وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌

وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ، له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، یه‌كێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كانى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌لایه‌ن شۆفێرێكه‌وه‌ بۆ كارى تایبه‌ت به‌كار هێنراوه‌ و ڕێكارى یاسایی له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌ به‌ر.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22/10/2021، وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شیان بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "هاووڵاتییان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، یه‌كێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كانمان كه‌ تابلۆى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى له‌سه‌ره‌، به‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكى كه‌سى و به‌بێ ئاگاداریی ئیداره‌ى فڕۆكه‌خانه‌، له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ شۆفێران له‌پێناو ئه‌نجامدانى كارى تایبه‌تى و به‌ده‌ر له‌ یاسا و ڕێنوێنى، به‌كار هێنراوه‌".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی فڕۆكه‌خانه‌، به‌پێى یاسا به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها "ڕێكاره‌ یاساییه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ نه‌شیاوه‌ و له‌ یاساده‌رچوونه‌ى فه‌رمانبه‌رى سه‌رپێچیكار ده‌گرنه‌ به‌ر".

شه‌وى ڕابردوو له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ڤیدیۆیه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان بڵاو كرایه‌وه‌، وه‌ك له‌ ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئۆتۆمبێلێك له‌ تابلۆى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى له‌سه‌ره‌، كه‌سێكى به‌ناوبانگى نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ ناوى (حه‌مه‌ جه‌رگه‌) له‌ شوێنى گه‌ڕانه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌وه‌ گواستبووه‌وه‌ شوێنى پێشوازیی فڕۆكه‌خانه‌.