كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
سۆزان جەمال 23/10/2021

کاریگەریی هەستە نێگەتیڤەکان بۆ سەر تەندروستی

کۆرۆنا وەک یەکێک لە نەخۆشییە کوشندەکان، لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵانەی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەنجام دەدرێ، تا ئێستا بەرۆکی مرۆڤایەتیی بەرنەداوە. هەر لەبەر ئەوەش دەسپێکی زنجیرە بابەتەکانی گۆشەی هۆشیاریی دەروونی و هۆشیاریی سێکسی، بەو بابەتانە دەست پێ دەکەینەوە، کە یارمەتیمان دەدەن لە بەهێزکردنی تەندروستیی دەروونی و لێرەشەوە تەندروستیی جەستەیی و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری، لەپێناو ڕێگرتن لە زۆربەی نەخۆشییەکان، بە کۆرۆناشەوە.

هەستە نێگەتیڤەکان زۆر شت دەگرنەوە، هەر لە تووڕەبوون، دڵەڕاوکێ، نائارامی، ترس و گومان. بۆ ئەو هەستانەی کەمتر وەک هەست یان دۆخی دەروونی بەهەند وەردەگیرێن، وەک هەستی ئیرەیی، لۆمەکردنی بەرامبەر، هەمیشە کڕووزانەوە، یان نماییشکردنی خۆ وەک قوربانی، خۆ بەزلزانین و شانازیکردن بەو شتانە، بەسەر کەسانێکدا کە نییانە، هەروەها زۆر نموونەی دیکە، کە ڕۆژانە لە خۆمان، یان کەسانی چواردەورمان تێبینییان دەکەین.

هەموو ئەو هەستانە بە شێوازی جیاواز، کاریگەریی لەسەر دەروون جێ دەهێڵن

لە کەسانی چواردەورت ورد بەرەوە، دڵنیام بە لایەنی کەمەوە ڕێکەوتی چەند کەسێکی لەو جۆرەت کردووە؛ بە بچووکترین شت تووڕە دەبێ، وا دەزانێ هەموو دنیا بەسەر شانی ئەوەوەیە، لە هەموو شت دەکۆڵێتەوە، پێی وایە دەبێ دراوسێکانیش بە دڵی ئەو بجووڵێنەوە، نەک تەنیا هاوبەش و منداڵەکانی. ئەو کەسە بە بەردەوامی نەخۆشە، بە لایەنی کەمەوە مانگێک لە ساڵنامەی ئەو ساڵە تێناپەڕێ، بێ ئەوەی ئەو هاواری شوێنێکی نەکات، وەلێ بە زۆری ئەو کەسانە تەشەنووجی شانومل، یان کێشەی کۆئەندامی هەرسیان هەیە، وەک کێشەکانی گەدە و کۆڵۆن.

لێرەدا باسی وردەکاریی سیستمی بەرگری ناکەین، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو هۆکارانەن، کە کار دەکەنە سەر باش کارکردنی، یان لاوزبوونی و شکستهێنانی لە بەرگریکردن لە لەش. هۆکارەکان جیاوازن، وەلێ زۆربەیان دەچنەوە سەر یەکدی، یان تەواوکەر و یارمەتیدەرن. بۆ نموونە، کەمخەوی، کە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی بەرگریی لەش دادەبەزێنێ، کاتێک کەسێک بەردەوام دڵەڕاوکێی هەیە، یان سترێسی لەسەرە، ئاسایی تووشی کەمخەوی دەبێ. لە ڕووی خواردنیشەوە، دەشێ ئارەزووی خواردنی کەم بێتەوە، یان بەپێچەوانەوە زۆر بخوات، کە لە هەردوو بارەکەدا ئاسایی نییە. ئەمانە هەمووی پێکەوە ڕێگەخۆشکەر دەبن بۆ تووشبوون بە هەر نەخۆشی، یان دۆخێکی تەندروستیی نەخوازراو، چونکە سیستمی بەرگری ناتوانێ کاری خۆی بە باشی بکات.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە، دەبێ هەموو هەنگاوەکان پێکەوە و شان بە شانی یەکدی دەست پێ بکەین، بۆ خۆشبەختی، هەر وەک چۆن لە ڕووی کاریگەریی خراپەوە یارمەتیی یەکدی دەدەن، پێچەوانەکەشی ڕاستە، کاتێک لە ڕووی دەروونییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خۆت دەدەیت و ئەوەندە زیادەڕۆیی ناکەیت، بۆ نموونە لە دڵەڕاوکێدا، ئەوکات نانخواردنیشت باش دەبێ و پڕۆگرامی خەوەکەشت ئاسانتر بۆ ڕێک دەخرێتەوە.

یەکێک لە هەنگاوە سەرەتایی و کاریگەرەکان بۆ بەردەوام ئارامکردنەوەی خۆت ئەم شێوازی هەناسەدانەیە: بە قووڵی پڕ بە سییەکانت هەناسە بدە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا نەک بەخێرایی، بۆ چەند چرکەیەک هەناسەکە بهێڵەرەوە، پاشان لە ڕێی دەمەوە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا هەناسەکە بدەرەوە.

لە بابەتەکانی داهاتوودا درێژە بە باسی کۆنترۆڵکردنی باری دەروونی دەدەین.