كابینەكەی عەبادی.. بەرەڵایی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیراندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 21/10/2021

كابینەكەی عەبادی.. بەرەڵایی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیراندا

بەشی سێیەم

لەم بەشەی ئەم وتارەدا، ھەندێك زانیاریی تری ناو كتێبەكەی حەسەن جەنابی (الدولة العقيمة) واتە دەوڵەتی نەزۆك یان زڕدەوڵەت دەخەمە ڕوو كە خۆی لە كابینەكەی حەیدەر عەبادیدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاو بووە، یەكێكیان پەیوەندیی بە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ھەیە، ئەوی تریان پەیوەندیی بە نووسینگەی حەیدەر عەبادی و تیمی نووسینگەكەی خۆیەوە ھەیە. ئەو حەیدەر عەبادییەی كە لە چوارەمین ساڵوەگەڕی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەردا، كۆمەڵێك ناماقووڵیی بەرامبەر كورد كرد و خۆی وەك پیاوی دەوڵەتمەدار و پیاوی چەسپێنەری یاسا خستە ناو بازاڕی سیاسەتەوە.

حەسەن جەنابی دەڵێت: ”لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیراندا كە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران و سەرپەرشتیی ئەو كۆبوونەوانەی دەكرد، لە كاتی گفتوگۆكردندا بەردەوام بەشێك لە وەزیرەكان گفتوگۆی ئەو بابەتانەیان دەكرد كە نە خۆیان ھیچیان لێ دەزانی و نە لەڕووی یاساییشەوە ئیشی وەزارەتەكانی ئەوان بوو، ھەندێك لە وەزیرەكان لەسەر ھەموو بابەتێك قسەیان دەكرد وەك: ئاساییش، وزە و نەوت، سیاسەت، ئاو، بازرگانی، كار، ڕێگەوبان، گەیاندن“.

جەنابی دەنووسێت: ”ھەر بۆ نموونە لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی پیسبوونی بەشێك لەو ئاوە دەكرا كە لە ئێرانەوە دەڕژایە ناو (شط العرب)، من وەك پسپۆڕ و وەزیری وەزارەتی تایبەتمەندی ئەو بوارە، داوای تەنیا بڕی 350 ملیۆن دینارم كرد بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، كەچی حەسەن ڕاشد كە وەزیری پەیوەندی و گەیاندن بوو ئەم بابەتە نە پەیوەندیی بە پسپۆڕیی ئەو ھەبوو نە پەیوەندییشی بە وەزارەتەكەیەوە ھەبوو، ھەر لە خۆیەوە ھەڵی دایە و ھاتە ناو گفتوگۆكە و تەنیا لەبەر ئەوەی لەڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە سۆزی بۆ ئێران ھەبوو گوتی ئەو ئاوەی كە لە ئێرانەوە دێت بۆ ئەو شوێنە پیس نیە! چونكە من خۆم ھەفتانە بۆ ڕاوەماسی دەچم بۆ ئەو شوێنە!“.

حەسەن جەنابی، درێژە بە گێرانەوەی ماجەرای ئەو كۆبوونەوەیە دەدات و دەنووسێت: ”منیش بە حەسەن ڕاشدم گوت ئەو شوێنەی تۆ باسی دەكەیت و ھەفتانە دەچیت ڕاوەماسیی لێ دەكەیت، ئەوە ئەو شوێنە نیە كە ئێمە باسی دەكەین! كەچی ئەو ھەر لەسەر ئەم ھەڵەیەی خۆی پێداگر بوو، كار گەیشتە ئەوەی كە منیش پێم گوت دە كەواتە تۆ واز لە وەزارەتەكەی خۆت بھێنە و وەرە شوێنی من و تۆ ببە بە وەزیری سەرچاوەكانی ئاو“.

لە شوێنێكی تری كتێبەكەیدا و ھەر سەبارەت بەم كەس بەكەسنەبوونەی كابینەكەی حەیدەر عەبادی، حەسەن جەنابی دەڵێت: ”بە ھۆی كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوە و تەنانەت پیسبوونی ئاوی خواردنەوە لە بەسرا و ژاراویبوونی 100 ھەزار كەس بەھۆی خواردنەوەی ئاوی پیس و ئینجا بەرپابوونی خۆپێشاندانەكانی بەسرا و دوای ئەوەی كە عەبادی زۆر درەنگ لە ترسناكیی بارودۆخەكە تێگەییشت چوو بۆ بەسرا، دوای ئەم سەردانە ھەستا لیژنەیەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەسرا دانا كە نزیك بوون لە خۆی و نووسینگەكەی، بەڵام پلە و پۆست و شارەزایی ھیچ یەكێك لەو كەسانەی ناو ئەو لیژنەیە ھی ئەوە نەبوون كە بە بەرپرسیارێتی و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە ترسناكەی بەسرادا بكەن و چارەسەری كێشەكانی بەسرا بكەن“. دە ئینجا سەیر كەن:

1- گفتوگۆكانی ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران كە عەبادی سەرۆك وەزیران و سەرپەرشتیی ئەو كۆبوونەوانەشی كردووە، بووە بە بەرەڵایی و بەشێك لە وەزیرەكان نەشارەزایانە و كاك حەمەدی! چیان ویستبێت و لە دەرەوەی پسپۆڕی و شارەزایی خۆیشیان بووبێت باسیان كردووە، بێ ئەوەی عەبادی ھیچ ڕۆڵێكی لە دانانی سنوورێك بۆ ئەو بەرەڵاییەی ناو ئەو كۆبوونەوانە ھەبێت، لە كاتێكدا سەرۆك وەزیران دەبێ زەبت و ڕەبتی كۆبوونەوەكان بكات و بپارێزێت و لە چوارچێوەی ئەجێندا، تەوەرو بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە، پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران و كاتی تەرخانكراو بۆ كۆبوونەوەكە، وەزیر و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكان زەبت بكات.

2- لە مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكانی بەسرادا، عەبادی ھاتووە لە نووسینگەكەی خۆی و لە نزیكەكانی خۆی لیژنەی بۆ چارسەری كێشەكانی بەسرا دروست كردووە، كە ھیچ یەكێك لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە نە پلە و پۆستەكەی و نە شارەزاییەكەی ھی ئەوە نەبووە كە بە شێوەیەكی بەرپرسانە و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشانەدا بكات.

كەواتە لێرەشدا عەبادی پێچەوانەی گیانی كاری یاسایی حكوومی جووڵاوەتەوە، چونكە ھەر كێشەیەك ئەمنی بێت یان خزمەتگوزاری، وەزارەت و دامەزراوەی حكوومیی پسپۆر و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە بۆ لێكۆڵینەوە و چارەسەر. ئنجا ئا ئەم حەیدەر عەبادییەی ئوستازی بێ زەبت و ڕەبتی و ئوستازی پشتگوێخستنی دامەزراوەكانی حكوومەت و ئوستازی گوێنەدان بە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا، دێت و لە ساڵوەگەڕی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەردا بە كۆمەڵێك ناماقووڵیكردن بەرامبەر بە كورد، دەیەوێت وانەی فێربوونی یاسا و پابەندبوون بە یاسا و وانەی دەوڵەتمەداری بە كورد بڵێتەوە.

لە بەشی چوارەم و دوابەشی ئەم وتارەدا، لە كتێبەكەی حەسەن جەنابی دەردەچم و دەچمە سەر ئەوەی كە یەكێك لە دەزگا فەرمیە گرنگ و ھەستیارەكانی عێراق چیی بە حەیدەر عەبادی گوتووە؟ چونكە ئیتر حەیدەر عەبادی خۆی گەیاندە ئەوەی كە قسەی ئەو دەزگا گرنگەی عێراقیشی وەبیر بھێنرێتەوە!