه‌وانى، شۆڕشى بارزانى كورد
ئه‌ى جگه‌رسۆزى نه‌به‌رد و قۆچه‌كه‌ى قوربانى كورد
موژده بێ زنجیر و كۆتى كۆیله‌یى ئه‌م میلله‌ته
وا له‌ژێر چه‌كوشى خه‌باتا، وردوخاش و له‌تله‌ته
***
ئه‌ى زه‌عیمى شۆڕشى كورد، ئه‌ى زه‌عیمى قاره‌مان
نووكى نێزه‌ى جه‌رگى دوژمن، ساڵه‌هاى ئاواره‌مان
ئه‌ى له ڕێى به‌یداخى خۆشى جه‌ژنه‌كه‌ى ئه‌مجاره‌مان
موژده بێ ناحه‌ز خه‌ڵاته، بۆ په‌تى سێداره‌مان
ئه‌و كه‌سه‌ى ناپاكى گیانى نیشتمان و میلله‌ته
دیاره شایانى قه‌ناره و گولله‌باران و په‌ته
***
تۆش له ڕێى مافى گه‌لى خۆت، شۆڕشى بارزانه‌كه‌ت
به‌ڵگه‌یه بۆ ڕاپه‌ڕینت، شاخى كوردستانه‌كه‌ت
خوێنى كوردیش ئاگره، بۆ مه‌شخه‌ڵى هه‌ستانه‌كه‌ت
شوێنى شانازیى وڵاته، لاپه‌ڕه‌ى داستانه‌كه‌ت...
چه‌ندین شاعیری دیكەیش له‌نێو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ر و له به‌رامبه‌ر بارزانیدا و بۆ خۆشه‌ویستیی ئه‌و زاته هۆنراوه‌كانیان و دروشمه به‌رزه‌كانیان خوێندووەتە‌وه، كه هه‌مووی گوزارشت بوونە له ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزی خۆشه‌ویستیی بێ ئه‌ندازه و وه‌فاداریی بۆ بارزانی و تامه‌زرۆیی بینین و شادبوونه‌وه به قاره‌مانی دووره‌وڵات و سه‌ركرده و سیمبولی نه‌ته‌وه‌ییان. چه‌ندین تێكۆشه‌ر و كه‌سایه‌تیی گه‌وره و ناسراو و پیاوماقوڵانی شار ئاماده‌ییان هه‌بوو، هه‌ر له شێخ له‌تیف شێخ مه‌حموودی نه‌مر و نووری ئه‌حمه‌دی ته‌ها و شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ- قازی سلێمانی و شاكر فه‌تاح- سه‌رۆكى شاره‌وانیى سلێمانى و عه‌بدولڕه‌حمان به‌گى نفووس و مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و (گۆران)ی شاعیر و ڕه‌مزی مه‌لا مارف و حاجی محه‌ممه‌دی كۆڵه‌ك و سه‌دان كه‌سایه‌تیی ناسراو و ڕۆشنبیر و پیاوماقوڵانی سلێمانی ئاماده بوون، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ و قادر دیلان و... هتد.
دوای ته‌واوكردنی وتاره‌كه‌ی بارزانى و كۆتایی مه‌راسیمه‌كه له به‌رده‌ركى سه‌را، دواتریش شاره‌وانیی سلێمانی له یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران، مه‌راسیمێكی بۆ ڕێك ده‌خه‌ن، بارزانیش ده‌چێته یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كان و ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان و شاعیرانی شارى سلێمانى كۆ ده‌بێته‌وه. هه‌ر له‌وێدا، واته له یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش چه‌ند شاعیرێك هۆنراوه ده‌خوێننه‌وه، یه‌ك له‌وانه‌ی كه له زۆر له وێنه‌كاندا دیاره (عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی بابان)، یا (عه‌بدولڕه‌حمانى نفووس)ه، كه هۆنراوه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات، له خۆشه‌ویستیدا بۆ بارزانی به‌و ته‌مه‌نه هه‌ڵكشاوه‌یه‌وه ناتوانێ خۆی به پێوه بگرێت و (ڕه‌مزی مه‌لا مارف)ى شاعیر له‌و كاته‌دا ده‌ستی به پشتییه‌وه گرتووه، ئه‌مه هۆنراوه‌كه‌یه، به‌م جۆره‌یه:
پێشه‌واى میلله‌تى كورد، هۆ خودانى بارزان!
سێ عه‌دوى گه‌وره به جه‌یشى پڕ چه‌كى ئاته‌ش فشان
ده‌وریان داى، ڕۆژى مه‌حشه‌ر كه‌وته سه‌ر صه‌فحه‌ى جیهان
گرمه گرمى تۆپ و ته‌یاره گه‌یشته ئاسمان
***
تۆ به چنگێ هێزه‌وه كه‌وتیته هه‌ڵمه‌ت وه‌ك هه‌ڵۆ
له‌شكرى سێ خه‌صمى گه‌وره‌ت خسته شین و باوكه ڕۆ
تۆ ئه‌مه‌ت لا به‌زمى شاهى بوو به خه‌نده و پێكه‌نین
داتنه به‌ر شیلك و ده‌سڕێژى ئاگر چین به چین
وه‌ك پڵنگ تێكت شكاندن خه‌تى ماجینۆت پێ ده‌ده‌ین
هه‌ڵمه‌تت برد وه‌ك برووسك خۆت و هێزت ده‌رپه‌ڕین
***
پێوەند به سەردانی مسته‌فا بارزانی بۆ شاری سلێمانی، مامۆستا مه‌حموود ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كتێبخانه‌ی ئه‌وقاف له سلێمانی، له ساڵی 1993دا به پشتبه‌ستن به ڕۆژنامه‌ی (ژین) و بیره‌وه‌رییه‌كانی خوالێخۆشبوو مامۆستا (محه‌ممه‌د مسته‌فا كوردی) و چه‌ند كه‌سانێكی دیكه، له نووسینێكیدا له ڕۆژنامه‌ى (برایه‌تى) ده‌نووسێت: ”یه‌كێك له‌و ڕووداوه گرنگانه‌ی شاری سلێمانی به‌خۆیه‌وه دیوه و ئێستاش له بیره‌وه‌ریی زۆر كه‌سدا نه‌خشی گرتووه و كاریگه‌ره، دیده‌نیكردنی پێشه‌وای كورد و قاره‌مانی گه‌ل بارزانیی نه‌مره، كه له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له ڕووسیا بۆ خاكی نیشتمان له 6/10/1958 گه‌یشته به‌غدا، پاشان له‌گه‌ڵ سه‌ردانی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان سه‌ردانی سلێمانی، شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، شاری ڕۆشنبیر و شاعیران، شاری یادگاریی (میرنشینی بابان)ى كرد، ئه‌و شاره‌ی كه پێش زیاتر له بیست ساڵ به دوورخراوه‌یی و ده‌ستبه‌سه‌ری له (حوجره‌كه‌ی نالی و مزگه‌وتی خانه‌قا)دا ده‌رسی مه‌لایه‌تیی تێدا خوێندبوو، له دیوه‌خان و كووچه و كۆڵانه‌كانیدا خه‌باتی سیاسیی ئه‌نجام دابوو، ناسیاری و یه‌كترناسینی له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كانیدا كردبوو، ده‌یزانی رۆڵی ئه‌م شاره له خه‌باتی كوردایه‌تیدا چه‌نده گرنگه و چه‌ند پێویسته گرنگیی پێ بدرێ. بۆیه هه‌ر كه ئه‌ندامانی مه‌جلیسی شاره‌وانیی سلێمانی رۆژی 7/10/1958 چوون بۆ به‌غدا و به دیداری بارزانی شاد بوون و به‌خێرهاتنه‌وه‌یان كرد، كه كه‌وتنه گفتوگۆ و توێژینه‌وه، پێیان ده‌ڵێت: "سوپاسگوزاری و سڵاوی گه‌رمم بۆ هه‌موو دانیشتووانی به‌ڕێزی شاری سلێمانیی خۆشه‌ویستمان به گه‌وره و بچووك و ژن و پیاویانه‌وه هه‌یه".
ئه‌مجا به ئه‌ندامانی شاندەكه‌ی ڕاگه‌یاند، كه به‌م زووانه سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات و زیاره‌تی ئارامگه‌ی شێخ (مه‌حموودی نه‌مر) و گۆڕی دوو ئه‌فسه‌ره شه‌هیده خۆبه‌ختكاره‌كان (مسته‌فا خۆشناو) و (محه‌ممه‌د قودسی) ده‌كات و به‌سه‌ریان ده‌كاته‌وه، به‌مه‌ش بارزانی ئه‌وپه‌ڕی ڕێزی له نوێنه‌رانی سلێمانی نا و به‌ته‌واوی دڵخۆشی كردن و ئه‌وانیش نه‌یانده‌زانی به چ زمانێك سوپاسی بكه‌ن و پێخۆشبوونی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌م به‌ڵێنه‌ی بارزانی ده‌رببڕن.
هه‌ر كه ڕۆژنامه‌ی (ژین)ی ژماره 1413ی ڕۆژی 16/10/1958 ئه‌م هه‌واڵه‌ی له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می خۆیدا بڵاو كرده‌وه، شار به‌ته‌واوی خرۆشا، سه‌ردانی بارزانیی نه‌مر بوو به قسه‌ی سه‌ر زاری هه‌موو دانیشتووان و له جاده و كۆڵان و دوكان و بازاڕ و مزگه‌وت و قوتابخانه و دائیره و ماڵ و دیوه‌خاندا باس هه‌ر باسی هاتنی بارزانی بووە بۆ سلێمانی، كه‌ی دێ و بۆچی دێ و چی ده‌كا؟ دانیشتوانى شار به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه بوون، زۆر كه‌س سه‌فه‌ری زه‌رووری خۆی دواخستووە، نه‌وه‌كوو بارزانی بێ و ئه‌و له ماڵ نه‌بێ و نه‌یبینێ، زۆر كه‌سیش له لادێكانه‌وه و له شار و شارۆچكه‌كانى سنوورى سلێمانییه‌وه هاتبوون بۆ شار و چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد و نه‌یانده‌ویست بێ بینینی بارزانی بگه‌ڕێنه‌وه.
ئیدى ڕۆژی پێنجشه‌ممه ڕێكه‌وتی 23/10/1958 ده‌مه‌و ئێواره، كاتژمێر (پێنج) بارزانیی تێكۆشه‌ر و خه‌باتكار گه‌یشته شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، دانیشتوانی شار، هه‌موو ژن و پیاو، كوڕ و كچ، به گه‌وره و بچووكیانه‌وه چووبوونه پێشوازی و زۆریان تا چه‌مچه‌ماڵ و ئه‌ولاتریش به‌ره‌و پیری چووبوون، زۆربه‌ی قوتابی و خوێندكاران له‌ده‌ره‌وه‌ی شار، ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری شه‌قامی سه‌ره‌كییان گرتبوو و به ڕیز وه‌ستابوون، خه‌ریكى چه‌پڵه‌ڕێزان و سروود خوێندنه‌وه بوون، كه بارزانى گه‌یشته سلێمانی، له ماڵی (شێخ له‌تیف)ی كوڕی شێخ مه‌حموودی نه‌مر دابه‌زی و میوانداریی لێ كرا، ئه‌و شه‌وه هه‌تا دره‌نگ ده‌سته ده‌سته پیاوماقوڵ و ڕۆشنبیرانی شار بۆ به‌خێرهاتنی ده‌چوونه خزمه‌تی و وه‌فاداری و سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ ئه‌و قاره‌مانه دووباره و سێ باره ده‌كرده‌وه، زۆر كه‌سیش هه‌ر به بینینی دوور به دووری تامه‌زرۆییان ده‌شكا و ده‌گه‌ڕانه‌وه.
بۆ سبه‌ینێ، ڕۆژی هه‌ینیی ڕێكه‌وتی 24/10/1958 سه‌عات هه‌شتی به‌یانی، بارزانی له ماڵی (شێخ له‌تیف)ه‌وه به‌ناو جه‌ماوه‌ری خرۆشاوی تامه‌زرۆدا به‌ره‌و مزگه‌وتی گه‌وره كه‌وته ڕێ و زۆر به زه‌حمه‌ت ڕێگه‌یان بۆ ده‌كرایه‌وه، كاتێ گه‌یشته مزگه‌وت و چووه سه‌ر ئارامگه‌ی شێخی نه‌مر و فاتیحه‌یه‌كی بۆ ڕۆحی پاكی خوێند، ئه‌مجا له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی ڕاوه‌ستا و گوتی: "ئه‌ی باوكی خۆشه‌ویستم! باوكی گیانی و مێژووییم، داخوازیم ئه‌وه‌یه تا دوا تنۆكی خوێنم له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی نه‌مرتان لا نه‌ده‌م. باوكی گه‌وره‌م! له‌سه‌ر په‌یمانه‌كه‌ی خۆم په‌یمانت ده‌ده‌مێ كه ئاماده‌م بۆ به‌ربه‌ره‌كانی ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره‌كانی، تا ده‌مرم بۆ ئازادی و شادیی گه‌لی عێراق تێده‌كۆشم".
ئه‌مجار له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره خرۆشاوه‌كه‌دا به‌ره‌و گردی سه‌یوان كه‌وته ڕێ و دیده‌نی ئارامگه‌ی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادیی كرد و فاتیحای بۆ خوێندن و له‌سه‌ر گۆڕی شه‌هیدان مسته‌فا خۆشناو و محه‌ممه‌د قودسی ڕاوه‌ستا و جۆش داما، دوایی گوتی: ”ئا به‌م جۆره ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره‌كانی ئه‌یانویست ده‌نگی میلله‌تی ئازادیپه‌رست بمرێنن، به‌ڵام ئێوه زیندوون و نامرن، ئه‌ی قودسی و خۆشناو و خه‌یروڵا و عیزه‌ت، هاوڕێتان زۆره له‌م گۆڕستانه“.
ئه‌مجا چووه سه‌ر گۆڕی (حه‌سه‌نی تۆفیقه فه‌ندی)، كه له (دار المعلمین)ی عالی به پله‌ی موممتاز ته‌خه‌روجی كردبوو، ببوو به مامۆستایه‌كی به‌ناوبانگی شارى سلێمانی، له مانگی تشرینی/1956دا له‌سه‌ر نیشتمانپه‌رستی و هه‌ڵوێستی كوردانه‌ی فه‌سڵ كرابوو و چووبوو بۆ سووریا و له‌وێ كرابوو به مامۆستای ناوەندی و له 17ی نیسانی 1958دا وه‌فاتی كردبوو. پاشان ته‌رمه‌كه‌ی هێنرابووه‌وه بۆ سلێمانی و له گردی سه‌یوان نێژرابوو، خه‌ڵكی سلێمانی زۆر بۆی به په‌رۆش بوون، بارزانیی نه‌مریش ناسیاویی له‌گه‌ڵدا هه‌بوو و زۆری خۆشویستبوو، سه‌ردانى مه‌زاره‌كه‌ى ده‌كات و، له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌میش فاتیحه‌یه‌كی خوێند و باسی زیره‌كی و بلیمه‌تیی ئه‌م مامۆستایه‌ی بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه كرد. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر مه‌زاری، ئه‌م چوارینه شیعره‌ی (عه‌بدولڕه‌حمان)به‌گی بابان كه نووسرابوو، سه‌رنجى بارزانى ڕ‌اكێشا، بۆیه مه‌لا مسته‌فا دوو جار خوێندییه‌وه، وه‌ك بیه‌وێ له‌به‌ری بكا وا بوو، ئه‌مه‌ش چوارینه‌كه‌یه:
له لای ئه‌م میلله‌تی كورده ئه‌مه قانوون و ئایینه
له‌پێناوی وه‌ته‌ندا هه‌ر كه‌سێ بمرێ ئه‌وه ژینه
له كۆڕا بێته گوێم قه‌وم و وه‌ته‌ن ڕزگار و سه‌ربه‌سته
كفن ئه‌دڕم به خۆشی دێمه‌وه ئه‌م یانه شیرینه
ئه‌مجا پێش ئه‌وه‌ی گردی سه‌یوان به‌جێ بهێڵێت، دووباره فاتیحه و سڵاوی نارد بۆ هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ئازادی، كه له گۆڕستانی سه‌یوان نێژراون".
مه‌حموود ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د، له درێژه‌ى باسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ”پاشان سه‌عات (نۆ و نیو)ى به‌یانى له گردی سه‌یوان گه‌ڕایه‌وه بۆ ناو شار و هاته به‌رده‌ركی سه‌را و له‌و گۆره‌پانه‌دا جه‌ماوه‌ری سلێمانی، حه‌شرئاسا كۆبووبوونه‌وه، هه‌موویان تامه‌زرۆی بینینی ڕووخساری بارزانی و بیستنی وته به‌نرخه‌كانی بوون، سه‌ره‌تا له لایه‌ن مامۆستا (كامه‌ران موكری)یه‌وه، به‌خێرهاتن كرا و جه‌ماوه‌ر خرۆشا، ئه‌مجا بارزانی هاته به‌رده‌م میكرۆفۆن و چه‌ند وته‌یه‌كی پڕ مانای ئاراسته‌ی خه‌ڵكه‌كه كرد و گوتی: ”برا و خوشكه شیرینه‌كانم، ئێوه‌ی به‌ناوبانگ و كۆڵنه‌ده‌ر، كه چه‌ندین ساڵه تێ ده‌كۆشن و خه‌بات ده‌كه‌ن و به‌ربه‌ره‌كانیی ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره‌كانیتان كردووه، زۆرم پێ خۆشه، كه له‌ناو ئێوه‌ی خۆشه‌ویستدا وه‌ستاوم و چاوم لێتانه، خۆم به به‌ختیار ده‌زانم، كه دوای یازده ساڵ دووری و ده‌ربه‌ده‌ریم له‌م خاكه پیرۆزه، ئێستا به دیداری ئێوه شاد بوومه‌وه.
من ئه‌مڕۆ میوانی ماڵی یه‌كێكم كه ڕێگه‌ی خه‌باتكردنی گرتبووه به‌ر و به‌ربه‌ره‌كانی ئیمپریالیزمی كرد، میوانی ماڵی شێخ مه‌حموودی نه‌مرم، كه پێویسته هه‌موومان له‌سه‌ر ڕێ و شوێنی ئه‌و بڕۆین“.
ئه‌مجا گوتی: "پێویسته هه‌موومان یه‌ك بگرین و دووبه‌ره‌كی فڕێ ده‌ینه ئه‌ولاوه و بیروباوه‌ڕی خۆمان یه‌ك بخه‌ین و پارێزگاریی نیشتمان و جمهورییه‌ته‌كه‌مان بكه‌ین، ده‌بێ هه‌موومان 14ی ته‌مموزمان له یاد نه‌چێ، كه چۆن له‌و ڕۆژه پیرۆزه‌دا ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره‌كانی سه‌رنگووم بوون و چرای ئازادی له‌ناوماندا هه‌ڵكرا، ئه‌بێ هه‌موومان ببین به به‌ره‌یه‌كی نیشتمانیی یه‌كگرتوو، فیداكاری جمهوریه‌ت بین، جمهوریه‌تی كورد و عه‌ره‌ب، ده‌بێ كارمان ته‌نیا به قسه نه‌بێت، به‌ڵكوو به ڕاستی ڕێگه‌ی ئاشتی و برایه‌تی بگرین“.
مه‌حموود ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د له درێژه‌ى نووسینه‌كه‌یدا ده‌نووسێت: ”ئینجا له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شاری سلێمانی، به مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنی مه‌زاری شێخ مه‌حموودی حه‌فید، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی سلێمانی و شێخ له‌تیف شێخ مه‌حموودی نه‌مر، سه‌ردانی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانیی كرد، كه مه‌زاری كاكه ئه‌حمه‌دی شێخی لێیه، له‌ته‌نیشت ئه‌ویشه‌وه مه‌زارگه‌ی شێخی نه‌مره، هه‌ر له‌و شوێنه‌دا له‌سه‌ر گڵكۆی مه‌لیكی كوردستان (شێخ مه‌حموودی حه‌فید) سووره‌تی فاتیحه‌ی خوێند و پاشان ئه‌م وتاره‌ی پێشکەش کرد:
"ئه‌ی ڕابه‌ری خۆشه‌ویست، باوكی ڕۆحی و مێژووییم، نیازخوازم له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی نه‌مرتان لا نه‌ده‌م و تا دوا تنۆكی خوێنم، له‌سه‌ر په‌یمانه‌كه په‌یمانت ده‌ده‌مێ، ئاماده‌م بۆ به‌ربه‌ره‌كانیی ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره‌كانی و بێ وچان بۆ ئازادی و شادمانیی گه‌ل تێده‌كۆشم، ئیمڕۆ من میوانی ماڵی یه‌كێكم، كه ڕێگای خه‌باتی گرتبوو بۆ به‌ربه‌ره‌كانیی ئیمپریالیزم و میوانی ماڵی شێخ مه‌حموودم، تا هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌و ڕێ و شوێنه بڕۆین. هه‌ر بۆیه ئه‌بێ هه‌موو یه‌ك بگرین و دووبه‌ره‌كی فڕێده‌ینه لاوه و بیروباوه‌ڕی خۆمان یه‌ك بخه‌ین".
بارزانی، له هه‌موو وتار و كۆڕ و كۆبوونه‌وه و به‌یه‌ك گه‌یشتنیدا له‌گه‌ڵ دانیشتووان له‌و ساته‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌ی دووباره ده‌كرده‌وه و ده‌یگوت: ”من قاره‌مان نیم، من خزمه‌تكاری میلله‌تم، من پێشه‌وا نیم، من خزمه‌تكاری میلله‌تم. پێویسته هه‌ر ناوی من نه‌برێ، به‌ڵكوو ناوی ئه‌وانه‌ش ببرێ كه خۆیان له ڕێگه‌ی میلله‌ت و نیشتماندا به‌خت كرد و ئێستا له خاكدان، چونكه ئه‌وان له من زیاتر تێكۆشاون، له منیان زیاتر كردووه، ئه‌گه‌ر منیش وه‌كوو ئه‌وان به شه‌ره‌فی خه‌باتكردنه‌وه بڕۆیشتمایه زیاتریش ناوم ببرایه قه‌یدی نه‌بوو! من مه‌لا مسته‌فام و بارزانیم و پێشمه‌رگه‌م و خزمه‌تكاری میلله‌تم، ئیتر پێم خۆش نییه ناوی زه‌ق و به‌راقی ترم بۆ بدۆزنه‌وه“.
شایانی باسه، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه، واته ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی 24/10/1958 سه‌عات 11ی پێش نیوه‌ڕۆ، شاره‌وانیی سلێمانی ئاهه‌نگێكی چای خواردنه‌وه‌ی به بۆنه‌ی هاتنی بارزانی بۆ سلێمانی پێكهێنا، نزیكه‌ی سێ سه‌د كه‌س له پیاوماقوڵان و ڕۆشنبیرانی شار به فەرمی بانگ كرابوون، بێجگه له كۆمه‌ڵێكی تر، كه به‌بێ بانگكردنیش ئاماده بوون، له‌دوای گه‌یشتنی بارزانی بۆ هۆڵی ئاهه‌نگ، سه‌رۆكی شاره‌وانی (شاكر فه‌تاح) به ناوی خۆی و شاره‌وانی و دانیشتووانی شاره‌وه به‌خێرهاتنی كرد و سوپاسگوزاریی شاری سلێمانی عه‌رز كرد، ئه‌مجا بارزانی به‌سه‌ر پێوه وتارێكی كورتی ئاراسته‌ی ئاماده‌بووان كرد و گوتى: "ئێمه ده‌بێ هه‌موومان ببینه به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو، بۆ خزمه‌ت و پاراستنی جمهورییه‌ته خۆشه‌ویسته‌كه‌مان و... من سه‌ربازێكم له سه‌ربازه‌كانی پێشه‌وا (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) و ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا كردوومه بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م بووه، من هیچم نه‌كردووه، چونكه هه‌رچی كردوومه ئه‌ركی سه‌رشانی خۆم بووه به‌رامبه‌ر به میلله‌ته‌كه‌م و بۆ میلله‌تی كوردمان كردووه. ئه‌و هه‌وڵ و تێكۆشانه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم كه ئێستا له وڵاته ئیشتراكییه‌كانن، ئه‌نجاممان داوه، ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بووه“.
له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا سڵاوی نارد بۆ گیانی ئه‌وانه‌ی، كه له ڕێی خه‌باتدا شه‌هید كران، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵیدا بوون و له وڵاته ئیشتراكییه‌كاندا كۆچیان كردووه.
ئه‌مجا گوتى: "پێویسته هه‌ر كه‌سه پێویستیی سه‌رشانی خۆی بزانێ چییه و هه‌وڵ بدا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی ژیانی كۆمه‌ڵ و بڵاوبوونه‌وه‌ی زانست و پیشه‌سازی له وڵات‌دا".
دوای ئه‌وه‌ی بارزانی میكرۆفۆنی به‌جێ هێشت و چووه شوێنی خۆی، مامۆستا (عه‌بدوڵڵا گۆران)ی شاعیر چه‌ند وته‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئاماده‌بووان كرد، ئه‌مجا شاعیری گه‌وره عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی نفووس، پابه‌ندی ڕێبازی بارزانی، چه‌ند پارچه شیعرێكی جوانی خوێنده‌وه، به‌م جۆره كۆتایی به ئاهه‌نگه‌كه هێنرا و له كاتی هاتنه ده‌ره‌وه‌دا، دانیشتوان ده‌سته ده‌سته ده‌هاتن بۆ به‌خێرهاتن و وێنه‌گرتن. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه دوا نیوه‌ڕۆیه‌كی دره‌نگ، بارزانی شارى سلێمانی به‌جێ هێشت و گه‌ڕایه‌وه بۆ شارى به‌غدا.
كامه‌ران موكریى شاعیر، چه‌ند رۆژێك به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانى، ئه‌م هۆنراوه‌یه ده‌نووسێت، به‌ڵام له‌و كاته‌ى بارزانى سه‌ردانى شارى سلێمانى ده‌كات، له گردبوونه‌وه گه‌وره‌كه‌ى به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانیدا، كامه‌ران موكرى به ده‌نگه زووڵاڵه‌كه‌ى پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان و به بارزانیى نه‌مر ده‌كات، به‌م شێوه‌یه:
شه‌قامى تاسه‌ى دیدارى
كۆشكى ڕۆڵه‌ى كورده‌وارى
***
گه‌وره‌م، كه نامه‌كه‌تان هات
نامه‌ى ئاگرینى خه‌بات
تاڵى گزنگى زه‌رد و سوور
بوو، به ته‌لى وردى سه‌متوور
شه‌ونم وه‌كو دوگمه‌ى پیانۆ
په‌نجه‌ى سوورى تیشكى ئاسۆ
ورد ئه‌یجوڵێنێ و ئاوازه
هه‌ڵئه‌سێ بۆ ژینى تازه
چوار ئه‌سپى ئاسن و ئاگر
چوار په‌لیان سپى وه‌ك به‌فر
سواره‌كانیان پارچه‌ى دڵه
زینیان ئه‌رخه‌وان و گوڵه
به تاو ملى ڕێگه ئه‌گرن
پێشره‌وى سوپاى نه‌مرن
به‌پیر ئێوه‌وه دێن هاوڕێ
گیانى پیرۆزیان قه‌ت نامرێ
***
پیرێژنێكى بارزانى
كه، ئه‌هات بۆ سلێمانى
به ئه‌سپایى لێم ئه‌پرسى
- مه‌لا مسته‌فا ئه‌ناسى؟!
بڵێم: خۆت دیوته گه‌وره‌ى گه‌ل
تیشكى ڕووناكى ده‌مى كه‌ل
ئه‌یوت: هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ى من
برا گیان هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌ون
ئه‌موت: خه‌م نه‌خۆى شانازین
بوون به نموونه‌ى نه‌به‌زین
داپیره گیان قسه‌ى من بوو
ڕۆژى خه‌فه‌تت به‌سه‌ر چوو...
سه‌لام عه‌بدوڵا، سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (خه‌بات) له بیره‌وه‌رییه‌كیدا، به‌م جۆره له هاتنى بارزانى بۆ شارى سلێمانى ده‌دوێت: ”له ساڵى 1958، له‌گه‌ڵ منداڵێكى دراوسێمان، كه ئێستا گەورە بووە و له وڵاتى نه‌مسا نیشته‌جێیه. له‌به‌رده‌م خۆماندا، كه چه‌ند شه‌قاوێك له مزگه‌وتى گه‌وره‌ى سلێمانى دووره، یاریمان ده‌كرد، كه قه‌ره‌باڵغییه‌كى نائاسایى له‌به‌رده‌م ده‌رگه‌ى مزگه‌وته‌كه‌دا سه‌رنجى راكێشاین. كاتێك له‌و حه‌شاماته خرۆشاوه نزیك بووینه‌وه، پرسیارم له كابرایه‌كى به‌ساڵاچوو كرد، كه زۆر به حه‌ماسه‌ته‌وه دڕى به‌و خه‌ڵكه ده‌دا، له وه‌ڵامدا بێ ئه‌وه‌ى سه‌یرم بكات، گوتى (ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانییه، له ژووره‌وه‌یه، زیاره‌تى مه‌زارى حاجى كاك ئه‌حمه‌دى شێخ و شێخ مه‌حموودى نه‌مر ده‌كات).
هیچ كاتم به خۆم نه‌دا، په‌لى هاوه‌ڵه‌كه‌م گرت، دڕدان به‌و حه‌شاماته، بۆ ئێمه‌ى منداڵ كارێكى له وزه‌به‌ده‌ر بوو، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى، كه چه‌ند پاسه‌وانێك به‌رده‌رگاكه‌یان گرتبوو، نه‌یانده‌هێشت كه‌س بچێته ژوورێ، بۆیه به هاوه‌ڵه‌كه‌م گوت، كه دوام كه‌وێت، چونكه من ده‌مزانى له‌كوێوه بچینه ژوورێ. حوجره‌كه‌ى باوكم، كه تێیدا ده‌رسى قورئانى به منداڵان ده‌گوت، ده‌كه‌وته پشته‌وه‌ى مزگه‌وتى گه‌وره.
كاتێك به ڕاكردن گه‌یشتینه به‌رده‌رگه‌ى پشته‌وه، ده‌رگاكه له‌سه‌ر پشت بوو، بۆیه راسته‌وخۆ چووینه ژووره‌وه، له حه‌وشه‌ى مزگه‌وتدا كه‌سمان به‌دى نه‌كرد، بۆ ساتێك به واق وڕماوى، بێئومێدانه راوه‌ستاین. خه‌ریك بوو پرسیار له هاوه‌ڵه‌كه‌م بكه‌م، كه له‌ناكاو مرۆڤێكى تێكسمڕاو، گورجوگۆڵ، برۆ قه‌ترانیى رووخۆش، كه چاكه‌ت و پانتۆڵێكى شینى ئاسمانیى پۆشی بوو، له میحرابى حاجى كاك ئه‌حمه‌دى شێخ هاته ده‌رێ. چه‌ند پیاوێكى له‌گه‌ڵدا بوو، یه‌كسه‌ر و بێ هیچ بڕیارێكى پێشه‌كى، به‌ره‌وڕووى ژه‌نه‌راڵ رامكرد و په‌لامارى ده‌ستیم دا و ماچم كرد. بارزانیش وه‌ك باوكێكى دڵسۆز، ده‌ستى هێنا به سه‌رمدا و نوشتایه‌وه و سه‌رى ماچ كردم. ئه‌وه- به‌داخه‌وه- یه‌كه‌م جار و دواجار بوو، كه رووبه‌ڕوو به دیدارى بارزانى شاد بم".