بنەمای حکوومەتی داهاتووی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 21/10/2021

بنەمای حکوومەتی داهاتووی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بە جۆرێک کە کورسی لایەنە کوردستانییەکان زیادی کرد، واتە بەپێی ئەو دەرئەنجامەی لەلایەن کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاو کراوەتەوە، کۆی ئەو کورسییانەی لایەنە کوردستانییەکانی توانیویانە بەدەستی بێنن، بریتین لە (٦٣) کورسی.

ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی کورسییەکانی لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨دا، پێنج کورسیی زیاد کردووە، واتە لە هەڵبژاردنی پێشوو لایەنە کوردستانییەکانی (٥٨) کورسیی پەرلەمانییان بەدەست هێنابوو. لەکاتێکدا ئەو لایەنە عەرەبیە شیعانەی لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش ڕووی سوپای عێراقیان بەرەو هەرێمی کوردستان و ناوچە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وەرگێڕا، لەپێناو نیشاندانی خۆیان وەک پاڵەوانی سەرکەوتنەکان و پارێزەری یەکێتیی خاک و گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند لە ناوچەکانی پاشماوەی داعش، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکان بە جۆرێک کەمی کردووە جێگەی سەرسوڕمانە!

ئەوەتا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ ژمارەی کورسییەکانی (٤٢) کورسی بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بە هاوبەشی لەگەڵ عەمار حەکیم لەژێر ناوی هاوپەیمانییەک بەناوی (دەوڵەت) تەنیا توانیویانە (٤) کورسی بەدەست بێنن، هاوپەیمانیی فەتحیش بە سەرۆکایەتیی هادی عامری ژمارەی کورسییەکانی لە (٤٧) کورسییەوە بۆ (١٧) کورسی کەم بووەتەوە.

ئەم بارودۆخەش، ئەو ڕاستیە نیشان دەدات کە ئەمانە ناتوانن وەڵامدەرەوەی خەم و خواستەكانی شەقامی عێراقی بن، بۆیە گەل بەم شێوەیە سزای ئەو هێزانە دەدات. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی سەدر لە (٥٤) بۆ (٧٢) کورسی، هەروەها دەوڵەتی یاساش کورسییەکانی لە (٢٥)ەوە بۆ (٣٥) کورسی بەرز بووەتەوە.

لێرەدا دەربارەی چۆنیەتیی هەڵسوکەوتکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەر هاتووەتە ئاراوە، چەندین پرسیار بە شێوازی جۆراوجۆر بەرەو ڕوومان دەبنەوە لەوانە؛ ئایا حکوومەتی داهاتووی عێراق لەسەر چ بنەمایەک دروست دەبێت؟ یان ئایا چ لایەنێک دەتوانێت گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێکبێنێت بۆ دروستکردنی حکوومەتی داهاتوو، ئایا بەشداریی لایەنەکان بە پێوەری ژمارەی کورسییەکان دەبێت یانیش لەسەر بنەمای هێز و دەستڕۆیشتوویی لایەنەکانە؟ یاخود ئیرادەیەکی دەرەکی دەسەپێنرێت بەسەر لایەنە عێراقییەکان لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوودا. ئەمانە ئەو کۆمەڵە پرسیارەن کە دەبێ لایەنە کوردستانییەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی زۆر بەوردی دیراسەیان بکات، بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بیانگونجێنێت.

لەبەرئەوەی ئەزموونی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت لە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ ئەوەی سەلماندووە کە هەموو ئەگەرەکانی دەرئەنجامی ئەم پرسیارانە کراوەن بۆ دوای هەڵبژاردن، بۆیە نابێ هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە بەستنی هاوپەیمانی بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی.
سەرەڕای ئەو پرسیارانەی سەرەوە، بابەتی گرنگتر لەو پرسیارانە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە چۆن لایەنە کوردستانییەکان دەچنە بەغدا؟ ئایا بەو پەرتەوازییەکی کە لە خولی رابردوودا هەبووە، یانیش هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی کوردستانی؟

ئەگەرچی ئاستی جیاوازی و ناکۆکی نێوان لایەنە کوردستانییەکان بەو جۆرە نییە کە نەتوانن خۆیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەكدا ڕێک بخەن بۆ ئەوەی لە بەغدا بتوانن لە ڕووی گوتار و کردارەوە بەهێز دەربکەون، بەڵام لە هەمان كاتدا، سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان تا ئێستا ئەوەی بەدی دەکرێت بریتییە لەوەی ڕوانگە و دونیابینییان بۆ چۆنیەتیی سیاسەتکردن لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و لایەنە عێراقییەکان وەکوو یەک نییە، واتە هەندێکیان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە پرسەکە دەڕوانن، ئەمەش پڕۆسەکە ئالۆز و ئەستەمتر دەکات.

کەواتە ستراتیژیەتی لایەنە کوردستانییەکان دەبێ لەسەر بنەمای دوو خاڵی سەرەکی بێت لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە دوای هەڵبژاردن، یەکەمیان جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی چ لایەنێک دەتوانێت زۆرترین بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێکهێنانی حکوومەت لەبەرچاو دەگرێت و لە کارنامەکەشیدا شوێنی هەرێمی کوردستان چۆنە، واتە بە چ شێوەیەک داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتدا جێگەی کراوەتەوە. دووەمیان هەموو هەوڵەکان لەپێناو کۆکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەک بخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی ببێتە چوارچێوەی هاوبەشی کارکردنی لایەنە کوردستانییەکان.