كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كێشەی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون له‌ هه‌ولێر چارەسەر كرا و مافی به‌شداربووان گه‌ڕێندرایه‌وه‌

 سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەینێت، لە كابینەی نۆیەم بەڵێنێك بە بەشداربووانی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون درا و ئەمڕۆ بەڵێنەكەیان بەجێ گەیاند.

د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: " پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون كە 12 ساڵ بوو لە كار كەوتبوو، تەواو نەدەكرا، ئێمە كێشەكەمان چارەسەركرد، لە ماوەی رابردوودا بە وەبەرهێنەرێكمان دابوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئۆكتۆبەری 2021 خەڵك لە نێو پڕۆژەكە نیشتەجێ كرا".

ئەوەی خستەڕوو، ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەی  پێشووی نیشتەجێبوونی مەم و زین بوو، كە دوای ئەوەی درایە وەبەرهێنەری نوێ ناوەكەی بۆ لایڤ تاوەرز گۆڕدرا.

محەمەد شوكری گوتیشی: "لە پڕۆژەی پێشووی مەم و زین، زیاتر لە 450 هاووڵاتی مافیان پێ نەدرابوو، لەو پڕۆژە تازەیە مافی خۆیان وەرگرتەوە".

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی ئاماژەی بەوە دا: " لەو كابینەیەدا بەڵێنمان بەو خەڵكەدا كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەین، بەڵێنی خۆمان بردەسەر و كێشەكەمان چارەسەركرد و مافی خەڵكمان وەرگرتەوە".

پڕۆژەكە لە رێگەی موسڵ نزیك شەقامی 120 مەتری هەولێرە، بە گشتی هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە خۆ دەگرێت، 500 یەكەی تەواو بووە و 500 یەكەی تریش چەند مانگێكی تر تەواو دەبێت.

لای خۆیەوە سەردار ئازاد، شارەزای بواری خانووبه‌ره‌ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: " ئەو خەڵكەی لە پڕۆژەی پێشووی مەم و زین مافیان بۆ گەڕێندرایەوە و ئێستا لەو پڕۆژە تازەیە قازانجیش دەكەن و پارەی باشتریان دەست دەكەوێت، هەیە 50% قازانج دەكات".

ئەوەشی گوت: "حكوومەت كارێكی باشی كرد ئەو پڕۆژە وەستاوەی تەواو كرد، پڕۆژەكە سیمایەكی جوانی وەبەرهێنانی بەخشیوەتە هەولێر و خەڵكیش مافیان بۆ گەڕێندرایەوە".