لە كابینەی نۆیەمدا قەبارەی وەبەرهێنان هەشت ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت  
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە كابینەی نۆیەمدا قەبارەی وەبەرهێنان هەشت ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت  

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان: بایی 19 ملیار دۆلاری دیكەش پڕۆژەی پەسەندكراو هەیە

لە كابینەی نۆیەمدا، قەبارەی وەبەرهێنان بەرەو ئاستێكی باش هەنگاوی ناوە، بە جۆرێک ئاستی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و بایی 19 ملیار دۆلاری دیكەش پڕۆژەی پەسەندكراو هەیە. وەبەرهێنانی خۆماڵی لە 85%ی پڕۆژەكان پێك دەهێنێت و پڕێژەی وەبەرهێنانی بیانی لە 9% و وەبەرهێنانی هاوبەش واتە لە نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتیش 6%ە و سەرۆكی دەستەی  وەبەرهێنانیش ئاشكرای دەكات، تەنیا لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا توانیومانە 139 پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەورە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین.

د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "وەبەرهێنان بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بەرەو ئەوە هەنگاومان ناوە، كە وەبەرهێنان وەڵامدانەوەی پێداویستیی خەڵكی بێت و بارگرانی لەسەر هاونیشتمانییان كەم بكاتەوە و هەلی كار بۆ گەنجەكانمان بڕەخسێنێت، هەروەها كۆتایی بە كەمتەرخەمی و كەموكورتییەكان هات".

ئاشكراشی كرد: "قەبارەی وەبەرهێنان بەرەو ئاستێكی باش هەنگاوی ناوە و لەم پێناوەشدا سەركەوتوو بووین بەوەی، قەبارەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان گەیشتە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و بایی 19 ملیار دۆلاری دیكەش پڕۆژەی پەسەندكراومان هەیە، بە شێوەیەكی گشتی ژمارەی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەكانی وەبەرهێنان، كە ئێستا لە كاردان دەكاتە 940 پڕۆژە و كۆی گشتیی زەویی تەرخانكراو بۆیان دەكاتە 72 هەزار دۆنم".

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، روونیشی كردەوە: "ڕێژەی وەبەرهێنانی خۆماڵی لە 85% و ڕێژەی وەبەرهێنانی بیانی لە 9% و وەبەرهێنانی هاوبەش، واتە لە نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتیش 6%ـە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، كە قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەركەوتن و فراوانبوونی نوێ تۆمار دەكات".

د. محەمەد شوكری گوتیشی: "تەنیا لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا توانیومانە 139 پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەورە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین و لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژە پەسەندكراوەكان، ئەم ئاستە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا زۆر بە خێرایی ڕوو لە هەڵكشان دەكات، بەمەش وەرچەرخانێكی گرنگ لە بواری زیادبوون و جۆراوجۆركردنی وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ كەرتی تایبەت، دەستی پێ كردووە".

محەمەد شوكری، ئاماژەی بەوەش دا: "ئێستا لەپێناو فرەچەشنكردنی ئابووری و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی ڕوویان لە كەرتەكانی بازرگانی، تەندروستی، پیشەسازی، وزەی كارەبا، خانووبەرە، خزمەتگوزاری، گەشتیاری، كشتوكاڵی، فێركردن و هونەری و وەرزشی و ژێرخانی ئابووری كردووە، ئەگەر ئەم ژمارانە لەگەڵ دوو ساڵی پێش ئەم کابینەیە بەراورد بكەین، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت، كە مۆڵەتی ڕێپێدراوی وەبەرهێنان، وێڕای قەیرانە سەخت و گەورەكانی بڕینی بودجە و قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، كەچی وەبەرهێنان زۆر گەشەی كردووە".

گوتیشی: "لەپێناو جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، بەرنامەی فرەچەشنكردنی ئابووریمان پیادە كردووە، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ڕیزبەندیمان داوە بە سێكتەرە سەرەكییەكانی (پیشەسازی، كشتوكاڵ و گەشتیاری) و بۆ هەر سێ سێكتەر ڕێنماییمان دەركردووە".

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "بڕیارمان داوە نابێت هیچ بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەكمان وەڵامی وەبەرهێنەر لە 30 ڕۆژ زیاتر تێپەڕێنێت، بە پێچەوانەوە ئێمە داواكاریی ئەو وەبەرهێنەرە بە هەند و گرنگییەوە وەردەگرین، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دابەزینی دەسەڵاتەكانمان لە مانگی ئابی ئەمساڵدا و داوامان لە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش كردووە، دەسەڵاتەكانی خۆیان دابەزێنن، ئەوانیش دەسەڵاتەكانیان دابەزاندووە، بەدڵنیایییەوە ئەم کارە كەمكردنەوەی ڕۆتین و كەمبوونەوەی تێچوونەكانیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

د. محەمەد شوكریم جەختی لەسەر وەبەرهێنان لە بواری دامەزراندنی شار و ناوچە پیشەسازییەكان كردەوە و گوتی: "لە پارێزگای هەولێر، لە قەزای خەبات ناوچەی پیشەسازیی ئارارات و میدیكاڵ ستی و تیمار و ناوچەی پیشەسازیی سۆرانمان هەیە، لە پارێزگای سلێمانی دوو ناوچەی پیشەسازیمان داناوە، لە عەربەت و ڕۆژئاوای سلێمانی لە بەرنامەدایە، لە پارێزگای دهۆكیش سێ ناوچەی پیشەسازی دادەنرێت، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لە قەزای بەردەرەش و لە ناحیەی بامەرنێ، هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجەش دوو ناوچەی پیشەسازیمان هەیە و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەرینیش ناوچەی پیشەسازی هەیە".

دووپاتیشی كردەوە: "وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دوابەدوای كەرتی پیشەسازی دێت، پڕۆژەی زۆر گەورەی كشتوكاڵی لە ڕێگادایە و وەرچەرخانێكی گەورە لە كەرتی كشتوكاڵی دروست دەبێت، پلانی ئێمە و وەزارەتی كشتوكاڵیش لەم بوارەدا ئەوەیە، كار بۆ پێشكەوتنی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پیشكەوتوو دەکەین، هەروەها سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەكان و دروستكردنی بەنداوە وەرزی و هەمیشەییەكان و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتگیریكردنی جووتیاران و دروستكردنی شوێنی بەبازاڕكردنی دانەوێڵە و دروستكردنی عەلوەی نوێ و هاوچەرخ بۆ بەبازاڕكردنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بۆ دابینكردنی وزەی كارەبا لە بەنداوەكان".