ئه‌شكه‌وتی (زێڕین خان)، یەکێک لە ئه‌شكه‌وتە بەرزەکانی كوردستان و عێراق
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئه‌شكه‌وتی (زێڕین خان)، یەکێک لە ئه‌شكه‌وتە بەرزەکانی كوردستان و عێراق

به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیایی دەڤەری باڵه‌كایەتییەوە چه‌ندین شوێن و ئه‌شكه‌وت و دیمه‌نی سه‌ر‌نجڕاکێش و ده‌گمه‌ن لەو دەڤەرە به‌رچاو ده‌كه‌ون، یه‌كێك له‌وانه‌ش ئه‌شكه‌وتی (زێڕین خان)ـە كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رزایی چیای زێڕین له‌ نێوان هه‌ردوو چیای چیخیده‌ر و چیای هەڵگورد لە ‌سنوورى شارۆچكه‌ى چۆمان، واته‌ له‌ سێگۆشه‌ی باشوور و باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

 به‌ گوته‌ی شاخه‌وانان و گه‌شتیاران، ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ یەکێک لە به‌رزترین و گه‌روه‌ترین و درێژترین ئه‌شكه‌وتەکانی باشووری كوردستان و عێراقه‌ كه‌ درێژییه‌كه‌ی زیاتر له‌ 61 مه‌تره‌ و پاناییەکەیشی له‌ هه‌ندێ شوێن بۆ چوار تا هه‌شت مه‌تر ده‌بێت و به‌رزیه‌كه‌شی لە هەندێ شوێن چوار مه‌تر و له‌ هه‌ندێ شوێنیش یەک مەترە و‌ تاکوو به‌ره‌و كۆتاییەکەی بڕۆی نه‌ویتر ده‌بێته‌وه‌ و دیمه‌نی سه‌رنجڕاكێشی تێدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت.

لەم بارەیەوە زۆسك باڵه‌ك، چالاكى شاخه‌وانی و دانیشتووى قه‌زاى چۆمان، به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: "له‌ گه‌شته‌ شاخەوانییه‌كانماندا ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌شكه‌وت و شوێنی‌ ده‌گمه‌نمان به‌رچاو كه‌وتووە، یه‌كێك له‌وانه‌ش كه‌ زۆرجار سه‌ردانمان كردووه‌ و سه‌رنجى ڕاكێشاوین، ئه‌شكه‌وتی زێڕین خانە کە پێم وایه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌روه‌ترین و درێژترین ئه‌شكه‌وته‌كانی باشووری كوردستان و عێراق. ئه‌م ئه‌شكه‌وته‌ له‌ به‌رزایی نێوان هه‌ردوو چیای چیخیده‌ر و چیای هەڵگورد هەڵکەوتووە كه‌ دوو لوتكه‌ی به‌رزی عێراق و باشووری كوردستانن و له‌ ئاست ڕووی ده‌ریاوه‌ زیاتر له‌ سێ هەزار و 100 مەتر بەرزن''.

ئەو شاخەوانە ده‌شڵێت: "له‌وانه‌یه‌ تا ئێستا خەڵکێکی زۆر کەم چووبێتنە ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌، لەبەر ئەوەی چوون بۆ‌ ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ سه‌خت و ئاسته‌مه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چووبێشن، له‌به‌ر سه‌ختی و به‌رزیی پله‌ی ساردیی ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌ زۆر به‌كه‌می توانیویانه‌ بگه‌نه‌ كۆتایی ئه‌شكه‌وته‌كه‌، جگه‌ له‌وه‌، چه‌ند چاڵێكی تێدایە كه‌ لەوانەیە شوێنی مانه‌وه‌ی ورچ و ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كان بێت، هه‌روه‌ها زۆر ئێسك و پاشماوه‌ی تێدایه‌ كه‌ پێ ده‌چێت هی ئاژه‌ڵان بێت و له‌وێدا بووبنه‌ خۆراكی ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كان، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ دوای هه‌وڵێكی زۆر توانیمان له ‌گه‌شتێكدا بگه‌ینه‌ كۆتایی ناوه‌وه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كه‌ و كۆمه‌ڵه‌ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوه‌وه‌ی ئاشكه‌وته‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنین".

زۆسك باڵه‌ك گوتیشی: "به‌رده‌می ئه‌شكه‌وته‌كه‌ دیمه‌نێكی جوانی هه‌یه‌ و گۆماوێكی جوان و پاكی لێ هه‌ڵده‌قوڵێت و به‌ به‌رده‌وامی به‌فری تێدا ده‌مێنێـته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین جۆگه‌ی ئاوی كانیاوی به‌لادا ده‌ڕوات كه‌ هه‌ستێكی خۆش ده‌داته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌ ده‌كه‌ن و وا ده‌كات مرۆڤ ماندوویەتی خۆی له‌ بڕینی ئەو ڕێگا دوورودرێژە لەبیر بکات''.