كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نارین فەقێ (پاییزا خەونان) بڵاو دەکاتەوە

نارین فەقێ، خانمە هونەمەندی ڕۆژئاوای کوردستان، لەم چەند ڕۆژەدا نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی (پاییزا خەونان) بڵاو دەکاتەوە.

ئەو گۆرانیبێژەی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە بەر لە بیست ساڵ هاتووەتە نێو بواری هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی و، سەبارەت بە بەرهەمە نوێیەکەیشی ڕایگەیاند: ''بەپێویستم زانی بەرهەمێکی نوێ بە ناوی (پاییزا خەونان) پێشکەش بە هەوادارانی خۆم بکەم کە تێکستەکەی مامۆستا ئەدیب چەلکی نووسیویەتی و ئاوازەکەشی لەلایەن ئاوازدانەری نەمر، مامۆستا زاهد بریفکانییەوە دانراوە''.

نارین فەقێ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە (پاییزا خەونان) پرۆژەیەکی نوێ نییە و ماوەیەکی زۆر کاری لەسەر کردووە و ڕایگەیاند: ''حەزم کرد ساڵی ٢٠٢٠ بۆ من ببێتە ساڵی ئافرەتی کورد و ساڵی زمان و ئەدەبیات، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارم دا بەرهەمەکانی ساڵی ڕابردووم بۆ ئافرەت و پاراستنی ئەدەبیات و زمان و موزیکی کوردی بێت، بۆیە (پاییزا خەونان)م دوا خست بۆ بیستەمین ساڵی هاتنی من بۆ نێو هونەری کوردی''.

گوتیشی: ''کارە هونەرییەکانی ئەم بەرهەمە هاوسەرەکەم، موزیکژەنی ساز، عەلی شاکر کردوویەتی و موزیک و دەنگەکەی لە وڵاتی سوید تۆمار کراوە و میکس و ماسترینگی لەلایەن کاک مەهدی نووری و کاک محەمەدەوە لە تۆن ستۆدیۆی شاری دهۆک ڕێک خراوە و کلیپی گۆرانییەکەش لە باکووری کوردستان و وڵاتی سوید بە شێوەیەکی مۆدێرن لەلایەن دەرهێنەری بەتوانا، هەژار دهۆکییەوە تۆمار کراوە''.