لە مۆزەخانەی چەمچەماڵی کولتووری زیاتر لە دوو هەزار پارچە کەلوپەلی کەلەپووری پارێزراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە مۆزەخانەی چەمچەماڵی کولتووری زیاتر لە دوو هەزار پارچە کەلوپەلی کەلەپووری پارێزراوە

 یەکێک لە ناوەندەکانی تایبەت بە بواری کەلەپوور لە شاری چەمچەماڵ، مۆزەخانەیەکە بە ناوی (مۆزەخانەی چەمچەماڵی کولتووری) کە نزیکەی زیاتر لە دوو هەزار پارچە کەلوپەلی کەلەپووریی تێدایە.

ئەم مۆزەخانەیە دەکەوێتە نزیک شەقامی گشتیی شاری چەمچەماڵ و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری و فۆلکلۆری سەیر دەکرێت و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی چەمچەماڵ سەردانی دەکەن.

مەریوان غەفوور حەمە عەلی ئیمام کە خەڵکی چەمچەماڵ و خاوەنی مۆزەخانەکەیە، لەم بارەیەوە دەڵێت: ''ماوەی بیست ساڵ زیاترە خەریکی کۆکردنەوەی شتی کەلەپووریم و ئەمە وەک نەریتێک لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە و کۆمەڵێک پارچە و شتومەکی ناو مۆزەخانەکە لە باوکی کۆچکردووم بەجێ ماوە، بەڵام خۆیشم هۆگری کۆکردنەوەی پارە و دراوی کۆنی وڵاتە جیاوازەکان بووم و هەوڵم دا زۆرترین پارەی وڵاتانم دەست بکەوێت، دواتر حەز و ئارەزووم گەشەی سەند و ڕووم کردە کۆکردنەوەی کەلوپەلی کولتووری بە شێوازێک کە پیشاندەری کولتووری کوردی بێت، بۆیە شوێنێکم بۆیان تەرخان کرد بۆ ئەوەی بیانپارێزم و بتوانم بە خەڵکی تریشیان پیشان بدەم، لەوەوە ئەم مۆزەخانەیەم دامەزراند و ئێستا لە خزمەت خەڵکی مێژوودۆستدام''.

مۆزەخانەی کولتووریی چەمچەماڵ شوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەلی کەلەپووری، بەتایبەت ئەو بابەتانەی کە زیاتر بۆ ناوماڵ بەکار دێن، وەک قاپ و قاچاغ و نوێن و سینی و مەنجەڵ و جۆڕە جیاوازەکانی هاوەن.

خاوەنی مۆزەخانەکە بێجگە لە گرنگیدان بە کۆکردنەوەی کەلوپەلی فۆلکلۆری، گرنگییشی بە کۆکردنەوەی کۆمەڵێ پارچە چەکی گەورە و بچووک داوە کە کاتی شەڕ و پێکدادانەکان دژی کورد بەکار هاتوون؛ وەک چەندین بۆمب و بابەتی تەقەمەنی، کە بە گوتەی خاوەنی مۆزەخانەکە، چەکەکانی ناو مۆزەخانەی چەمچەماڵی کەلەپووری پێک هاتوون لە: بڕنەو، تفەنگی یانزە تیر، سەلیبی، چەند جۆرێکی جیاوازی سەمینۆف و غەدارە، هەروەها دوو بۆمب کە هەموو ماددە تەقەمەنییەکانیان لێ دەرهاتووە و یەکێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بۆردومانەکانی دەوڵەتی ئینگلیز بۆ سەر سوپاکەی شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر لە ساڵی 1918ی زایینی و لەسەری نووسراوە، شتێکی زۆر دەگمەنە. بۆمبەکەی دیکەش پێی دەگوترا ناپاڵم و ڕژێمی عێراق بە درێژایی ساڵەکانی دەیەی 1960 و 1970 دژ بە پێشمەرگە و گوندنشینانی کوردستان بەکاری دەهێنا و چەکێکی ترسناک و وێرانکەر و لە یاسای نێودەوڵەتیشیدا قەدەغەکراو بوو.

جگە لەم چەکانە، چەند پارچەی تایبەت بە چەکی کیمیایی لەناو مۆزەخانەکە داندراوە کە بریتین لە قیناع (دەمامکی هەمەجۆر) و دەستکێشی تایبەت بە چەکی کیمیایی و هەندێک پارچەی دی و بڕێکی زۆر پارچە و شتومەکی جۆراوجۆری سەربازییش کە تایبەتن بە سەردەمە جیاوازەکانی شەڕەنگێزیی دەوڵەتی عێراق دژ بە گەلی کورد.

دکتۆر مەریوان لەبارەی جۆڕەکانی کەلوپەلی ناو مۆزەخانەکەیەوە دەشڵێت: ''لەناو مۆزەخانەکەی من هەموو جۆرە بابەتی کەلەپووری هه‌یه‌ و خراوەتەوە بەر دیدی بینەران، بەڵام لێرە پێویستە بڵێم، کە لەم مۆزەخانەیە تەنیا کەلوپەلی فۆلکلۆری کوردی نمایش نەکراوە، بەڵکوو کۆمەڵێک ئەشیای دیکە هەیە کە تایبەتە بە چەند وڵاتێکی دیکەی وەک ئێران و تورکیا و یەک دوو وڵاتی ئەورووپی''.

لە کاتێکدا کە لە شاری چەمچەماڵ هیچ جۆرە مۆزەخانەیەکی شارستانی، یان شوێنەواری حکوومی نییە، چالاکیی ئەم جۆرە مۆزەخانانە کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەڕێوە دەبردرێت، دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ ناساندن و پاراستنی کولتووری کوردی.

هەر لەبارەی ئەم بابەتەوە دکتۆر مەریوان غەفوور، خاوەنی مۆزەخانەکە دەڵێت: ''خەڵک بە هەبوونی شوێنی کەلەپووریی وا دڵخۆشن و زۆر جار بە دیاریکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە لە داپیر و باپیریان بۆیان ماوەتەوە بۆ مۆزەخانەکەمان هاوبەش و هاوکارمان دەبن لە پاراستنی ئەم سامانە میللییەدا، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەشێکی زۆری شتەکان بە پارەی خۆم کڕیومن لەپیناو پاراستنی فەرهەنگی کوردیدا، بۆیە ئێستا مۆزەخانەکەم لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە و منیش وەک هەمیشە لە هەوڵی باشترکردنی مۆزەخانەکە و کۆکردنەوەی کەلوپەلی زیاتر و جۆراوجۆرتردام''.

No description available.

 

No description available.

v

No description available.

 

No description available.